هەفتەیەک زیاترە شەش گوندی سنوورى کۆیە بێ ئاوی خواردنەوەن

کۆیە

بەهۆی شكان و تێكچوونی پڕۆژەی ئاوی كێلەزیندان زیاتر لە هەفتەیەكە شەش گوندی سنوورەكە كێشەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ درووست بووە و دانیشتووانەکانیان ناچارن ئاو بە پارە بکڕن، بەپێچەوانەی دانیشتووانەکەشەوە بەرێوبەری ئاوی شارەدێی ئاشتیش دەڵێت: پڕۆژەکە ماوەی سێ ڕۆژ شکابوو و ئێستا بۆمان چاك كردوونەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە سەرچاوەی ئاویی دەوڵەمەندە لەگەڵ ئەوەشدا سوود لە ئاوی ژێر زەوی وەردەگیرێت، بەڵام هەفتەیەک زیاترە دانیشتووانی شەش گوندی سنووری شارەدێی ئاشتیی سەر بە شارۆچکەی کۆیە لە پارێزگای هەولێر ئاوی خواردنەوەیان پێ ناگات.

دژوار ئازاد
دژوار ئازاد

دژوار ئازاد، دانیشتووانی گوندی چاڵاوە و بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنێت و بۆ ڕۆژنیوز وتی: ماوەی هەفتەیەكە ئاوی خواردنەوەمان بۆ نەهاتووە، بەهۆی ئەوەی ماتۆڕەکانی پڕۆژەی ئاوی كێلەزیندان تێك چووە، كەس نییە بێت چاكی بكاتەوە، هەرچەندە بەرپرسانی سنوورەكە دەڵێن هەموو ڕۆژێك ئاومان بۆ سنوورەكە دابین كردووە، بەڵام هەفتەیەكە ئەو كێشەیە دروست بووە كەس خۆی نەكردووە بە خاوەنی.

دەشڵێت: بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، ناچار دەبێت بە تەنكەر ئاو بكڕین بە ١٥ بۆ ٢٠ هەزار دینار، كە ئەمەش لە توانای هەموو خێزانێك نییە ئاو بكڕێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو كێشەیە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، هەندێك جار نزیكەی دوو هەفتە ئاوی خواردنەوەمان بۆ نەهاتووە.

كاتێك پڕۆژەی ئاوی كێلەزیندان دەشكێت جار هەیە ماوەی هەفتەیەك تا هەشت ڕۆژ ئاوی خواردنەوەمان نییە

هادی سدیق
هادی سدیق

هەروەها هادی سدیق، دانیشتویەکى ئەو گوندانەیە و دەڵێت: كاتێك پڕۆژەی ئاوی كێلەزیندان دەشكێت جار هەیە ماوەی هەفتەیەك تا هەشت ڕۆژ ئاوی خواردنەوەمان نییە،

ئینجا ئەو كەمتەرخەمیە هی فەرمانگەی ئاوی شارەدێی ئاشتییە یان سەرەوەی ئەوانە ئێمە نازانین، بەڵام ئێستا مانگێكی بەهار ماوە ئەو خەڵكە گرفتی بۆ دروست بووە، وەرزی هاوین بێت بەهۆى بێ ئاوى هەموو چۆڵی دەكات، هەرچەندە كێشەكە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، چونكە پڕۆژەكە بەشێوەیەكی زانستیی دروست نەكراوە.

بەسێ مستەفا،
بەسێ مستەفا،

بەسێ مستەفا، یەكێكی دیکەیە لە دانیشتوانی سنوورەكە و دەڵێت: تا بڵێی دۆخى دابەشکردنى ئاو لە ناوچەکەمان خراپە،  ڕۆژێك دێت چوار ڕۆژ نایەت، هیچ سەرچاوەیەكی دیکەی ئاوی خواردنەوەمان نییە جار هەیە ئاو نەبووە دەست نوێژ بگرم.

بە پێچەوانەی دانیشتوانی ئەو گوندانەوە، بەڕێوەبەری ئاوی شارەدێی ئاشتییش باس لەوە دەکات کە کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە نییە.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین كێشەی كەم ئاوی لە سنوورەكە سەرهەڵدەدات

كێوان سیامەند، بەرێوبەری ئاوی شارەدێی ئاشتیی بۆ ڕۆژنیوز وتی: بۆماوەی سێ ڕۆژە پڕۆژەی ئاوی كێلەزیندان

كێوان سیامەند
كێوان سیامەند

غەتاسەكەی شكا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردی کارەباكەی سوتا، دواتر بۆمان چاك كردوونەتەوە، ئێستا پڕۆژەكە چاككراوەتەوە، لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا بە تەنكەر ئاوی خواردنەوەمان بۆ دابین كردوون.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین كێشەی كەم ئاوی لە سنوورەكە سەرهەڵدەدات، بە تایبەتی ئاوی خواردنەوە، ئەمە لەكاتێدایە ئاوی زێی بچوك چەند كیلۆمەترێك لە گوندەكانی سنورەكەوە دوورە و ٦٠ ماڵی ئەو شەش گوندە تەنها سەرچاوەیی ئاویان زێی بچووکە، بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم نەیتوانییوە بەپێی پێویست سوود لەو ئاوە وەربگرێت و لە کاتی پێویستدا چارەسەریی کێشەکانیان بۆ بکات.

ب. جـ

Comments are closed.