ژنێک بە دەستە ڕەنگینیەکەی کەلتووری کوردیی دەپارێزێت

سلێمانی

ژنان هەمیشە ویستویانە تواناکانی خۆیان دەربخەن لە ڕێگەی ئەو کارەی هەڵی دەبژێرن، چیا عەبدوڵاش بە بەهرە و تواناکانی خۆی لە کاری دەستی و پاراستنی کەلتوور و جل و بەرگی کوردەواریی هەڵبژاردووە و ئێستا خاوەنی براندی خۆیەتی.

چیا عەبدوڵا، ژنێکی دەستڕەنگینی شاری سلێمانی و دایکی سێ منداڵە، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ کاری میدیایی کردووە، لە ساڵی ١٩٩٨ەوە پشت بە تواناکانی خۆی دەبەستێت، هەروەها شانازی بە تەواوی کارەکانییەوە دەکات و پێیان دڵخۆشە لەبەر ئەوەی سەرجەمیان ئەزموونێک بوون بۆ ژیان و باڵابوونی، پاش ئەوەی داخوازی لەسەر بەرهەمەکانی زیاتر دەبێت، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی بیر لە درووست کردنی براندێکی کوردی خۆماڵی تایبەت بە خۆی دەکاتەوە و بەشێک لە خانووەکەیانی بۆ تەرخان دەکات.

براندی چیا براندێکی کولتووریی کوردییە”

چیا عەبدوڵا
چیا عەبدوڵا

چیا عەبدوڵا، لەبارەی براند و کارەکانی بە ڕۆژنیوزی وت: باوەڕم وایە هەر کەسێك حەزی تایبەت بە خۆی هەیە، مەرج نییە هەموو ئەوانەی لە بازاڕدایە و ئەوەی تۆ لەبەری دەکەیت منیش لەبەری بکەم، چونکە ئەگەر ئێستا تێبینی بکەیت سەرجەم براندەکان و فاشیۆنە جیهانیەکان، تەرکیز لەسەر تاک دەکەنەوە، کە هەر یەک و دانسقەی خۆی هەیە، لە پێشوودا یەک شت گشتگیر دەکرا، بەڵام لە ئێستادا تایبەتمەندێتی هەیە بۆ گەشەکردن لە بەرهەمەکەتدا، تۆ تایبەتمەندی و شێوازی تایبەتی خۆتت هەیە، پێوویستە تۆ شێوازێک لە جل و بەرگ بپۆشیت، کە هاوشانی شێوەی جەستە و تایبەتمەندی تۆ بێت.

هەروەها دەشڵێت: ئەم کارەی، کە دەستمپێکردووە حەزێکی خۆم بووە، لەبەر ئەوەی من حەز بەوە ناکەم شتێک بەکاربهێنم، کە خەڵکی تر بەکاردەهێنێت، تۆش بەو هۆکارە بەکاری بهێنیت چونکە کەسانی تر بەکاری دەهێنن، بەڵکوو شتێک بەکاربهێنیت، کە تایبەتمەندی خۆتت هەبێت، بتوانیت شێوازی تایبەت بە خۆت هەبێت و کوالێتی تایبەت بە خۆت بێت، کە ئێستا مرۆڤەکان لەو گشتگیریە دەرچوون، بۆتە تایبەتمەندی کەسەکە، هەروەها ئارەزوومە شتێک بەکاربهێنم، کە مۆرکی خۆماڵی و کوردەواریی پێوە دیاربێت، ڕەنگینی ئەم سرووشتە جوانەی کوردستانی پێوەبێت.

هەروەها، ئەم ژنە ڕەنجکێشە باس لەوە دەکات، لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانەوە بۆ خۆی درووستی کردوون و وتی: پێم باش بوو بیکەم بە براندێکی تایبەتی کوردیی، خەڵک لە ئێستا گرنگی زۆر بە بابەتی جلو بەرگ و کەرەستەی کوردەواریی دەدات، کە مۆرکی کوردەواریی لەبەر بکات و بە دەست و سەریاندا بیڕازێنیتەوە، یا بۆ هەرشتێک بێت بەکاری بێنییت، کە هەستێکی زۆر خۆشی پێدەدات، تۆ هەست دەکەیت، کە لە نیشتیمانی خۆتدایت ئەم کارکردن و بەرهەمهێنانە دەبێتە هاندانێک بۆ دارایی سەربەخۆی ژنان لە هاندان بۆ وەبەرهێنان.

