هەڵوەستەیەک لەسەر کوژرانی ئەندامەکەی میت

سەنگەر پشدەری

دوێنێ لە سەنگەسەر دەزگای تیرۆر و سیخوڕی میت، هەوڵی کوشتنی وڵاتپارێزێکیاندا، بەڵام خۆشبەختانە وڵاتپارێزەکە هاتوەتە دەست و سیخوڕەکەی میتی بە سزای دەستدرێژییەکەی گەیاندووە و کوشتوویەتیەوە. هەرچەندە ئێمە دژی کوشتنین، بەڵام پاراستنی ڕەواش بۆ خۆی ئەو مافە دەدات کە مرۆڤ لە بەرامبەر هێرش بۆکراودا خۆی بپارێزێت.

ئەم پرسە پێویستی بە هەڵوەستەکردن هەیە لەسەری، لە چەند لایەنەوە:

١- لە بواری دەستێوەردانی دەرەکی و سیخوڕی وڵاتێکی بێگانە بۆ تیرۆرکردنی هاونیشتیمانیەکی خۆجێی.

٢- لە بواری پاراستنی، یاسای دژە تیرۆرو پاراستنی خۆجێی.

٣- لە بواری ئاگاداری، هۆشمەندی کۆمەڵگەی باشوور بە ناوەندەکانی کار و پیشە و بازرگانی بێگانەکان، بە تایبەت تورکەکان.

٤- هەستیاری تاکی کورد، بە تایبەت کچان و ژنانی کورد بۆ ناوەندەکانی جوانکاری، ئارایشتگاکان، گازینۆو کلۆبەکان.

٥- هەستیاری گەنجانی کوڕ و کچ لە گازینۆو ناوەندەکانی نێرگەلە و کەرەستە هۆشبەرەکان.

دەوڵەتی تورک کە خوازیاری فراوانخوازی و داگیرکردنی باشووری کوردستان و قڕکردنی گەلی کوردە، بەوە گەیشتوە کە ئەم گەلەی بۆ پاکتاو ناکرێت. بەڵام دەیەوێت و خواستیەتی ئەو کارە بە ئامانج بگەیەنێت. چۆن؟ لە ڕێگەی ئاوێزان بوون بە کۆمەڵگەی کوردی لە باشوور و بڵاوکردنەوەی تۆڕی سیخوڕی، لەشفرۆشی، کردنەوەی ناوەندەکانی کەرەستەی هۆشبەر، جوانکاری، دیزاین، تیرۆر و لەناوبردن. بۆ ئەوانە سوود لە کەسانی پەروەردەکراوی ئامانجدار دەبینێت، کە هەریەکی بە شێوازێک ئەرک و بەرپرسیارەتی خۆی لە ئاستی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکدا بەڕێوە دەبات. ئەویش ئامانجی لە هۆشبردنی کەسێتی کوردە بۆ تێکۆشانی ئازادییەکەی.

بۆیە ئەو ناوەندانەی تورکەکان، ناوەندگەلی جێبەجێکەری گوماناوی بەئامانجگرتنی کۆمەڵگەی باشوورە، بە تایبەت گەنجانی کچ و کوڕ و خستنیانە بۆ ناو کاری سیخوڕی و تەسلیم گرتنیان. بە تایبەت لە ڕێگەی ناوەندەکانی گازینۆ و جوانکاری ژنانەوە. ڕووداوی ئەمجارەی تیرۆری وڵاتپارێزێک لەسەر دەستی جوانکارێکی پیاو! کە خاوەنی ئارایشگای جوانکاری ژنانەیە، ڕاستی بۆچوونەکەمان دیاری دەکات. تیرۆر و کاری سیخوڕی شاراوە لەژێر ناوی بازرگانیدا یەکێک لە بوارەکانی شەڕی تایبەتە. بە تایبەت ڕەگەزی مێ، جوڵاندن و کاریگەری لەسەر بواری ڕەگەزی باشترین بواری دەستێوەردان و تەسلیمیەتە. چونکە لایەنی نەرێنی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ بواری سیکسواڵێتی لاوازترین گۆڕەپانە. بۆیە دوژمن دەتوانێت کاریگەری لەسەر دابنێت. پێویستە کۆمەڵگەی کوردی لە باشور و بە تایبەت گەنجانی کوڕ و کچ هەستیارییەکانیان بەرامبەر ناوەندەکانی داگیرکەری تورک گەورە و هوشیارانە بێت. لە ئاستی ناسینی دوژمندا بێت. نەک وەک ناوەندی بازرگانی تەماشاکەربن. ڕێگە نەدەن پەنجەکانی پیاوێکی تورک بە ئاسانی بەناو بسک و قژی ڕازێنراوەی درووستکراودا بێت و بچێت. هێمنی شاعیر لەخۆوە پێناسەی عەشقی خۆی نەکردووە لە ڕێگەی بسکی ئاڵۆزکاوەوە، کاتێک دەڵێت:

