بڕیاری هێشتنەوەی سێ دەستگیرکراوی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی درێژکرایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

بڕیاری هێشتنەوەی سێ دەستگیرکراوی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی لە بۆکان، کە زیاتر لە ساڵێکە دەستبەسەر کراون، بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لقی دادگای شۆڕش لە شاری بۆکان بڕیاری هێشتنەوەی ڕەئوف شێخ مەعروفی، محەمەد فەرەجی و کامەران سوڵتانی لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژکردەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سێ هاووڵاتییە لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە دەستگیرکراون و ماوەیەکی زۆر لە زیندانی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر بوون، بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ بە کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان، لە میانی خۆپیشاندانەکان، خراونەتە ژێر فشار و ئەشکەنجە، بەڵام ئامادە نەبوون بچنە ژێر باری ئەو تۆمەتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە، ئەو دەستبەسەرکراوانە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی بۆکان، لەبارەیانەوە بڕیاری هێشتنەوەیان لە زیندان دەرچووە و هەرچەندە بە درێژایی ساڵی ڕابردوو مافی هەڵبژاردنی پارێزەریان نەبووە و لەلایەن دادگاوە پارێزەریان بۆ دیاری کراوە.

ڕەئوف شێخ مەعروفی، محەمەد فەرەجی و کامەران سوڵتانی لەلایەن دادگاوە تۆمەتی خراپەکاری لەسەر زەوییان ئاڕاستە کراوە و بە گوێرەى ماددەی ٢٦٨ لە یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئەگەری ساغبوونەوەی ئەو تۆمە بەسەر هەرکەسێکدا، ڕووبەڕووی سزای قورس و تەنانەت لەسێدارەدانیش دەبێتەوە.

ب. ق

Comments are closed.