یونس ڕاوی: پارتە ئیسلامییەکان پشتگیری لە ئەردۆغان و بازرگانی بە دینەوە دەکەن

بڕوا ئەسعەد

مەترسی ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان گەییشتووەتە ئاستێک، بە ئاشکرا لە تەواوی کوردستاندا دژایەتی گەلی کورد و سەرکەوتنەکانی دەکەن، نووسەرێکی کوردیش دەڵێت: حزبە ئیسلامییە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان لە نەفرەتی خەڵک ناترسن، بەڵام لە نەفرەتی ئەردۆغان دەترسن.

ئەو نووسەرە کوردە، کە شارەزای مێژووی  ئیسلامی سیاسی و کردەوە نا مرۆڤانە و نا ئیسلامیەکانیانە، گومانی هەیە لەوەی سەرۆکی حزبە ئیسیلامیەکان لە بنەڕەتدا موسڵمانبن و نزا دەکات ڕێگای ڕاست بگرنە بەر.

نووسەر دکتۆر یونس ڕاوی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لە گەڵ ڕۆژنیوز، بە وردی تیشک دەخاتە سەر دەمارگیری ئیسلامی سیاسی و بە تایبەت مەترسی ئیخوانەکان لە ناوچەکەوە بە تایبەتیش هەرێمی کوردستان، ڕاوی داوا لە حکومەت دەکات مەترسیەکانی ئیخوان ببینن، چونکە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فکری داعشن لە نێو کۆمەڵگەدا، هاوکات ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ئیخوانیەکانی هەرێمی کوردستان لە پێناو پارە و دەسەڵات و کورسی، پشتیوانی لە بکوژێکی وەکوو ئەردۆغان دەکەن و دژایەتی گەلی کورد دەکەن.

“ئیسلامی سیاسی پڕۆژەیەکی هاوچەرخی جیهانییە”

دکتۆر یونس ڕاوی لە پێناسەی ئیسلامی سیاسیدا، لە ناوچەکە و چۆنێتی دروستبوونیان دەڵێت: ئیسلامی سیاسی پڕۆژەیەکی هاوچەرخی جیهانییە، سەرەتا بەریتانییەکان توانیان وەهابیەت درووست بکەن، بە هەماهەنگی بنەماڵەی بەنی سعود، کە دەسەڵاتداری سعودیەن، پاشان هەواڵگری فەڕەنسا توانی ئیخوان موسلمین لە مسر دروست بکات، دواتر لق و پۆپی لێکەوتەوە، لە بەر ئەوەی سەردەمێک بوو وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە ژێر داگیرکاری عوسمانییەکان بوو، هەواڵگری بەریتانیا و فەڕەنسا لە پێناو پەرتەوازەکردنی موسوڵمانان و تەکفیرکردنی یەکتر، ئیسلامی سیاسیان دروست کرد.

هەر لە پێناسەی ئیسلامی سیاسی و ئامانجەکانیان یونس ڕاوی ئاماژەی بەوەشدا: نەبوونی پارتی ئیسلامی پێوستە لە بەر ئەوەی بوونیان زیانگەیاندنە بە خۆیان، هەمان کات زیانە بۆ خەڵک و نەفرتێکی ئیلاهیە، بە سەریانەوە، چوونکە بازرگانی بە دینی خوداوە دەکەن، بە ناوی خوداو و نوێنەری خوداوە خۆیان دەناسێنن، هەر بە ناوی خوداوە واژۆ دەکەن.

لە باشووری کوردستان، چوار پارتی سەلەفی هەیە، لە پێناو خەڵکدا پێویستە کە نەبن، ئێستا لە توانەوەدان، لە بەر ئەوەی خەڵک لێیان تێگەیشت، هەر ئەوەی عەبدولفەتاح سیسی کردی لە مسڕ لە بەرامبەر ئیخوانیەکان ئیرادەیەکی ئیلاهی بوو، لە ئێستاشدا دەستەی زانایانی گەورەی ئیسلامی بڕیاریداوە، ئیخوانەکان موسوڵمان نین، گرفتەکە لەوەدایە کورد تازە دەست دەگرێت بە ئیخوانەوە بە هەڵەو نەخوێندەواریەوە، بە داخەوە حکومەتی هەرێم پشتگیریان دەکات، لەبەر کەمزانی، چوونکە ڕاوێژکارەکانی حکومەت لە بارەی فکرەوە هیچ نازانن، پێشیان وایە ئەگەر حزبە ئیسلامیەکان نەمێنن، خەڵک لێیان دەبنە دژ، بەڵام ئەگەر سەیر بکەین ئەم ئیسلامیە سیاسیانە لە هەرێمی کوردستان چی خێرێکیان هەبووە جگە لە خۆ دەوڵەمەندکردن، ناردنەوەی دەرەوەی منداڵەکانیان بۆ خوێندن لە وڵاتانی دەرەوە و هێنانی چوار ژن.