“ئەسیری بسکی ئاڵۆزی قژی کچە کوردێکی نەشمیلم ” ئەو وێنایە هەمیشە پێوستە کچانی کوردمان پێی ئاشنا و هەستیار بن.

ئێستە لەژێر ناوی جوانکارییدا، بسکی ئاڵۆسکاو دەگۆڕن و ئیتر نەک هێمن عاشق دەبێت. بەڵکوو پیاوانی سیخوڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ناوەندەکانیانەوە نیشانی سەرووی خۆیانی دەدەن کە چەندە کاریگەریان لە ژنان و گەنجانی کورد کردووە.

بۆیە پێویستە تاکی کورد زۆر هەستیاربێت بەرامبەر هەر جوڵەیەکی ناوەندەکانی تورکەکان و بایکۆتیان بکەن. ئەوان نەک ئابڕوی ئێمە دەبەن، بەڵکو سەرمایەکەشمان دەبەن، تاکەکانیشمان بێ ویژدان و بێ حەیسیەت دەکەن و دەیکەنە دوژمنی گیانی خۆی. گەنجەکانمان بێ بڕواو بێ کار دەکەن و ئاوارەی هەندەرانیان دەکەن!

دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی تۆڕە سیخوڕی و تیرۆریستەکانیەوە دەیەوێت، تۆڵە لە وڵاتپارێزانی کورد بکاتەوە، کە لە بەرامبەر کوردبوندا بەرخۆدان دەکەن، بۆیە پێویستە دامودەزگا ئاسایشیەکان، پۆلیس، دادگاکان هێزی پاراستنی خەڵک و هاوڵاتیان و وڵاتپارێزان بن و ئاسانکاری هەڵگرتنی چەکی خۆپاراستن بۆ وڵاتپارێزان بکەن و ببنە هاوکار و پشت و پەنا. هەروەها وڵاتپارێزان پێویستە لەبواری خۆپاراستن و بەرگریەوە ئامادەکاربن و و کۆمەڵگەش هاوکاری وڵاتپارێزان بن و بەتەنیایان نەهێڵن.

پاراستنی خۆجێی ئەوە پرەنسیپەکەیەتی کۆمەڵگە بە هاوکاری دەزگا فەرمیەکان کۆمەڵگە بپارێزن، ئەگەر دەزگای فەرمی بەو ئاستی بەرپرسیارەتیە نەگەیشتبوو، یان ئامادەگی نەبوو. ئەوا تاک و دەوروبەرەکەی سیستەمی خۆجێی پاراستن دروست بکەن و پێکەوە لەدژی بکوژان و تیرۆریستان بوەستنەوە. هەروەها یاسا ناوخۆیی و جیهانیەکان ڕێگە بەوە نادات، کە دەوڵەتێکی دەرەکی کارئاسانی تیرۆری دەرەکی لەناوخۆی وڵاتێکی تردا بکات و هاوڵاتی نیشتیمانی دوەم تیرۆر بکات. یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نۆ ڕێگری لە کاری تیرۆریستی لەو شێوەیە هەیە و پێویستە تاک و کۆمەڵگە بەرامبەر بەو یاسایانە ئاگادار و هوشیاربێت و دام و دەزگا فەرمیەکانیش هەم یاساکانی خۆیان بەرکاربکەن، هەم یاسا نێودەوڵەتیەکان، هەم ڕەوایەتی بە پاراستنی خۆجێی بدەن کە باشترین ڕێگریە لە کاری توندوتیژی، سیخوڕی و تیرۆریستی.

Comments are closed.