“چارەسەری مەسەلەی كورسی كۆتاكان”

كامەران مەنتك

مەسەلەی كوردسی كۆتاكان كراوەتە یەكێك لەو گرێ كوێرانەی، كە شەڕی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پێدەكرێت، هەرچەندە خودی ئەو راكردنە لە هەڵبژاردن، لە بنەڕەتدا راكردنە لە بەرپرسیارییەتی ئەو شكست و گەڕانە دواوەی هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە بینییەوە و دەیبینێت، وەك لەزۆر شوێنی تردا ئاماژەم پێكردووە، سەیرە كورد چاوی لەوە بێت دوژمنێكی مێژوویی و سەرسەختی خۆی، كە بەدوای لە گۆڕنانییەوەیەتی، هەڵبژاردنی بۆ بەڕێوەبەرێت و شەرعیەت بۆ دەسەڵاتێكی كوردی بگەڕێنتێتەوە، كە كورد خۆی بەهۆی ململانێیە خێڵەكییەكانییەوە پەكی خستووە و لەتابووتی ناوە، ئەمە ئەو خاڵە ترسناكەیە زۆرینەی كۆمەڵگەی كوردی تیادا فریوخواردوو كراوە.

لەماوەی ٣٢ ساڵى رابردوودا، كەم كەس هەن ئەو راستییە نەزانن، ئەوانەی بەناوی كۆتاوە كورسی پەرلەمانیان بردووە، هەرگیز نوێنەرایەتی نەتەوە و ئاین و ئاینزاكانی خۆیان نەكردووە، بەڵكو خزمەتی دوو حزبی دەسەڵاتداریان كردووە و لە چركە هەستیار و یەكلاییكەرەوەكاندا لەبەرژەوەندی ئەوان دەنگیان داوە، بۆیە فرمێسك ڕشتن بۆ كورسی كۆتاكان لە خەمی كۆتاكان نییە و ئەوە ناگەیەنێت، كە كامە لا باوەڕیان بە مافی مرۆڤ و بە یەكەوە ژیان و دیموكراسییەوە هەیە، وەك دەڵێن، شینەكە بۆ هەریسەكەیە و دەیانەوێت لە پەنای ئەو كورسیانە سنگی خۆیان بەرنە پێشەوە و خۆیان وەك یەكەمی بێ ركابەر بە خەڵك نیشان بدەن، لەكاتێكدا لەسەر ئاستی جەماوەریدا پلەی دواهەمینی بێڕكابەرییان مسۆگەر كردووە، ئەوەی ئێستا لە نزیكەوە ئاگاداری ژیانی خەڵك و رادەی بێزاری تووڕەیی خەڵكی كوردستان بێت، دەزانێت رای خەڵك بەرامبەر ئەو حزبانەی كوردی، بە پلەی یەكەم دوو حزبی دەسەڵاتدار و لەدوای ئەوانیش ئەو ئۆپۆزسیۆنەی، كە جگە لە كاوێژكردن لەسەر كەموكوڕی و هەڵەكانی ئەو دوو حزبە، هیچ ستراتیژێكی نەتەوەیی و نیشتمانییان نییە و ئەوەی پێیەوە دەنازن، پەنا بردنە بۆ بەغدا، كە لەهیچ شوێنێكی دنیا ئۆپۆزسیۆنێكی لەو شێوەیە نییە، كە بیەوێت لەسەر حیسابی تەسلیمبوونەوە و گەڕانەوە بۆ كۆشی ئەو وڵاتەی ئەنفال و كیمیابارنكردنی كردبیتن، هەوڵبدەی دەنگی دەنگدەران بەدەست بێنیت، ئەمە كارەساتێكە و ئەوە دەگەیەنێت، كە خەڵكی كوردستان ئامادە بێت گەورەترین دوژمن وەك دۆست ببینێت، تەنیا لەپێناو ئەوەی دەستی بە قڕێژی ئەو دوو حزبەی لە هەوكێ بێتەوە، هاوكات ئەمە ئەو تراژیدیایە رۆشنتر دەكاتەوە، كاتێك هاوسەنگی هەرێمی و جیهانی سەقامگیر دەبێـت، كە ئێستا گۆڕانی بەسەر داهاتووە و گلۆپی سەوز بۆ مەرگی ئەو حزبانە دادەگیریسێت، دەبێت چۆن بكەونە بەر ئەو تووڕەییە پەنگحواردوو و لەبنهاتووەی خەڵكی كوردستان!

