هونەرمەندانی کۆیە: حکومەت گەل لە هونەر دادەبڕێت

کۆیە

هونەرمەندانی كۆیە دەڵێن: حكومەت بە بیانووی جۆراوجۆر و بێ بەها پشتی لە هونەر و چالاكییە هونەرییەكان كردووە، ئامانجی ئەوەیە گەل لە هونەر داببڕێت، چونكە دەزانێت هونەر بنەمایەكی سەرەكییە بۆ هۆشیار بوونەوە و ئاشنا بوون بە پێشكەوتنی كۆمەڵگە.

شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە پێشتردا مەڵبەندی هونەر و ئاواز و شیعری کوردی بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی ئەو سیاسەتە حکومڕانییەی لە باشووری کوردستاندا بەڕێوەدەچێت، بە تەواوی چالاکییە هونەرییەکانی لاواز کردووە و دەنگی ژێکانی ئامێرە موزیکییەکان کوچە و کۆڵانەکانی ناگرنەوە، لەو بارەیەوە هونەرمەندانی کۆیە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ڕەوەز مەولود
ڕەوەز مەولود

لەمبارەیەوە ڕەوەز مەولود، موزیکژەن و بەڕێوەبەری هونەریی و ڕۆشنبیریی كۆیە دەڵێت: هەر قەیرانێك ڕوو دەكاتە هەرێمی كوردستان پشكی شێری بەر لایەنی هونەر و هونەرمەندان دەكەوێت، چونكە كاتێك دەرخستە و چالاكییەكان بۆ حكومەت دەنێریت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە پارەت بۆ دابین ناكەن،كەواتە كاتێك چالاكییە هونەرییەكان كەمبوونەوە، بێگومان كەلێنێك دەكەوێتە نێوان هونەر و هاوڵاتییان.

دەشڵێت: هەرچەندە ئێستا بەهۆی نەبوونی سانسۆر و ئازادیی هونەرییەوە، هونەرمەندان زیاتر لایڤ میوزیک لە شوێنە تایبەتییەكان ئەنجام دەدەن،كە ئەمەش جێگەی چالاكییە هونەرییەكان و فێستیڤاڵی هونەریی ناگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانی ڕابردوو لە هەموو شارەكان فێستیڤاڵی هونەریی گەورە بەرێوەدەچوو كە دەبووە هۆكاری تێكەڵاوبوونی هونەری نێوان شارەكان،كە هەر ناوچەیەك ڕەسەنایەتی خۆی پێوە دیارە،ئەوە دەرفەتێكی باشی ڕەخساندبوو بۆ شارەزابوون لە هونەری ناوچەکانی دیکە.

جەلال عەزیز
جەلال عەزیز

هاوكات جەلال عەزیز،یەكێكە لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە ئێستادا هونەر سستی بەخۆیەوە دەبینێت،ئەمەش بەهۆی ئەوەیە كە هاوكاریی كردن نییە بۆ هونەرمەندان و تیپە هونەرییەكان، هەرچەندە ئێمە وەكو تیپی مۆسیقای باواجی بە خۆبەخشی چەند چالاكییەك ئەنجام دەدەین،بەڵام گەر هاوكاریی بكرێین، بێگومان زیاتر چالاكی دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، حكومەت نایەوێت هونەر پێش بكەوێت و چالاكی هونەریی هەبێت،چونكە هونەر لەگەڵ ڕۆژگار دەڕوات و خەڵكیش لە ڕێگەی هونەرەوە هۆشیار دەبێت و لە ژیان و پێویستییەكانی ژیان دەگات.

باسی لەوەشکرد، كە پێویستە كەسانی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت و هاوكاری هونەرمەندان بكرێت بۆ ئەوەی چیتر لایەنی هونەر بەم سستییە نەمێنێتەوە،سەرەڕای ئەو قەیرانانە كۆیە ئێستاش مەڵبەندی هونەر و هونەرمەندانە، چونكە كۆیە و هونەر دوانەیەكی لێك ئاڵاون جیا ناكرێنەوە.

محەمەد سیروان
محەمەد سیروان

هەروەها، محەمەد سیروان،موزیکژەن و ئەندامی تیپی مۆسیقای سارنج، دەڵێت: بەداخەوە بەهۆی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئەو كێشانەی ڕووی لە ناوچەكە كردووە، چالاكی هونەریی لاواز بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتییان بە هۆی خراپی بارودۆخی ئابووریی و بژێوی ژیان ئەو خولیا و حەزەی نەماوە كات بۆ هونەر دابنێت و بێت سەیری چالاكی هونەریی بكات.

ئاماژەی بەوەشداوە، هونەر ئێستا وەكو بازرگانی لێهاتووە،هەندێك كۆمپانیا و شوێن ئەوەندە گرنگی بە ڕواڵەت دەدەن ئەوەندە گرنگی بە ناوەڕۆك و ڕەسەنایەتی و هونەری ڕەسەن نادەن،كە ئەمە لە جیاتی بەرەوپێش چوونی هونەر زیانی گەورەی لە هونەر داوە.

شارۆچکەی کۆیەی سەربە پارێزگای هەولێر، ئەو شارەی هەمیشە جێگای هونەر و هونەرمەندان بووە،خاوەنی دەیان هونەرمەندی گەورەیە كە تائێستا بەرهەمەكانیان بە گوێچكەی هەمواندا دەزرنگێنەوە،بۆن و بەرامە و ڕەسەنایەتی شارەكە نیشان دەدەن،بەڵام ئێستا هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە بەهۆی ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی هەیە،شارۆچكەكەی لە هونەر داماڵیوە دەیەوێت ئەو ناسنامەی لێ بسێنێتەوە.

ب. جـ

Comments are closed.