پرۆفیسۆر ئۆهێرن: سیستەمی ئیمراڵی لە دڕندەییدا وێنەی نەبووە

دێنیس ئۆهێرن، پرۆفیسۆری کۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆلۆژی لە زانکۆی تێکساس لە  شاری ئێلپاسۆ لە تێكساس، دەربارەی سیستمی ئیمراڵی دەڵێت: سیستمێکە لە دڕندەیی و ستەمدا، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و جیهان وێنە و هاوشێوەی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا جیهان بەرامبەری بێ دەنگە.

زیاتر لە دوو ساڵە هیچ هەواڵێک لە بارەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە بڵاونەکراوەتەوە، چەندین جاریش گۆشەگیری و قەدەغەی بینین بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێنراوە و سەرجەم داواکارییەکانیش کە لەلایەن خانەوادە و پارێزەرانەوە پێشکەش دەکرێت ڕەتدەکرێتەوە.

بۆ شکاندنی ئەو گۆشەگیریییە و ناچارکردنی دەوڵەتی تورک بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکان بۆ بینینی ڕێبەر ئۆجالان، هەڵمەتێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەستی پێکردووە، لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی ١١ی ئایار، سێ ئەندامی شاندی ئاشتی نێودەوڵەتی ئیمراڵی لەگەڵ چەند دامەزراوەیەک لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، لەوانە نووسینگەی یاسایی ئەسرین کە نوێنەرایەتی ئۆجالان و سێ هاوزیندانییەکەی دەکات.

هاوکات ئەندامانی ئەو شاندە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئەنجومەنی ئەوروپا کرد، کە لە ١٦ی ئایاردا لە ئایسلەندا بەڕێوەچوو و گۆشەگیریی ڕێبەر ئۆجالانیان خستەبەرباس و  داوای ئازادییان کرد.

یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە، دێنیس ئۆهێرن، پرۆفیسۆری کۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆلۆژی لە زانکۆی تەکساس لە ئەلپاسۆ، سەبارەت بە گۆشەگیریی ئۆجالان بۆ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا قسەی کرد.

ئیمراڵی لە زیندانەکانی سوپەرماکس دڕندانە ترە

دێنیس ئۆهێرن، کە لێکۆڵینەوەکانی تایبەتمەندن لە بواری سیستمی ئەمنی زیندانیییەکانی ناسراون بە جۆری “ئێچ، ئێف یان سوپەرماکس”، ڕایگەیاند سیستمی ئیمراڵی لە جیهاندا وێنەی نەبووە و زۆر توند و داخراوە.

ئەو پڕۆفیسۆرە وتی: هەرگیز و لەهیچ شوێنێکی جیهان سیستمێکی دابڕێنەر و گۆشەگیری هاوشێوەی ئەوەم نەبینیوە و نەبیستووە، کە عەبدوڵا ئۆجالانی پێ گۆشەگیرکراوە، ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە لە هەر وڵاتێکی دیکەدا هەبوایە ئەوا بێگومان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەیانخستە بەرباس.

ئاماژەی بەوەکرد ئەو سیستمی دابڕێنەرەی لە ئیمراڵی بەکار هاتووە، بەشێوەیەکە تەنها زیندانییەکانی سوپەرماکس تا ئاستێکی کەم لێی نزیک دەبێتەوە، ئەوانیش ئەمریکا لەپاش شەڕی ئەفغانستان و عێراق دروستی کردوون.

ئۆهارن باسی لەم زیندانانە کرد کە بە ‘جەهەنەم لەسەر زەوی’ش ناودەبرێن، وتی: چانسی کۆکردنەوەی زانیاریم لەبارەی بەشێک لە زیندانییەکان هەبووە، بەڵام هەرگیز و لە هیچ شوێنێکی جیهاندا کارێکی هاوشێوە نییە، کە ڕێگە بە پارێزەر و خێزانەکان نەدات سەردانی زیندانییەکان بکەن وەک ئەوەی ئێستا لە ئیمراڵی دەگوزەرێت.

دەوڵەتی تورک بێ شەرمانە باس لە ئیمراڵی دەکات

دێنیس ئۆهێرن لە ئاماژەیەکدا بۆ زیندانەکانی سەردەمی نازییەکان تێبینی ئەوەی کردووە: دەزانن لە سەردەمی ئەڵمانیای فاشیستدا کەمپی زیندان هەبوون، بەڵام تەنانەت ئەو کاتەش پەیوەندی لەگەڵ زیندانەکانی سۆڤیەت هەبووە، وتیشی لە ڕاستیدا ڕۆژئاوا شەرم لە زیندانە بەدناوەکانی سوپەرماکس دەکات و باسی ناکات، بەڵام تورکیا شەرم لە ئیمراڵی ناکات و بە ئاشکرا و بێ ئەوەی شەرم لەو کارە نامرۆڤانەیە بکەن بەرگری لێدەکەن و باسی دەکەن.

ئەوروپا بێ هەڵوێستە بەرامبەر ئەو پێشلکارییەی لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت

بە ڕەخنەگرتن لە بێدەنگی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر گۆشەگیری وتی: ئەو سیاسەتەی لەسەر ئۆجالان بەڕێوە دەچێت، بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە دەکرێت، بەڵام زۆربەیان بێ دەنگن لە ئاستی، ئۆهێرن لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە سزا بەسەر دەوڵەتی تورکیادا بسەپێنن لەسەر ئەو کارانەی کە بەرامبەر ئۆجالانیان کردووە، بەڵام کۆمەڵگەی ئەوروپی لەو ڕووەوە هیچ هەنگاوێک نانێت، پێویستە فشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان”.

گۆشەگیری ئیمرالی ئەشکەنجەیە

ئۆهێرن بە بیرهێنانەوەی یاساکانی نیلسۆن ماندێلا، وتی: بەپێی یاساکانی ماندێلا، ئەگەر زیندانییەک بۆ زیاتر لە ١٥ ڕۆژ پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا ڕەت بکرێتەوە، ئەمە پێی دەوترێت ئەشکەنجەی تەواوەتی، و ئەشکەنجەیەکی ڕەهایە،  دەبێت ئەوروپا ڕاستەوخۆ بە دەوڵەتی تورک بڵێت ئەوەی بەرامبەر ئۆجالان ئەنجامی دەدەیت، ئەشکەنجەیە، بەڵام ئەوان ئەوە ناکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.