بە سورەتەکان کۆمەڵکوژ دەکرێین، بەڵام تەنها سەرقاڵی خوێندنی سورەتی فاتیحاین لەسەر مردووەکانمان

لە بارەی پەیوەندی ئیسلامی سیاسی باشووری کوردستان بەوانەی دەرەوەی کوردستان، بە تایبەتی ئەردۆغان و ئیخوانیەکانی تورکیا، نوسەر یونس ڕاوی دەڵێت: ئاکەپە پارتێکی ئیخوانیە، لای ئەوان ئاساییە مرۆڤ سەلەفی بێت یا شیعە یان هەر ڕەوتێکی دیکە بێت، بە کرێگیراو و کۆیلە پەیدا دەکات، بۆیە خەڵکانێكیش دێن سواڵ دەکەن بۆ دەنگ، لە کاتێکدا کابرایەکی وەکوو ئەردۆغان دژی هەبوونی کوردە، نەک لە چیاکانی کوردستان بەڵکوو لە ڕۆژئاوای کوردستانیش دژی کوردە، هیچ نەما نەیکات لە دژی عەفرین لە ژێر ناوی سورەتی فەتح.

تیشکی خستە سەر ئەوەی، زانا و پێشەواکانی ئیخوان پێیان وایە کورد جنۆکەیە، تەنانەت مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیشیان لە گەڵ ئەنجام نەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیخوانەکان هەتا ئەو کاتەی هێزیان نییە دەبن بە هاوڕێت، ئەو کاتەی هێزیان هەیە ڕەحمت پێ ناکەن، ئەوە هەمیشە دووبارە بۆتەوە، بۆ نمونە شیعەکان بەناوی سورەتی نەسڕ شەڕی کوردیان کرد، سەدام حسێن لە دژی کورد سورەتی ئەنفالی بە کارهێنا، ئەردۆغانی تیرۆریستی نێودەوڵەتی، سورەتی فەتحی بەکار هێنا، کوردیش تەنیا سەرقاڵی خوێندنی سورەتی فاتیحایە لە سەر مردوەکانی.

تەنیا کورد ئاینی بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی بەکارنەهێناوە

ڕاوی ئەوەش دەڵێت تەنیا کورد ئاینی بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی بەکار نەهێناوە، ئەوانەی باسم کرد هیچیان لە قورئان و دینی ئیسلامم جێگەیان نابێتەوە، چوونکە هیچیان لە گەڵ مرۆڤایەتی یەک ناگرنەوە، کاتێک پاشای نەجاشی کۆچی دوایکرد کە مەسیحی بوو، پێغەمبەر نوێژی نا ئامادەی لە سەر کرد، لە بەر ئەوەی خوای گەورە دەفەرموێت  پێغەمبەر ڕەحمەتە بۆ جیهانیان، کەواتا ئەنجمادانی هەموو توندتیژیەک دژی ئەو ئایەتەی خوای گەورەیە، بەڵام ئیخوانیەکان دین بە کار دەهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان دژ بە کورد، تەنانەت کورد نەیتوانیوە ئاین لە بەرژەوەندی خۆشی بەکاربهێنێت، خودا عەقڵی پێداوین دینیشی بۆ ناردوین، بۆ ئەوەی سودی لێ وەربگرین، کەچی بە پێچەوانەی ئەوەوە، دەڵێن دەبێت خزمەتی دین بکەین، لە کاتێکدا دین بۆ خزمەتی ئێمەیە.

وتیشی لە دوای حوجرە و خانەقا کە ڕاستەقینەی دینی ئیسلامی کوردیە، پارتە ئیسلامییەکان و سەلەفی و وەهابیەکان، هیچیان کوردی نین، هەموویان دەستی دەرکین و پارە لە دەرەوە وەردەگرن، هەر لە سەرەتا مێژووی ڕابیتەی ئیسلامیەوە بە ناوی مزگەوت دروستکردنەوە هاتن، کاتێک گۆشتیان دابەش دەکرد کەسێک سەر بە خۆیان نەبوایە پێیان نەدەدا.

ئەو نووسەرە کوردە زیاتر ڕووی ئیسلامی سیاسی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: پارتە ئیسلامیەکان تەناتەت باوەڕیان بە ئاڵای هەرێمی کوردستان و سروودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیبیش نییە، بەڵام سەلەفیەک لە هندستان بە برای خۆیان ناو دەبن، بەڵام کوردێک لە بەر ئەوەی موسوڵمانێکی سادەیە و لە سەر عەقڵییەتی ئەوان نییە بە کافر و فاسق ناوی دەبەن، ئەوان لە بەر ئەوەی سۆزی ئاینی حزبی زاڵە بە سەریاندا، کوردێکی باکووری کوردستان بە برای خۆیان نازانن، ساڵانی ڕابردوو کە مورسیان ناردە دۆزەخ، لێرە بۆ مورسی دەگریان، بۆ شەڕی غەزە و فەڵەستین دەگریان، بەڵام بۆ عەفرین بێ دەنگبوون، تەنانەت پشتیوانیان لە ئەردۆغان دەکرد، بۆ داگیرکردنی عەفرین، ڕێکخستنە سیاسیەکەیان وایە، من گومانم هەیە سەرۆکی حزبە ئیسلامیەکان و ڕەمزی سەلەفیەکان لە جیهاندا باوەڕیان بە خودا هەبێت، نانەکەیان لە سەر جەهالەتکردنی خەڵکە.

