دەنیز گەزمیش.. بانگی ئازادیی و پێکەوەژیانی گەلان لە تورکیا

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ، ٥٢ ساڵ تێدەپەڕیت بەسەر لە سێدارەکانی چەپڕەوی تورک و دۆستی کورد دەنیز گەزمیش و دوو هاوڕێیدا، کە لە بەرامبەر عەقڵییەتە نەتەوەپەرستییەکەی تورک ئارتەشی ڕزگاریی دامەزراند و لە کاتی لەسێدارەدانییدا هاواری ئازادیی کرد و دوا وتەی پێکەوەژیانی گەلی کورد و تورک بوو.

دەنیز گەزمیش، چەپڕەوی تورک، لە ٢٨ـی شووباتی ١٩٤٧، لە ئەنقەرە لە دایکبووە، هەرچەندە بە پێی ڕەگەزنامەیان خەڵکی ناوچەی ئیکیزدەرەی پارێزگای ڕیزەی تورکیان، بەڵام باوکی لە شاری ئەرزڕۆمی باکووری کوردستان لە دایکبووە.

بە هۆی کۆچکردنی باوکی بۆ شاری سێواسی باکووری کوردستان، دەنیز گەزمیش خوێندنی سەرەتایی لەو شارە تەواو دەکات و دواتر بۆ خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی دەچێتە ئەستەنبوڵ، لە دواناوەندیدا بە بیری چەپ و سۆسیالیزم ئاشنا دەبێت و تێکەڵ بە بزووتنەوەی چەپی تورکیا دەبێت و بە زوویی دەبێتە یەکێک لە پێشڕەوانی بیرۆکەی چەپی “مارکسیست- لێنینیستی” هەر لە ئەستەنبوڵ کۆلێژی یاسا تەواو دەکات و لەوێ بزووتنەوەی چەپی سۆسیالیستی دادەمەزرێنێت.

ناوبراو کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەستەنبوڵ تەواو دەکات و لە دەیان چالاکی بزووتنەوەی خوێندکاران و چەپی پێشڕەوی دەیەی شەستی ڕابردوودا لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا دا بەشداری چالاکانەی دەبێت و هەر لەم ساڵانە دا وەک یەکێک لە ڕێبەرانی گەنجی بزووتنەوەی چەپ دەناسرێت.

لە ١٢ـی ئاداری ١٩٧١ـدا، کە سوپای دەوڵەتی تورک “کودەتا”یەکی سەربازیی ئەنجامدەدات، دەنیز گەزمیش و هاوڕێکانی گۆڕەپانی چالاکیی سیاسییان لێ بەرتەسک دەکرێتەوە، پاش چەند مانگ ئامادەکاریی ڕوو لە فەڵەستین دەکات و خولی پەروەردەی سەربازیی گەریلایی دەبینێت، لە بەهاری هەمان ساڵدا “ئەرتەشی ڕزگاریی گەلی تورکیا” دادەمەزرێنێت و بە مەبەستی تێکەڵبوون لەگەڵ تەڤگەری تازە پێگەشتووی کورد و دەستپێکردنی شەڕێکی چەکدار دژ بە دەسەڵاتی کودەتاچی و دژە ئازادیی، لە ئەستەنبوڵەوە ڕوو دەکاتە ئەنادۆڵ و کوردستان.

بەڵام دوای حەوت ساڵ کارکردن بۆ ئازادیی گەلانی تورکیا و پێکەوەژیانیان، لە سێواسی باکووری کوردستان دەستگیر دەکرێت، لەو کاتەشدا تورکیا لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانییەوە بەڕێوەدەبرێت و هەوڵدەدەن هەموو بزووتنەوە چەپڕەوەکان لەناوببەن، بۆیە لە دادگاى ئەنقەرە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنن.

لە ٦ـی ئایاری ١٩٧٢ـدا، “دەنیز گەزمیش”ـی ٢٥ ساڵان و دوو هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی “یوسف ئەسڵان و حسێن ئینان” لەسێدارە دران.

دواجار ئەشقی ئازادیی و پێکەوەژیانی گەلانی تورکیا و خۆشەویستەییەکەی بۆ کورد، گەیاندنی بەو باوەڕییەی لە کاتی چوونی بۆسەر پەتی سێدارە و لە کۆتا وتەکانییدا بە دەنگیكی بەرز بڵێت:

بژی تورکیای تەواو سەربەخۆ

بژی مارکسیزم- لێنینیزم

بژی کرێکاران، بژی برایەتی گەلانی تورک و کورد

بمرێ ئیمپریالیزم

ب. جـ

Comments are closed.