ڕووسیا لە سەر هێرشێكی ئۆكراین بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریكا دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

لە سەر ئەو هێرشەی دوێنێ ئۆكراین كردییە سەر شاری كریمیا وەك ڕێكارێك بەرامبەر ڕێگەدانی‌ ئەمریكا بە بەكارهێنانی‌ مووشەكە دوورمەوداكانی‌ بۆ هێرشكردنە سەر خاكەكەی‌، ڕووسیا باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریکا بانگهێشت دەكات.

میدیا جیهانییەكان زانیاری نوێ لە بارەی هێرشەكەی دوێنێی ئۆكراین بۆ سەر شارێكی ڕووسیا و ڕێكارەكانی مۆسكۆ بەرامبەر ئەو هێرشە بڵاو دەكەنەوە.

میدیا جیهانییەكان بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ ڕووسیا باڵیۆزی ئەمریكای لە مۆسكۆ بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە كرد، لەسەر ئەوەی واشنتۆن پشتیوانی لە هێرشەكانی ئۆكراین دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاوی كردەوە، باڵیۆز لین تریسی-مان ئاگاداركردووەتەوە كە واشنتۆن هێندەى ڕژێمی كیێڤ بەرپرسیارێتی ئەم دڕندەییە لە ئەستۆ دەگرێت و ئەم گورزە بێ سزا نابێت.

دوێنێ وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لەبارەی هێرشەكەی ئۆكراین بۆ سەر نیمچە دوورگەی كریمیا بڵاوی كردەوە، كیێڤ و واشنتۆن بەرپرسن لەو هێرشە مووشەكییەی كرایە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی‌ كریمیا، دەشڵێن: هێرشەكە بە مووشەكی ئەتاكمسی ئەمریكی ئەنجامدراوە.

میكایل رازڤۆژیاڤ، سەرۆك شارەوانی كریمیا ڕایگەیاند، ئۆکراین بە پێنج مووشەك هێرشی كردووەتە سەر شارەكەمان، سیستمی بەرگری چوار لە مووشەكەكانی خستووەتە خوارەوە و ئاراستەی پێنجەمیشی گۆڕیوە، لە ئەنجامی هێرشەكەدا پێنج كەس كوژراون، كە سێیان منداڵن و زیاتر لە ١٠٠ كەسی دیكەش بریندار بوون.

 هـ.ئ

Comments are closed.