ڕەئوف ئاکرێیی یەکەم تیرۆری دەسەڵاتى هەرێم بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان

ناوەندی هەواڵەکان

لەدوای ڕاپەڕین یەکەمین زەنگی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان بە تیرۆرکردنی “ڕەئوف ئاکرێیی” لێیدا و زنجیرەیەک تیرۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ٣١ ساڵ هاوپیشەکانی ئاکرێی هێشتا دەڕفێندرێن و دەخرێنە کونجەی زیندانەکانەوە و هەوڵی بێدەنگ کردنیان دەدرێت.

ئەمڕۆ، ساڵیادی تیرۆرکردنی نووسەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان “ڕەئوف ئاکرێیی”ـە، کە لە شەوی ٢٦ـی ئایاری ١٩٩٣ لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری دهۆک تیرۆرکرا.

ڕەئوف کامیل ئاکرێیی نووسەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، لە ساڵی ١٩٥١ لە شارۆچکەی ئاکرێ‌ لە دایک بووە، سەرەتای خەباتی لە ناو ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەستپێکردووە، پاشان کۆمەڵەی خوێندکارانی دامەزراندووە و کۆتا وێستگەی خەباتی خوێندکاری لەناو “یەکێتی خوێندکارانی شۆڕشگێڕی کوردستان”ـدا بووە، کە هەر خۆی دامەزرێنەری بووە.

ئاکرێی لە ساڵی١٩٧٥ لەکاتێکدا کە هێشتا خوێندکارە، لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆشنبیر بەشداریی کردووە لە دامەزراندنی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٧٨ بە هۆی هەستە نیشتیمانپەروەرییەکەیەوە شوێنی کارەکەی گواسترایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاماری تکریت، ئەویش وەک هەڵوێستێک وازی لە کارەکەی هێنا و دەستیکرد بە کرێکاری.

ڕەئوف ئاکرێیی ساڵی ١٩٨٤ ڕێکخراوی “تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان”ـی دامەزراند، هەر لەو ساڵەدا دژی کۆبوونەوەی یەنەکە و حزبی بەعس، بەیاننامەی دەرکرد.

ئاکرێیی سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕێگای ڕەنجدەران بووە، كە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی دەردەچوو، هاوكات خاوەنی چەند کتێبێکە، شۆڕشگێڕێکی بە دیسپلین و بیرمەندێكی پابەند بووە بە بیروباوەڕەكانی بۆ خەباتكردنی لە پێناو كرێكاران و ڕەنجدەران.

ڕەئوف ئاکرێیی لە ساڵی ١٩٨٧ بووەتە پێشمەرگە لە ناوچەی بادینان، خەباتی چەکداریی ئاکرێیی دوور لە هەردوو حزب ‘پەدەکە و یەنەکە’ بووە و هەوڵی پاراستنی سەربەخۆیی داوە، لە دوای ڕاپەڕینیش کاری بۆیەکخستنی هێزە مارکسیی و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی باشووری کوردستان کردووە.

ڕۆژنامەنووس ڕەئوف ئاکرێیی لە ساڵی ١٩٩٢، پێشانگایەتیی خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی هەولێری کرد دژ بە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر شرناخ-ی باکووری کوردستان، هەر لەو خۆپیشاندانەدا لەگەڵ ١٢ کەسی دیکە دەستگیر کرا و بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانیی کرا، کە بەیەکەمین زیندانیانی سیاسیی دوای ڕاپەڕین، هەژمار دەکرێن.

خەباتی ڕەئوف ئاکرێیی تەنیا لە باشووری کوردستاندا سنووردار نەمابوو، بەڵکو کاری بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کردووە و هەوڵی یەکگرتنیانی داوە.

ڕەئوف ئاکرێیی لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چووەتە ئەکادیمیای مەعسوم قۆرقماز لە بیقاع و چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان کەوتووە، ئامانجی سەردانەکەشیان کۆتاییهێنان بووە بە  گرژییەکانی نێوان پەکەکە و ‘یەنەکە و پەدەکە’، ئەوان پێشنیارەکانی ڕێبەر ئۆجالانیان ھێناوەتەوە بۆ بەرپرسانی ئەو دوو حزبە، بەڵام گوێیان بۆ نەگرتوون.

شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ـی ئایار‌ی ١٩٩٣، لە شاری دهۆک و لەبەردەم ماڵەكەیدا، ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی سیاسیی (ڕەئوف كامل ئاكرێیی) لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆركرا، تا ئێستاش هیچ كەسێك بە تۆمەتی ئەو تیرۆرە دەستگیر نەكراوە.

شەهیدکردنی ڕەئوف ئاکرەیی یەکەمین تیرۆری ڕۆژنامەنووسانی باشووری کردستان بوو لەدوای ڕاپەڕین، دوای ئەویش عەبدولستار تاهیر شەریف، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن،سۆرانی مامەحەمە، شوکری زەینەدین، تیرۆرکران.

دوای ٣١ ساڵ و زنجیرەیەک لە تیرۆری ڕۆژنامەنووس، هێشتا هەوڵی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەردەوامە و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا پەدەکە زیاتر لە ٨٠ ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی بادینانی دەستگیرکرد و بەشێکیان تا ئێستاش لە زیندانەکاندان.

لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووش، پەدەکە سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمانی بەبێ هیچ هۆکارێک لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیر کردووە و لە دوای ٢١١ ڕۆژ ڕێگەیدا بە سەردانی کردنی پارێزەرانی و ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزانەکەیدا، لە کاتێدا سلێمان ئەحمەد بۆ بەشداری کردن لە پرسەی باوکی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردبوو.

ب. جـ/ش.ف

Comments are closed.