“لە نەفرەتی گەلی خۆیان ناترسن، بەڵکوو لە ئەردۆغان دەترسن چوونکە نانەکەیان دەبڕێت”

سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە لە نەفرەتی خەڵک ناترسن، بەڵام لە نەفرەتی ئەردۆغان دەترسن، چوونکە ئیتر نانەکەیان دەبڕێت، حزبە ئیسلامییەکان و ڕەوتەکانی سەلەفی و ئەشعەری لە دژی شکۆی موسوڵمانن، ئەوەی خەڵک هەیەتی ئیمان و خاکەکەی و نەتەوەکەیەتی، ئەوش بە بەش بەشکراوی، دابەشبونی کوردستانێش لە شەرانگێزی سەڵاحەدینی ئەیوبیەوە سەرچاوە دەگرێت، لە بەر ئەوەی سەڵاحەدین بەهۆی زۆری هەژماری سەربازەکانیەوە توانیەی بچیێتە ناو قودسەوە بیگرێت، کاتێک پاپای ڤاتیکان ئەوە دەزانێت کە سڵاحەدین کوردە، بڕیار دەدات بیکاتە چوار بەشەوە، هەمانکات سەڵاحەدین ئەیویبی، جگە لە موسوڵمانان کەسی نەکوشتووە، وەکوو کۆمەڵکوژکردنی شیعەی ئیسماعیلی لە وڵاتی مسڕ، کۆتایی پێیان هێنا ئێستا یەک ئیسماعیلی لە مسڕ نییە، ئێستا ئیسلامی سیاسی شانازی بە سەڵاحەدینی ئەیوبیەوە دەکەن.

یونس ڕاوی لە بارەی سەرکردە و ڕێبەرانی گەلی کوردەوە دەڵێت: دەمیرتاش و ئۆجالان لەبەرئەوە لە زیندانن، کە خودا بە کوردی دروستی کردوون، کوردبوون بۆ ئێمە بووە بە نەفرەتی، نەفرەتیێکیش کە خودخۆریە، ئەگەر کورد یەک دەست و یەک دەنگبێت کەس پێی ناوێرێت، لە ڕیواتەکاندا باس دەکرێت کورد گەلێکی بە هێزە، بۆ نموونە یەپەژە بوو بە یەکەم هێزی ژن لە سەر ئاستی هەموو جیهان، لە ئازایەتیدا، ئەمە جێگای شانازیە.

“ئیسلامی سیاسی بەرەو پوکانەوە دەچێت”

وتی سێ حزبی ئیسلامی لە باشووری کوردستان هەیە، هەرسێکیان سونەن و خودا و پێغەمبەر و ئایینیان یەکە، بۆچی نابن بە یەک ئەگەر بەرژەوەندی دەسەڵات و کورسی و پارە نەبێت، پێشتر ئیسلامی سیاسی زۆر بەهێزبوون ئێستا خەڵک تێگەیشتووە بۆیە ئیسلامی سیاسی پووکاوەتەوە، بۆ نموونە کۆمەڵ ئیسلامیەکەی لێ کردەوە لە ناوی حزبەکەی زانی ئیتر پارە ناکات لای خەڵک، خوای گەورە ڕەحمیان لێ بکات و هیدایەتیان بدات بۆ ئەوەی چیتر نەکەونە بەر نەفرەتی ئیلاهی.

هەبوونی حزبی سیاسی ئیسلامی، تەنها زیانگەیەیاندنە بە خودی ئاینەکە

نووسەر و یونس ڕاوی لە کۆتای قسەکانیدا باسی لە مەترسیەکانی ئیسلامی سیاسی کرد وتی: دەبێت حکومەت لەوە تێبگات هەبوونی حزبی سیاسی ئیسلامی، تەنها زیانگەیەیاندنە بە خودی ئاینەکە، پەرت و بڵاوەکردنە بە خەڵک، لە ئەنجامدا هیچ سودێک ناگەیەنن، لە هەرێمی کوردستان پەروەردە کەوتۆتە دەستی ئیخوان،  ئێستا سەلەفی و ئیخوانەکان فێربوونە لەچکی ژنەکەی ئەردۆغان دەکەنە سەر منداڵانی کچ، ناویان ناوە تاجی زێڕین، ژنی کورد لە مێژوودا بە ئەگریجەکانیانەوە ناسراون و شاعیرانی کورد بە سەریاندا هەڵداون، لەم سلێمانیە وایان لە منداڵ کردووە بە شەڕواڵی کورتەوە بگەڕێتەوە ماڵەوە دایک و باوکی تەکفیر بکات، دەیان خێزانیان هەڵوەشاندۆتەوە، سەرقاڵی دروستکردنی جیلێکن لە داعش لە ناوخۆی کوردستان.

ش. ئـ

Comments are closed.