حەسەن غەریب.. ٤١ ساڵ لەنێو مەقام و بەستەی گەرمیانییدا

بڕوا ئەسعەد

حەسەن غەریب ئەو هونەرمەندەی نزیک بە نیو سەدەیە گۆرانی و مەقامی کوردی دەڵێت، خاوەنی دەیان هۆنراوە و گۆرانی  و موزیکە، بەسەرهاتی دەستپێکرد بە کاری هونەریی دەگێڕێتەوە و داوا دەکات نەوەی سەردەم، فێری مەقام بکرێن.

چۆن هەموو ناوچەیەکی کوردستان بە جۆرێک لە هونەر و کولتوور دەناسرێتەوە، شاری کەرکووکیش بە مەقام و بەستەی تایبەتی ناوچەی گەرمیان دەناسرێتەوە، لەو بوارەشدا کەڵە هونەرمەندی زۆر هەڵکەوتوون ، کە بوونە بە ناسنامەی هونەر و مەقامی کوردیی و پارێزەری مەقام.

سەرباری هەموو ئەو نەهامەتییە یەک لە دوای یەکانەی بە سەر شارەکەدا هاتووە، لە لایەن دوژمنانی گەلی کوردەوە، هونەر زیندووترین ئەوینی شارەکەیە، یەکێک لەو هونەرمەندانەش حەسەن غەریبە، کە بەشێکی دانەبڕاوە لە هونەر و مەقام و مێژووی هونەری ناوچەکەیە، لەم چاوپێکەوتنەدا ڕۆژنیوز ئەو هونەرمەندەی بەسەرکردەوە.

حەسەن محەمەد غەریب، ناسراو بە حەسەن غەریب، لە ساڵی ١٩٧٢ لە گەڕەکی شۆرجەی شاری کەرکووک لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە هەمان گەڕەک تەواو کردووە، هەر لەو ساڵانە لە کەبابخانە دەستی بە کارکردن کردووە، تەریب لەگەڵ خوێندنی قوتابخانە، بە هۆی حەز و خولیای بۆ کاری هونەریی، بە تایبەت وتنی گۆرانی، لە تەمەنێکی کەمدا و لە ساڵی ١٩٨٣ بەشداری خولێکی موزیک دەکات، لە یەکێک لە گەڕەکە میللییەکانی شارەکە.

پاش ئەوەی فێری مەقام و بەستە و ژەنینی موزیک دەبێت، لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی گرووپێکی موزیکی ڕۆژئاوایی دادەنێن، بە گۆرانی و موزیک بەشدارییان لە شەوە ئاهەنگەکانی کەرکووک کردووە.

هاوشێوەی هونەرمەندانی دیکە، ئەم هونەرمەندەش سەرەتا ناسناوی گەرمیانی بۆ دانرا، بەڵام دواتر ئەم ناسناوەی گۆڕی و بەسەرهاتی هۆکاری گۆڕینەکەشی باس کرد و وتی: هاوڕێکانم بێ ئاگاداکردنەوەی خۆم، لە یەکێک لە بڵاوکراوەکانی بانگەشە بۆ یەکێک لە شەوە ئاهەنگەکان، پاشناوی گەرمیانیان بۆ دانام، لەو سەروبەندانەشدا، هونەرمەندی گەورەی کورد “حەسەن گەرمیانی”، سەردانی پرسەی خزمێکیان دەکات لە کەرکووک، ئەوانیش پێی دەڵێن چۆنە ئێمە پرسەمان هەیە و تۆش شەوە ئاهەنگت هەیە، ئەوەی زۆر پێناخۆشبوو و زۆریشی بە لاوە سەیر دەبێت، پەیوەندی پێوە کردم و داوای لێبوردنم لێکرد و پێموت کە هاوڕێکانم ئەوەیان کردووە، لە دوای ئەوە پاشناوی باوکمم بۆ خۆم کرد بە نازناو و کردم بە حەسەن غەریب.

ساڵی ١٩٩٢ و بڵاوبوونەوەی ناوبانگی حەسەن غەریب

ئەم هونەرمەندە لە ساڵی ١٩٩٢ یەکەمین کاسێتی خۆی لە تۆمارگەی کەرکووک بڵاوکردەوە، کە چەندین گۆڕانی و مەقامی لە خۆ دەگرت، یەکێک لەوانە کە ناوبانگێکی زۆری لەناو خەڵکدا پەیدا کرد گۆڕانی “بوکمان هاتەوە”ـبوو، دوای چەند ساڵێک لە بەغدا چەند بەرهەمەێکی دیکەی تۆمار کرد، لەبارەی ئەو بەرهەمانەوە دەڵێت: یەکێکی دیکە لەو گۆرانیانەی زۆر چووە ناو خەڵکەوە و گوێگرێکی زۆر باشی هەبوو، گۆرانی(گڤەی با) بوو کە سوودم لە چیرۆکێکی ڕاستەقینە بینی، کە بۆ ئەو سەردەمە زۆر گونجاو بوو.

