توندوتیژیی دەروونی و ئابووریی چین؟

سلێمانی

توندوتیژیی چەندین جۆر و شێوازی هەیە، کە بەشێکیان بەهۆی ڕاهاتن و چاوبەستکردنی ژنان نابینرێن یاخود بە ئاسایی دادەنرێن، کە لە ئێستادا توندوتیژیی دەروونی و ئابووریی سەرەکیترینیانن.

نەرمین عوسمان لە وتارێکیدا دەربارەی توندوتیژیی و جۆرەکانی بەم شێوەیە پێناسەی کردوون:-

توندوتیژیی ئابووریی لەو جۆرە توندوتیژییە باوانەیە، ژن بێبەش دەکەن لەوەی پارەیەکی گونجاو لەبەردەستیدا بێت بۆ بژێوی و پێداویستییەکانی ژیانی، یاخود دەستبەسەرداگرتنی ئابوورییەکەی، کە مافی خۆیەتی، لەلایەن پیاوانی خێزانەوە، بۆ نموونە؛ ئەو پارەیەی دەخرێتە بەر دەستی کوڕ لە خێزاندا، زۆر زیاترە لەو پارەیەی، کە لەبەردەستی کچدایە، بە هەمان شێوە، ئەوەی لەبەر دەستی پیاودایە زۆر زیاترە لەوەی لەبەر دەستی ژندایە.

هەروەها تووندوتیژیی دەروونی و زارەکی، هەموو ئەو ڕەوشتە توندوتیژیانە دەگرێتەوە، کە زیان بە هەست و سۆز و باری دەروونیی ژنان دەگەیەنن و چەندین جۆر کێشە بەدوای خۆیاندا دەهێنن، لەوانە: کێشەی تەندرووستیی، کە هەندێک جار دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ژنان لە ناخیاندا خۆیان بە کەم بزانن، ئەو ئازارە دەروونییە، بە چەندین ڕێگە درووست دەکرێت، لەوانە: گومان لە ڕەوشتی ژنان، چاودێریی بەردەوامیان، بە کەمزانینیان، کەمکردنەوەی ڕێزگرتنیان، سوکایەتی، گاڵتەپێکردن، قسەی نەشیاو و بێبەش کردنیان لە سەرچاوەکانی ئابووریی.

لەبارەی زۆربوونی دیاردەکانی توندوتیژیی ئابووریی و دەروونی، هەریەکە لە بەیان محەمەد و نەسرین تەنی باس لەوە دەکەن، پێشتر توندوتیژیەکان دژ بە ژنان زیاتر جەستەیی  بوون، بەڵام ئێستا زیاتر  توندوتیژیەکان دەروونی و ئابووریین، کە پیاوان زیاتر بەکارى دەهێنن وەک فشارێک بۆ سەر ژنان و هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ خواستی دەسەڵاتداریی و زهنییەتی پیاوسالاریی.

بەیان محەمەد
بەیان محەمەد

سەرەتا چالاکوان بەیان محەمەد ئاماژەی بەوە کرد، ڕەوشی ژنان لە باشووری کوردستاندا لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزردایە، بەتایبەت ئێستا، کە دۆخێکی ناسەقامگیری ئابووری لە ئارادایە و ئەوەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژیی بەرامبەر ژنان.

ڕوونی کردەوە، گفتوگۆ نەکردن و بەکارنەهێنانی زمانی نەرم بۆ چارەسەر، هۆکارن بۆ زیادبوونی توندوتیژییە خێزانییەکان، بۆ کەمکردنەوەی ئەو حاڵەتانە پێویستە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ هەبێت، نەک زوو بڕیاردان لە کاتی هەڵچووندا یاخود فەرامۆشکردن، تا بگاتە حاڵەتێک چارەسەری سەخت بێت، کە هەردوو ڕێگەکە دەرئەنجامی باشی نییە.

لە کۆتاییشدا باسی لەوەکرد، ڕاستە ڕێکخراوەکانی ژنان لە ئاست چاوەڕوانی کۆمەڵگەدا نین، بەڵام کاری باشیان کردووە بۆ بنبڕکردنی کوشتن و تیرۆرکردنی ژنان، هاوکات حکومەتی بە بەرپرسیاری یەکەم دانا لە زۆربوونی حاڵەتەکانی ژنکوژی و وتی: هۆکاری سەرەکی تیرۆرکردنی ژنان حکومەتە، چونکە کاتێک ژنێک تیرۆر دەکرێت یاسا سەروەر نییە و یاساکان جێبەجێ ناکرێن.

دەربارەی هەمان بابەت چالاکوان نەسرین تەنیا وتی: زیادبوونی توندوتیژیەکان بەرامبەر بە ژنان دەگەڕێتەوە بۆ مانەوەی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی، کە لە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باڵا دەستە، ژنان بەهۆیەوە دەکوژرێن یاخود ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن.

وتیشی: کەلتووری ئیسلامی توندڕەو و پیاوسالاریی؛ پیاوی زاڵ کردووە بەسەر ژناندا، مامۆستایانی ئاینی لە وتارەکانیاندا ڕێنمایی نادەن بە کۆمەڵگە، کە ڕێز لە ژنان بگرن، توندوتیژی تا دێت زیاتر دەبێت.

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەکرد، ژنان دەبێت باوەڕیان بەخۆیان بێت بۆ وەرگرتنی مافەکانیان، چونکە ماف نادرێت ماف دەسەندرێت،

نەسرین تەنیا
نەسرین تەنیا

هاوکات پێویستە خۆیان هۆشیار و ڕۆشنبیر بکەن بەرامبەر ئەرک و مافەکانیان.

 

ش. ئـ

Comments are closed.