“هیچ پێشنیارێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نەخراوەتەڕوو “

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نەیتوانی كۆتایی بە كێشەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی بهێنێت، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشنیارێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نەخراوەتەڕوو.

سەڵاح تەمیمی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەى ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەكەن، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

سەڵاح تەمیمی ڕایگەیاند، تا ئێستا ڕێكارە یاساییەكان بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ڕێكنەخراوە، هەروەها پێشكەشكردنی داواكارییەكی فەرمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەكە لە سەر دەنگی یەك لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەن دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەندامانى ئێستای ئەنجوومەنی دیالە توانای كارگێڕی و ئەنجامدانی كارەكانیان نییە، تا ئێستا ئەندامە نوێیەكان هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە، هەروەها ئەو دەنگۆیانەی لە شەقام سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكە بڵاو بووەتەوە، هیچ پاساوێكی یاسایی و دەستووری نییە.

باسی لەوەشكرد، تا ئێستا هیچ پێشنیارێك نەخراوەتەڕوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاى دیالە، ئەوە تەنها هەواڵی فەیسبووكە كە بە پێی یاسا هیچ كاریگەرییەكی نییە، وتیشی، لە كۆتاییدا حكومەتێكی خۆجێی پێكدەهێنرێت و ئیرادەی گەل سەر دەكەوێت.

جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی كێشەی لایەنە سیاسییەكانەوە نزیكەی هەشت مانگە حكومەتی خۆجێی پارێزگاكانی كەركوك و دیالە پێكنەهێنراوە، تا ئێستاش دیار نییە، كەی كێشەكانی ئەو دوو شارە چارەسەر دەكرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.