خاڵێكی گرنگ هەیە دەمەوێت لێرەدا رای خۆمی تیادا دووبارە بكەمەوە، ئەویش ئەوەیە من هەرگیز پێموانییە جارێكی تر هەڵبژاردن بكرێتەوە و خولێكی تری پەرلەمان ببینین، لەبەرئەوەی ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن، كە هەموو شتێك بەكۆتا هاتووە و تەنیا مەسەلەی كات ماوە، بەڵام ئەگەر گریمانەیەكی لاوازی هەڵبژاردنیش بكەین، با ئەو حزبانە، لە ناوخۆیان نوێنەری پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی تر هەڵبژێرن و دەنگیان بۆ كۆبكەنەوە، ئەگەر باوەڕیان بە مافی كەمینەكان هەیە، ئەگەر دەشیانەوێت وەك رابردوو هەمیشە مافی پێكهاتەكانی تر لەبەرژەوەەندییە حزبییەكانی خۆیان بەكاربهێنن، ئەوە دەبێت دڵنیابن لەوەی ئەو قۆناغە تێپەڕی و دادگای فیدڕاڵیش ئەو بڕیارەی وەك هەولێرییەكان دەڵێن، هەر بە هەوەنتە نەداوە! پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی تریش، ئەگەر ویستییان وەكو نەتەوە یاخود ئاین خۆیان هەڵبژێرن، با بۆخۆیان كۆڕ و كۆمەڵە و دەستە و ئەنجومەنی سەربەخۆ دابمەزرێنن و بچنە ناو هەڵبژاردن، هەرچەندە دەبێت ئەو بیركردنەوە تەسكە لەلایەن تاكی كورد لە بنەڕەتەوە تووڕ هەڵبدرێت و دەنگدەری كورد چیتر لەسەر بنەمای نەتەوە و ئاین و… هتد دەنگ نەدات، بەڵكو لەسەر بنەمای دەستپاكی و راستگۆیی و توانا كەسییەكانەوە دەنگ بدات، بۆ نمونە ئەگەر وەزیرێك لە وەزیرەكان لەسەر ئەو بنەمایە دابنرێت، گرنگ نییە كورد بێت یاخود توركمان، موسڵمان بێت یاخود كریستیان، بەرای من كریستیانێكی بە توانا و تەكنۆكرات، یاخود توركمانێكی تەكنۆكرات، زۆر باشترە لە كوردێكی گەندەڵ، كە لەسەر حیسابی دووڕوویی و ماستاوچییەتی وخزم خزمێنە ئەو كورسییە، یاخود ئەو پۆستەی بەدەست هێنابێت. بەهەمان شێوە كوردێكی تەكنۆكرات و راستەقینەی دڵسۆز بۆ خاك ووڵاتەكەی، زۆر لەو توركمان و كریستیانانە گرنگترە، كە لەپێناو گیرفان و پلە و پۆست بۆ خۆیان، بەرژەوەندی ئایینی و نەتەوەییەكانی خۆیان دەخەنە خزمەتی حزبە باڵا دەستەكانەوە و بازرگانی بە پڕەنسیپە نەتەوەیی و ئاینییەكانیانەوە دەكەن.

تێبینی: رەنگ بێت ئەگەر لە روانگەی دەسەڵاتەوە باس بکەین، دەسەڵاتی ئێستای بەغدا، دەسەڵاتی بەعس نییە، بەڵام ئەگەر لە روانگە هەرێمییەکەوە سەیری بکەن، هەر سیستەمێک لە عێراق دابمەزرێت، دەکەوێتە چوارچێوەی مەنزومەیەکی هەرێمییەوە و ئازادی خۆی لەدەست دەدات، راستە ئێستا زۆربەی سەرانی بەعس لە هەولێرن، بۆیە چارەنووسی دەسەڵاتدارانی هەولێریش لە چارەنوسی بەعسییەکان باشتر نابێت، کاتی ئەوە هاتووە بەشێوەیەکی سەرپێی و ئایدیۆلۆژی لە مەسەلەی کورد نەڕوانین، بەهۆی ئەو گۆڕانانەی لەدوای بەکۆتا هاتنی شەڕی سارد روویدا، بەهۆی ئەوەی کورد لەو ماوەیە ڕۆڵێکی گەورەی پێدرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی هەرێمی و شکستی هێنا، تووڕەییەکان بەرامبەر کورد زۆر زیاتر بوون، بۆیە ئەگەر کورد خۆی ئامادەیی تیا بووبێت، لە شەڕی ناوخۆ چەکی کیمیاوی دژی یەکتر بەکاربێنێت، ئەگەر تورکیا لەبەرچاوی دنیا و بەپاڵپشتی ناتۆ و ئەمریکا ڕۆژانە چەکی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراوی تری نێودەوڵەتی دژی کورد بەکاربێنێت، بۆچی نابێت پێشبینی ئەوە بکەین، کە دەسەڵاتدارانی نوێی عێراقیش جارێکی دیکە چەکی کیمیاوی و لە کیمیاویش زیاتر دژی کورد بەکاربێنێت، ئەگەر لێرە پشت بە فیدڕاڵی دەستوورو …هتد ببەسترێت، ئەوە ئەو بیست ساڵەی رابروو ئەوەی سەلماند، کە نە عێراق فیدڕاڵییە و نە دەستووریش بەهای ئەو کاغەزەی هەیە، کە لەسەری نوسراوەتەوە!!!

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.