حکومەتی هەرێم بە مووچەی فەرمانبەران گیرفانى پەرلەمانتارانی بێکار گەرمدەکاتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە خولی پێنجەمی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بەسەرچووە و سەرۆکایەتى و پەرلەمانتاران جگە لە وەرگرتنى مووچەکانیان هیچ ئەرکێکی پەرلەمانتارییان نەماوە، لەکاتێکیشدا کە مووچەخۆرانی هەرێم ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن و مووچەکانیان وەک پێویست نادرێت، حکومەتی هەرێم پاداشتێکی پەرلەمانتارانى خولی پێنجەم دەکات.

خولی پێنجەمی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بە لاوازترین خولی پەرلەمانی دادەنرێت لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ئێستا، بەهۆی ئەوەى ئەم خولە نەیتوانی ئەرکی چاودێری و یاسایی خۆی بە باشی بەڕێوەبەرێت، ناکۆکی و ململانێ و ژاوە ژاو و هات و هاوار، پەرلەمانى کوردستانی ئیفلیج کرد و ناکۆکی سیاسیش بۆ ماوەی شەش مانگ بەتەواوی پەرلەمانی لە جوڵە خست.

سەرباری ئەو ناچالاکی و بێ کاریگەرییەى پەرلەمانى کوردستان لەو چوار ساڵەدا هەیبوو، تەمەنى پەرلەمان بە نایاسایی درێژ کرایەوە، لەو چوار ساڵەدا سەرۆکایەتى پەرلەمان و پەرلەمانتاران مووچەیەکی زۆر و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و چەندین ئیمتیازی خۆشگوزەرانیان هەبوو، لەکاتێکدا هیچ ئەرکێکی ئەوتۆیان جێبەجێ نەکرد کە بە سیستەمی سیاسی و حکومەڕانی هەرێمەوە دیار بێت.

لەو چوار ساڵە دا سەرۆکایەتى پەرلەمان و پەرلەمانتاران نەیانتوانی دەستوری هەرێم بنووسنەوە، نەیانتوانی چاودێری کارەکانى حکومەت بکەن، نەشیانتوانى گەندەڵی بنەبڕ بکەن، نەیانتوانی داهاتە شارەوانەکان ئاشکرا بکەن، ئەوان نەیانتوانى مەلەفی نەوت ئاشکرا بکەن و ڕۆشنایی بخەنە سەر گرێبەستە نەوتییەکان، هاوکات نەیانتوانی بەرپرسانى حکومەت بێننە ناو پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە، نەشیانتوانی ژمارەیەک باش لە یاسا دەربکەن و حکومەتیش ناچار بکەن بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بەڵکو ئەوەى توانیان تەنیا گەرمکردنەوەى گیرفانی خۆیان و هۆڵی ناو پەرلەمان بوو بە هات و هاوارەکانیان تا ببنە پاڵەوانى سۆشیال میدیا.

بە پێی ڕاپۆرتى ئینستیتیوتی پەی بۆ چاودێر پەرلەمان، لەماوەى ئەو چوار ساڵەدا بەراورد بە خولەکانى پێشوو، پەرلەمانتاران کەمترین قسە و پێشنیاز و بەدواداچوونیان هەبووە، پەرلەمان کەمترین دانیشتن و پرۆژە یاسا و یاسای هەبووە، نزیکەى ١٠ پەرلەمانتار لەو چوار ساڵەدا هیچ قسەیەکیان نەکردوە.

پەرلەمانتارانى خولی پێنجەم لەپای ئەو ناچالاکییەیاندا پاداشت کران و هەر پەرلەمانتارێک بڕی ٥٢ ملیۆن دینار خرایە سەر حسابی بانکەکانیان کە مووچەی شەش مانگی کۆتایی پەرلەمان دەکات و سەرجەم خولەکانی پێشووش ئەو پاداشتەیان پێدراوە، کۆی گشتی ئەو پارەیەش پێنج ملیارو ٧٧٠ ملیۆن دینار دەکات.

