پلاسخارت: پێویستە هەموو هێرشەکان رابگیرێت

ناوەندى هەواڵەکان

جینین پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند، تائێستا دووجار هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هەرێمى كوردستان دواخراوه‌ له‌كاتێكدا دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هەرێمى كوردستان له‌ خزمه‌تی سه‌قامگیریدا نییه‌، ده‌شڵێت، داوا لە هەمو لایەنەکان دەکەین خۆراگربن، عێراق رووبەرووی دۆخێکی نائارام بوەتەوە و پێویستە هەمو هێرشەکان رابگیرێت.

جینین پلاسخارت نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم و دۆخى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەمجۆرە دوا.

جینین پلاسخارت لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا وتى، کێشە سیاسیە و کارگێرییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا هەرچییەک بێت، پێویستە حکومەتی بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت تا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبکرێت.

ئەوەشى خستەڕوو، ئەگەر هێرشی گروپە چەکدارەکان بەردەوامبن ئەوا هەوڵی عێراقییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە شكست دەهێنێت، ئەو گروپە چەکدارە عێراقییانەی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دۆخی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیان شێواندوە.

لەبارەى هێرشى میلیشیاکان بۆسەر هێزەکانى قەسەدە لە ڕۆژئاواى کوردستان، کە بەهۆیەوە شەش شەڕڤان شەهیدبوون وتى، ئەو هێرشەی بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازە ئەمریکییەکە دۆخەکەی زیاتر تێکدا و دواتریش هێرشی سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات هات، کە بە هەمان شێوە قوربانی لێکەوتەوە.

پلاسخارت لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆسەر باشورى کوردستان ئەوەى خستەڕوو، سەرەڕای ئەو پشێویانەی رووی لە عێراق کردوە ئۆپەراسیۆنە هێرشەکانى تورکیاش بەردەوامە، بۆیە داوا لە هەمو لایەنەکان دەکەین خۆراگربن، عێراق خۆی رووبەرووی دۆخێکی نائارام بوەتەوە و پێویستە هەمو هێرشەکان رابگیرێت.

لە کۆتایدا باسى لەوەکرد، تائێستا دووجار هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هەرێمى كوردستان دواخراوه‌ له‌كاتێكدا دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هەرێمى كوردستان له‌ خزمه‌تی سه‌قامگیریدا نییه‌.

جێگەى ئاماژەیە، لە سەر داوای ڕووسیا شەوی ڕابردوو  ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی دۆخی عێراق و سووریا و هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە كۆبوەوە، نوێنەرانى چین و ڕووسیا ڕایانگەیاند، كردەوە سەربازییەكانی ئەمەریكا پێشێلكردنی سەروەری عێراق و سووریایە.

ئ م

Comments are closed.