“پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ كۆدەبێتەوە”

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵێكی سیاسی هەیە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی نائاسایی بە مەبەستى هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت: ڕەنگە كۆتایی ئەم هەفتەیە دانیشتنی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام بدرێت.

نهال شەمەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بارەی وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستى دیاریكردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

نهال شەمەری ڕایگەیاند، جوڵەیەكی سیاسی لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییە سوننەكاندا هەیە، بە ئامانجی خێراكردنی ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان، بەجۆرێک لە ئێستادا دەستپێشخەرییەك بۆ یەكخستنی هەڵوێستی ماڵی سیاسی سوننە هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵ هەیە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی نائاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا و ڕەنگە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو دانیشتنە ئەنجام بدرێت.

جێگاى ئاماژەیە، ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەكە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی ڕابردوو لە نێوانیان ڕوویاندا.

هـ.ئ

Comments are closed.