سەدان بارهەڵگر لەسەر ڕێگای کۆیە و هەولێر گیریان خواردووە

کۆیە

سەدان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەندین كاتژمێر لەسەرەدا دەوەستن تا ڕێگایان پێ بدرێت بە ڕێگای كۆیە و هەولێردا هاتوچۆ بكەن، ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ ڕێگاکە و هاتوچۆ درووست کردووە.

لە ئێستادا تاكە ڕێگای بازرگانیی و هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان ڕێگای نێوان كۆیە- هەولێرە، بەڵام لە ماوەی بیست چوار كاتژمێر تەنها شەش كاتژمێر ڕێگا بە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دەدرێت بە بازگەی تۆپزاوادا تێپەڕ ببن.

بە شەو و ڕۆژ، زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ڕێگای نێوان كۆیە و هەولێر لەسەرەدا لە هەردوو لێواری ڕێگاكە دەوەستن، چاوەڕێ دەكەن ڕێگایان پێ بدرێت لە سنوورەكە دەرباز ببن.

بەڵام لە بازگەی تۆپزاوا لە ماوەی بیست و چوار كاتژمێردا تەنها شەش كاتژمێر ڕێگا بە ئۆتۆمبێلەكان دەدرێت تێپەڕببن، ئەویش لە كاتژمێر ١٢ـی شەو تا ٦ـی بەیانی، ئەمەش گرفتێكی گەورەی بۆ هاتوچۆ كردن لە ڕێگاكە درووست كردووە.

بەهۆی ئەم قەرەباڵغێیەوە، تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوو ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر لە ڕێگای كۆیە و هەولێر لە نزیك بازگەی تۆپزاوا وەرگەڕاون و تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون.

هۆكاری درووست بوونی ئەم گرفتەش بۆ داخستنی ڕێگاكانی سكتان و بالیسان و دۆڵی سماقوڵی دەگەڕێتەوە بە ڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكاندا، ئێستا تەنها ڕێگای كۆیە و هەولێر بە ڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكاندا كراوەیە.

ب.گ

Comments are closed.