باس لەوەش دەکات، ئەو کرانەوەی ژنان لە دروست کردنی ئابووری سەربەخۆ تایبەت بە خۆیان و پێشخستنی کارەکانی خۆیان، هەروەها  ئەوەش شۆڕشێکە، کە ژنان بوونە بە هۆکاری ئەوەی وردە وردە کۆمەڵگەش تێکەڵ بە شۆڕشی ژنان دەبێتەوە، ئەمەش بووە بە هۆکاری گەشەکردنی بەرهەمهێنان لە کوردستاند، ئەمەش دەبێتە هۆی درووست بوونی خواستی زیاتر لەسەر بەرهەمهێنان.

هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ڕاستە کەرەستەکان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن بەڵام گرنگە بەرهەمی خۆماڵیمان هەبێت، ئەمەش وادەکات، کە کەسێک بێت بڵێت بۆ من ئەو قوماشە، ئێکسیسواراتە، لە دەرەوە بهێنم، کە لە کوردستانی خۆماندا هەیە، گرنگە کۆمپانیایەکی خۆماڵی هەستێت بەو کارە وەک سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکە، کە زۆرێک لە بابەتەکانی دیکە لێرە درووست دەکرێت، ئەوکات پێویستی تۆ لە وڵاتانی دراوسێدا نییە، کە ئەوە دەبێتە مایەی دڵخۆشی.

باسی لەوەشکرد، ژنان لە هەر شوێن و ژیانێکدا بن گرنگە سەرچاوەی دارایی سەربەخۆی هەبێت، جا ئیتر لە ڕێگەی ئەو بڕوانامەیەوە بێت کە هەیەتی و خزمەت بە کۆمەڵگە بکات، یاخود ئەو بەهرە و لێهاتوویی و دەست ڕەنگینییەکەی.

چیا عەبدوڵا، داوا لە ژنان دەکات متمانەیان بە خۆیان هەبێت، جەخت لەوە دەکاتەوە هەمیشە ئەوەی، کە لە ناو ئەو کەسەدایە هەڵدەقوڵێت و پەخشدەبێت و دەبێت بە گوتار و ڕەفتار.

 وتیشی: ئەمە زۆر گرنگە کەسێک هەبێت پاڵپشتی تۆ بێت، ڕەنگە نەتوانێت ئەو هاوکاریە پێشکەش بکات ئەگەر خۆی لەناوەوە متمانەی بە خۆی نەبێت و هەست بە بوونی کەسایەتی خۆی نەکات، ئەم کەسایەتی و متمانەیە خواکردە، کەواتە گرنگە بەشداریی کردن لەو چالاکیانەی ژیان دەبەخشنەوە بە تۆی ژن، هەرچیەک دەبێت پێویستە هەنگاو بنێیت ئەمەی، کە دەیڵێم هەرچی بێت خزمەت کردنە بە خودی ژنان، خزمەتێکە بە کۆمەڵگەی دەکات هەر خزمەتێکە بە هەر ژنان و کچانی ئەم نیشتیمانەی دەکات.

لە کۆتاییدا چیا عەبدوڵا، جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای هەبوونی ڕێگرییەکان لەبەردەم ژناندا بۆ کارکردن، بەڵام خراپی دۆخی ئابووری، قورسی بارودۆخی ژیان، حەزی و ویستی ژنان و هۆشیاربوونیان بۆ کارکردن وایکردووە لەم چەند ساڵەی دوایدا، ڕۆڵی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو ببینرێت و بەشداری بکەن لە بوارە جیاوازەکانی کارکردندا و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن، بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی ئابووریەکی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان.

ش. ئـ

Comments are closed.