هۆنراوەی “بارگەی خەمم هەڵگرتوو و هاتمەوە بۆ شارەکەم” هی من بوو

لە بارەی بەشێکی دیکەی بەرهەمە هونەرییەکانیەوە حەسەن غەریب وتی: لەو سەردەمانەدا سیدی نەبوو، بەڵکو تەنیا کاسێت هەبوو، گۆرانییەکانمان لە سەر تۆمار دەکرد، لە سەر کاسێتەکە بەرواری دەرچوونی کاسێتەکە و ناوی هونەرمەند و بەرهەمەکانی ناو کاسێتەکە دەنووسرا، لەو سەردەمانەدا دیمەنێکی ناسر ڕەزازیم بینی لەگەڵ مەرزییە خان، ساڵی ٢٠٠٠ بوو، تازە هاتبوونەوە بۆ کوردستان، زۆر کاریگەر بووم بەو دۆخەی تێیدابوونە و لە غەریبیدا چی نەهامەتییەکیان چەشتووە، هەر ئەو کاتە هۆنراوەی “بارگەی خەمم هەڵگرتوو و هاتمەوە بۆ شارەکەم” نووسی، توانیم لە کاسێتێکدا لە ساڵی ٢٠٠١ تۆماری بکەم، هەر ئەو کاتە ئاواز و هۆنراوەکەم پێشکەش بە هونەرمەند ناسر ڕەزازی کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای چەند ساڵێک لە هۆڵی ڕۆشنبیری لە شاری سلێمانی لە کۆنسێرتێکدا، کاک ناسر ڕزازی ئەو گۆرانییەی وتەوە، بەڵام دەستکاری هۆنراوەکە کرابوو، تەنیا کۆپلەی یەکەمی هۆنراوەکەی منی بەکارهێنابوو، کۆپلەکانی دیکە هی شاعیر ئەحمەد محەمەد بوو، بەڵام بە داخەوە هۆنراوکە کرابوو بە هی شاعیر ئەحمەد محەمەد.

حەسەن غەریب و مەقام لە گەرمیاندا

سرووشتی دانیشتوانی ناوچەی گەرمیان بە شێوەیەکە کە کەم کەسی تێدایە دەنگی ساز نەبێت و ئاشنای مەقامە کوردییەکان نەبێت، بێگومان حەسەن غەریبیش یەکێکە لەو هونەرمەندە مەقامزانانە و لە بارەی سەرەتای ئاشنابوونی بە مەقامەوە وتی: هەر لە سەرەتاوە زۆر گوێڕایەڵی مەقامەکانی هونەرمەندە گەورەکان بووم، لەوانەش حەسەن زیرەک و عەلی مەردان و حەمە جەزا، هەرکەسێک بڕۆشتایە بۆ تەلەفیزۆنی کوردی بەغدا، دەبوایە حەوت مەقامە سەرەکییەکەی بزانیایە، لەگەڵ بەستەیەکدا کە ئاوازەکەیم دادەنا، پارچەیەک مەقامم دادەنا، زۆر مەقامم بۆ خۆشەویستی و کەرکووک وتووە، یەکێک لەو مەقامانەش زۆر دەنگدانەوەی هەبوو، مەقامی (شەوانە لەگەڵ مەیدا دڵ بە یەکتر شادەکەین، خەم و ئازاری کەرکووک هەر بۆ یەکتر باسەدەکەین).

هونەرمەند حەسەن غەریب خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ بەرهەمی تۆمارکراوە

حەسەن غەریب ژمارەی بەرهەمە هونەرییەکانی بۆ ڕۆژنیوز ئاشکراکرد و وتی: لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە تا ساڵی ٢٠٠٤، هەموو ساڵێک کاسێتێکم تۆمارکردووە، کە هەر کاسێتێک ٨ بۆ١٠ گۆرانی لە خۆ دەگرت، هەروەها نزیکەی ٤٠ کلیپیم بۆ تەلەڤیزۆنەکان هەبووە، بەڵام بە داخەوە دواتر تەلەفیزۆنی کەرکووک، گوێزرایەوە بۆ بەغدا، شەڕی ئەمریکا و ڕژێمی سەدام حسێن وایکرد، بەشێکی زۆر لە ئەرشیفەکانمان لەناوبچن، تەنها بەشێکی کەمی ئەرشیفە هونەرییەکانم ماون، ئەوانەشم کاتی خۆی لە تەلەفیزۆنەوە تۆمارم کردووەتەوە، وەکو پێویست پاک نین و بەشێکیان شێواون.

نوێترین کاری هونەری ئاشکرا کرد و سووپاسی ڕۆژنیوزی کرد

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، هونەمەند حەسەن غەریب، ئاماژەی بە دواین کاری هونەریی خۆی کرد، لەگەڵ هونەرمەند، محەمەد عەباس بارام، کە بە نیازن کارێکی هاوبەش بکەن، هەروەها سوپاسی ئاژانسی ڕۆژنیوزی کرد و وتی: “ئێوە ئاوێنەی ئێمەن” هەروەها داوایکرد لە مامۆستایانی مەقام، کە مەقامەکان بپارێزن بە تایبەتی لەناو نەوەی سەردەمدا و بە باشی فێریان بکەن بۆ ئەوەی مەقام پارێزراو بێت.

ب. جـ

Comments are closed.