هەدەپە و پارتی چەپی سەوز: دەبینە ئیرادەی گۆڕانکاریی

هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز، کلیچگون ئۆسار و ئیبراهیم ئاکین، تیشکیان خستەسەر گۆڕینی ڕژێمی تاکەکەسی تورکیا و ڕایانگەیاند، ئێمە  دەبینە ئیرادەی گۆڕانکاریی و درێژە بە پێشەنگایەتی تێکۆشانی دیموکراسی دەدەین.

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە میتحەت سانجار و هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز کلیچگون ئۆسار و ئیبراهیم ئاکین، لەبارەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و تێیدا ئیبراهیم ئاکین قسەیکرد.

ئاکین دەستنیشانی کرد، کە لەبەرامبەر ستەمی ڕژێمی تاکەکەسی ئەردۆغان، بە ناو هەڵبژاردنێکی نایەکسان و نادادپەروەرانەدا تێپەڕین، ئەردۆغان و ئاکەپە، هەموو دەرفەت و توانست و هێزی دەوڵەتیان خستە خزمەتی خۆیانەوە، ئێمە بە سیاسەت و ستراتیژییەتی خۆمان لە گەڕی یەکەمدا ئەردۆغانمان وەستاند، لەگەڕی دووەمیش بە ئامانجی گۆڕینی ئەو ڕژێمە هەمان سیاسەتمان بەڕێوەبرد، کاتێک دەنگی سندوقەکانیش ئاشکرابوو، دەرکەوت کە گەل بە باوەڕیی و ئیرادەیەکی بەهێزەوە پێشوازی لەم سیاسەتە کردووە، ئەردۆغان لە ١٦ پارێزگا کە زۆرینەی کوردن، شکستیهێناوە و دەنگی پێنەدراوە.

لە کۆتاییدا ئاکین وتیشی: ئێمە لێرەین هەم لە پەرلەمان هەم لەهەموو مەیدانەکان دەبینە ئیرادەی گۆڕانکاریی، درێژە بە پێشەنگایەتی تێکۆشانی دیموکراسی دەدەین، سیاسەتێکی دیموکراتیک بەڕێوەدەبەین و فراوانی دەکەین، دەست لەم ڕێگایە بەرنادەین، لەگەڵ گەلی خۆمان بە تێکۆشان سەردەکەوین.

ب.گ

Comments are closed.