پیلانگێڕییەکی دیکە لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت

باران گەرمیانی

تا دێت پیلانگێڕییەکان بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورک و عێراق و پەدەکەوە زیاتر دەبێت، لە نوێترین پیلانیشدا چاوپێکەوتنی سەرانی عێراق و ئەردۆغانە بە نێوەندگیریی پەدەکە لە مانگی داهاتوودا، کە خۆی دەبێنێتەوە لە هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی کورد و زیندووکردنەوەی ڕێگەی گەشەپێدان.

بەپێی زانیارییەکان بڕیار وایە، لە مانگی داهاتوودا، ئەردۆغان سەردانی عێراق بکات و لەگەڵ لایەنە فەرمییەکاندا لەسەر پرسی کورد و پڕۆژەی گەشەپێدان کۆببێتەوە، ئەمەش بە پیلانگێڕیی و ڕێککەوتنێکی نوێ هەژمار دەکرێت.

پیلانگێڕییەکە چییە و چۆن هەنگاوی بۆ دادەڕێژرێت

پرسی سەرەکی چاوپێکەوتنەکان لە مانگی داهاتوودا، پرسی کورد و پەکەکەیە، کە هەوڵدەدرێت لە چارچێوەی ڕێککەوتنێکدا گەمارۆ بخرێتە سەر گەلی کورد و قەوارەی هەرێم، لێرەشدا نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پەدەکە و فواد حسێن، ئەندامی پەدەکە لەناو حکومەتی ئێراق، سەرکردایەتی و ئەرکی ڕێگەخۆشکردن ئەو سەردانانە لە ئەستۆ دەگرن.

فواد حسێن، ئەندامی پەدەکە و وەزیری دەرەوە لەناو حکومەتی عێراقدا، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە سێیەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا، لە بەیاننامەیەکدا بە ئاشکرا ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکەین بۆ سەردانێکی ئەردۆغان بۆ عێراق، پرسی سەرەکیی ئەو سەردانەش پەکەکەیە.

لەلایەکی دیکەوە، هەر لە میانی کۆربەندەکەدا، نێچیرڤان بارزانی چاوی کەوت بە ئەردۆغان و بەبێ گوێدانە هاوڵاتییە مەدەنییەکانی کە بە هۆی بۆردوومان فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید دەبن، دەست دەخاتە ناو دەستی دوژمنەوە و بە ڕوویدا پێدەکەنێت، هەروەها بە بەردەوام لەگەڵ سەرانی دیکەی تورکیادا کۆدەبێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ٢٢ـی مانگی ڕابردوو، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەجەکە، ڕاگەیاندراوێكی هۆشداریی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، دەوڵەتی تورک پیلانێکی نوێی داگیرکاری بەدەستەوەیە و پەدەکەش هەوڵ دەدات دەوڵەتی عێراق پەلکێشی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورک بکات.

هەرچەندە دەوڵەتی تورک بە تەنها ناتوانێت هیچ ئەنجامێک لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەریلادا بەدەست بهێنێت، بۆیە دەیەوێت لە ڕێگەی پەدەکەوە عێراقیش پەلکێشی ئەو شەڕە بکات، وەک ئەردۆغان ڕایگەیاندووە، لە مانگی نیساندا، ئۆپەراسیۆنی نوێ لە باکووری عێراق ئەنجام دەدەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، ناهێڵین هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆر لە باشووری وڵاتەکەمان و سنوورەکانمان هەبێت، لە ڕاستییدا هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا نییە، بەڵکو ئەردۆغان مەبەستی لە تەواوی کوردانە، واتە لەناوبردنی کوردان ئامانجی سەرەکییمانە، لەو ڕێگەیەشەوە هەوڵدەدات ئۆپەراسیۆنی نوێ بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان و بەشێک لە عێراق بە ئەنجام بگەیەنێت.

لێرەوە دەردەکەوێت، سەردانە بەردەوامەکانی سەرانی پەدەکە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پشکی پەدەکە، تەنها بۆ ڕێگەخۆشکردنی دیدارەکانی ئەردۆغان، تەنها بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و بێ کاریگەری کردنی پەکەکەیە.

هەوڵەکان  بۆ جێبەجێ کردنی ڕێگەی گەشەپێدان

تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق پرسی جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدانە، کە ئەم ڕێگە بازرگانییە لە چینەوە دەستپێدەکات و لەبەندەەری فاو لە بەسرە دەگات بە عێراق و بە درێژایی هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بەناو خاکی عێراقدا درێژە دەبێتەوە و پاشان لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ ئەوروپا دەچێت.

تورکیا دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت ئەو ڕێگەیە بە ئەنجام بگەیەنێت و هێڵی بازرگانی جیهانی بەناو خاکەکەیدا تێپەڕیت، بۆیە هەموو هەواڵەکانی بە گەڕ خستووە تا ڕێگاکە لە عێراق دروستبکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەدان ملیۆن دۆلاری لە دروستکردنی هێڵی ئاسنین تەرخان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم ڕێگایە بە ناو خاکی عێڕق و هێڵی هیلالی شیعییدا تێدەپەڕێت و دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەم پڕۆژەیە بە بەربەست دەبنێت لەبەردەم خۆیدا و نایەوێت بەناو خاکی تورکیادا بگات بە ئەوروپا.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم ڕێگایە بە دەروازەی فیشخابووردا گرێ دەدرێت بە تورکیاوە، بەمەش بە تەواوی هەرێمی کوردستان دەکرێتە دەرەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان و چیدیکە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل گرنگییەکی ئەوتۆی نامێنێتەوە.

وێرای ئەو پیلانە، کەچی سەرانی بارزانی و پەدەکە، بەردەوامن لە خۆ چەماندنەوە بۆ دەوڵەتی تورک و دەبن بە ڕێگە خۆشکەر بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو پیلانگێڕییە و هەوڵی ئەنجامدانی سەردانی ئەردۆغان دەدەن بۆ عێراق.

ب. جـ

Comments are closed.