وەرگرتنی ئەو ٥٢ ملیۆنە لەکاتێکدایە کە دۆخی دارایی مووچەخۆرانى هەرێم لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، کۆی ئەو پارەیەی دراوە بە پەرلەمانتاران بەشی چەند توێژێکی مووچەخۆران دەکات وەک کەمئەندامان یان بەشی سەدان وانەبێژ و یەکەمى زانکۆکان دەدات دابمەزرێن.

بەو پارەیە زیاتر لە ١٠ خوێندنگە  یان نەخۆشانە و پاڕکی پێدرووست دەکرا و سەدان دۆنم زەوی پێسەوز و ئاوەدان دەکرێت، هەر بەو پارەیە دەیان ڕێگا و شەقامی خراپەکانى پێ چاک دەکرا کە ئێستا بوونەتە مۆتەکەى مەرگ بۆ هاوڵاتییان، یاخوود برینداران و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی پێچارەسەر دەکرد.

ئەوەى هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی نیگەران کردوە خانەنشینی پەرلەمانتارانە، بەپێی یاساى خانەنشینکردنى پەرلەمانتار کە لە ساڵى ١٩٩٩ دەرچووە و لەساڵى ٢٠٠٤ هەموارى یەکەم و لە ساڵى ٢٠٠٨ هەموارى دووەم کراوە، پەرلەمانتار لەدوای تەواوکردنى ئەرکەکەی بە ٦٠% مووچەى پەرلەمانتارییەکەى خانەنشین دەکرێت، ئەم یاسایەش پەدەکە بە زۆرینە تێپەڕاندووە، چونکە لەبەرژەوەندی خۆی بووە بەو پێیەى زۆرینە بووە لە پەرلەماندا.

ئەم یاسایە لەوکاتەدا ناڕەزایەتى زۆری لێکەوتەوە، چونکە پەرلەمانتار بەپیی ئەو سوێندەی لەکاتى دەستکاربوونیدا دەیخوات، نوێنەرى خەڵکە پێویستە بەرگرى وپارێزگارى لەماف وبەرژەوەندى خەڵک بکات، کەچى پەرلەمانتاران بەرژەوەندییەکانى خۆیان کردوە بە یاسا و جێگیر کردوە، بۆیە هاوڵاتییان، پەرلەمان وپەرلەمانتار بەهۆکارى ڕاستەقینەى خانەنشینکردنى بەناحەق دەزانن، لەبەر ئەوە خەڵک متمانەى بە پەرلەمان نەماوە و دژی خانەنشینکردنى پەرلەمانتارانن.

خانەنشینکردنى پەرلەمانتار لەدەرەوەى تەمەنى خانەنشینى وبەیاسایەکى تایبەت، ئەوەندەى تر هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی نیگەران کردوە، چونکە ئەوان مووچەی خانەنشینییەکەیان سێ ئەوەندەى مووچەى فەرمانبەریکی ئاساییە، لەکاتێکدا ئەو خزمەتەى پەرلەمانتار دەیکات چوار ساڵە و فەرمانبەر دوای ٦٠ ساڵ هێشتا ئەو مووچەیە وەرناگرێت.

پێویستە پەرلەمانتار دواى تەواوبوونى خولەکەى ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر کارەکەى پێشووى، بەڵام بەدەر لەویست وداواى خۆى خانەنشین دەکرێت، بە مووچەیەکی زۆر هەر چوار ساڵ جارێک ١١١ پەرلەمانتار خانەنشین دەکرێن و دەبێتە بارێکی قورس بەسەر داهاتى هەرێمەوە، کە ئەوەش لەسەر حسابی هاوڵاتییان و مووچەخۆرانە.

ئێستا هاوڵاتییان دەپرسن، پەرلەمانتاری خولەکانى پێشوو بەتایبەت پەرلەمانتارانى خولی پێنجەم ئەو ٥٢ ملیۆن دینارە لە پای چی وەردەگرن و لە پای چی بە مووچەیەکی بەرز خانەنشین دەکرێن؟ لەم خولەدا چیان کردوە و دەستکەوتیان بۆ خەڵکی هەرێم چیووە تا بەو شێوەیە پاداشت بکرێن؟.

هـ.ح

Comments are closed.