پەدەکە یاری بە ناوچە دابڕێنراوەکان دەکات و داهاتووی کورد دەخاتە مەترسییەوە

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق نزیک دەبێتەوە و هەر لایەنە و ئامادەکاری خۆی دەکات، کورد لە سنووری ناوچە دابڕێنراوەکان بەتایبەت لە کەرکوک، دیسان ناکۆک و ناتەبایە، هاوشان لەگەڵ ئەوە پیلانێکی دەوڵەتە داگیرکەرەکانیش بەهاوکاری پەدەکە لە ئارادایە، بۆ ئەوەى ناوچە دابڕێنراوەکان لە داهاتوویەکی نادیاردا بمێنێتەوە و نەکەوێتەوە دەستى کورد.

بڕیارە ڕۆژی ١٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣چوارەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوە بچێت، هەڵبژاردنەکە بۆ کورد لە هەریەکە لە پارێزگاکانى (کەرکوک و موسڵ و دیالە و سەڵاحەدین) چارەنووس ساز دەبێت و داهاتووی پێگەی کورد و خاکەکەی لەو ناوچانە دیاری دەکات.

ژمارەی کورسییەکانى ئەنجوومەنی پارێزگاکانیی ئەو چوار پارێزگایە بەمجۆرەیە، نەینەوا ٢٦ کورسی، کەرکوک ١٥ کورسی ، پارێزگای دیالە ١٥ کورسی، پارێزگای سەڵاحەدینیش ١٥ کورسی، دەبێت کورد لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکە ململانێ بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەى ئەو کورسیانە بکات.

لایەنە کوردییەکان لە سنووری ناوچە دابڕێنراوەکان کەوتوونەتە خۆیان بۆ ئەوەى کورد بە یەکڕیزیی و یەک لیستى بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بکات، بەڵام لەدەرەوەى ئەوان پەدەکە هەیە کە بە هەموو توانایەوە کار لەسەر تێکدانی نێوماڵی کورد و یەکڕیزیی کورد دەکات، بۆ ئەوەش لە هەوڵدایە لەگەڵ عەرەبی سوننە و تورکمانەکان لیست دروست بکات.

هەڵبژاردنى ئەمجارەى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەرفەتێکی دیکەیە بۆ کورد تا جارێکی دیکە لە ڕێی هەڵبژاردنەوە پۆستە باڵاکانى خۆی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانى دیکە بەدەست بهێنێتەوە، ئەم هەڵبژاردنە هاوشێوەى ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠١٤ گەورەترین دەرفەتە بۆ بەدەستهێنانەوەى ئەو ناوچانە بۆ ژێر سەروەریی کورد.

لەدوای ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی و ڕووداوەکانی  و ١٦ـی ئۆکتۆبەر سیاسەتى تەعریب و داگیرکردنى زەوی و موڵک و ماڵی کورد لە ناوچە دابرێنراوەکان بەشێوەیەکى چڕو پڕ دەستی پێکردووەتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە وەستابوو، ئەگەر کورد لەم هەڵبژاردنە بەیەک لیست بەشدار بن ئەوا دەتوانن براوەى ئەو هەڵبژاردنە بن و سنوورێک بۆ تەعریب و داگیرکاریی عەرەبی هاوردە و شۆڤێنیزم دابنێنن.

ئەگەر کورد لە کەرکوک و سەڵاحەدین و دیالە ٨ کورسی ئەنجوومەنى ئەو سێ پارێزگایە بەدەست بهێنێت، ئەوا بردنەوەى پۆستى پارێزگار و زۆرینەى پۆستەکانى دیکە مسۆگەر دەکات، بەپێچەوانەوە بە کەمتر لە ٨ کورسی ناتوانێت ئەو پۆستانە بەدەست بهێنێت.

پەدەکە دەڵێت: “ئەگەر پۆستى پارێزگاری کەرکوک بۆ من نەبێت ناهێڵم بۆ یەکێتى بێت”، بە کردەوەش لە چەند ساڵى ڕابردوودا ئەوەى جێبەجێ کرد، نەیهێشت کاندیدی یەکێتى کە پشتیوانى لایەنە کوردییەکانى هەبوو پۆستى پارێزگاری کەرکوک وەربگرێت و ناچار عەرەبێکی شۆڤێنی داگیرکەریان خستە سەر ئەو کورسییە.

پەدەکە بەتەنیا، لەدەرەوەى کۆ دەنگی لایەنە کوردییەکان ماوەتەوە و دەیەوێت لەڕێگەی بەخشینى پارە و ئیمتیازەوە لایەنە کوردییەکان و تورکمان و عەرەبە سوننەکان ڕازی بکات، بۆ ئەوەى یەکلیستى دروست نەبێت.

لەدوای ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەوە کورد لە ٥١٪ـی خاکی باشووری کوردستانی لەدەستدا، لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بەیەک فیکە، بە هەزاران چەکدار و چەک و چۆڵەوە هەڵهاتن بەرەو هەولێر، تائێستاش نەگەڕاونەتەوە کەرکوک و بارەگاکانیشیان لەکەرکوک چۆڵن، کۆبوونەوەکانیان لە هەولێر دەکەن، بەڵام دەیەوێت بەشداری هەلبژاردنى کەرکوک بکات و پۆستی پارێزگاریش بۆ خۆی بەرێت! لەکاتێکدا سەرجەم لایەنە کوردییەکان لە کەرکوکن و بارەگایان هەیە و ڕۆژانە چالاکی سیاسیی خۆیان دەکەن.

جگە لە پیلانەکانی دژ بە کەرکوک، پەدەکە فشارێکى زۆری، بۆسەر حکومەتى عێراق دەست پێکردووە، بۆ ئەوەى پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى پارێزگاکان بگەڕێتەوە شنگال و شارەکە لە دەستى خۆبەڕێوەبەری دەربهێنێت، بۆ ئەوەش ئامادەیی هەموو سازشێکى بۆ عەرەکان دەربڕیوە.

هـ.ح

Comments are closed.