ڕێکخراوەکانی ئەفریقای باشور پشتگیریی عەفرین دەکەن

چوؤرشەممە, 21 فبر 2018 – 08:50 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

سەندیکا و مافناس و ڕێکخراوەکانی ئەفریقای باشور نامەیەکەی کراوەیان لە بارەی عەفرینەوە بڵاوکردەوە و بانگەوازیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییان کرد بۆ پشتگیریی عەفرین.

یەکێتی پارێزەرانی دیموکراتی نەتەوەیی ئەفریقای باشور، گەورەترین سەندیکای ئەفریقای باشور بەناوی COSTAU و دەستەی چالاکیی مافی مرۆڤی کوردی لە ئەفریقای باشور، نامەیەکەی هاوبەشی کراوەیان لە بارەی تاوانەکانی حکومەتی تورک لە عەفریندا بڵاوکردەوە.

لە نامەکەدا هاتووە: زیاتر لە مانگێکە کە سوپای تورک هەوڵدەدات لە عەفرین کۆمەڵکوژی پێکبێنێت، هێرش دەکاتە سەر ناوچە مەدەنی نشینەکان و منداڵان دەکوژێت، نەخۆشخانە و خوێندنگا و شوێنە گشتییەکان دەکاتە ئامانج و چەکی کیمیاوی لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەکاردێنێت.

لە بەردەوامیدا ڕایەگیاندووە: سوپای تورک سێ هەزار جار عەفرینی بۆردوومان کردووە، بە هۆی ئەوەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە، ژمارەیەکی زۆرتریش بریندار و ئاوارەبوون.

لە نامەکەدا ئەوەش هاتووە: ئەو هێڕشە بە ئاشکرا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە دژی گەلی کورد و گەلانی سوریایە، بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو تاوانانە باش نییە، بانگەوازی دەکەین لە بارەیەوە هەڵوێست پیشان بدەن.

لە کۆتاییشدا داوایان لە ئامنستی ئینتەرناسناڵ کردووە، کە لە بارەی تاوانەکانی تورکیا لە عەفریندا لێکۆڵینەوە بکەن و بە ڕایگشتیی جیهانیی ڕابگەیەنن.

س.ح

Leave A Reply