“مەترسییە گەورەکە ئەردۆغان و بارزانی”

گەنجۆ ژیندا

لەگەڵ ئەوەی گۆڕانکاریەکان لە هەرێمەکەمان زۆر بە خێرایی بەرێوە دەچن، بەتایبەتیش تێکشکانی دەسەڵاتەکەی ئەکەپە – مەهەپە لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی تورکیا، هەروەها بەردەوامی شەڕی غەززە و تێوەگلانی ئێران بۆ ناو شەڕەکە، ئیتر هێزە هەژموونگەرا هەرێمییەکان خۆیان بوونەتە کاراکتەری سەرەکی شەڕەکە.

بەشێک لەو شەڕ و ئالۆزیانە رووبەڕووی ئێمە بوونەتەوە، چونکە رژێمەکەی ئەردۆغان – باخچەلی – بارزانی و حزبولکۆنترا، بە بڕیارن کە دۆڕانەکەیان لە هەڵبژاردن بە قوڵکردنەوەی شەڕ و ئاژاوەو ئاشوب، راستبکەنەوە. بۆ ئەو مەبەستە ئەردۆغان بڕیاریداوە ٢٢-نیسان بێتە بەغدا و دواتریش بێتە لای بارزانییەکان لە هەولێر.

ئەردۆغان بۆچی دێتە بەغدا و هەولێر؟

لەئێستا تاکە مەبەستی ئەردۆغان لە هاتنی بۆ بەغدا و هەولێر، دەیەوێت بەرەی شەڕ لەسەر گەریلای ئازادیی کوردستان فروانتر بکات، واتا بەغداش بەشداریی شەڕەکە بکات، واتا سوود لە لاوازیەکانی عێراق وەربگرێت، بەتایبەت کێشەی وشکە ساڵی و ناکۆکییەکانی لە گەڵ هەولێر، دەرفەتن کە ئەردۆغان رێککەوتنیان لەسەر بکات. بۆ ئەمەش دەیەوێت بەغدا پەلکێشی ناو شەڕی دژی گەلی کورد بکات. دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ کە دەوڵەتی عێراق بەهاوبەشی لەگەڵ کورد پێکەوە بەڕێوەبەرایەتیەکی هاوبەش لە هەموو بوارەکان بەڕێوە دەبەن، هەمانکات هێزە سیاسی و چەکداریەکانی پارچەکانی تری کوردستانیش هاوکاربوونە لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێ و رووبەڕوو بوونەوەی داعش و ئەو مەترسیانەی هاتوونەتە بەردەم عێراقی نوێ. بۆیە هیچ بیانویەک یان پێویستیەک نییە کە بەغدا بکەوێتە دوای داواکاریە دوژمنایەتیەکانی ئەردۆغان کە لە کۆتایەکانی تەمەنی سیاسیدایە. دەبێ لە بیر نەکەین کە یەکێک لە مەبەست و داواکاریەکانی ئەردۆغان لە بەغدا، ئەویش دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانە، چونکە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دوای شەش ساڵ و سێیەمین جار دواخستنی، لەلایەک دواین دەرفەتە کە رەوایەتی هەرێم بهێڵێتەوە، لەلایەکیتریش تێکشکان و دۆڕانی پەدەکەشی لێ چاوەڕێ دەکرێت.

هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر لەئێستا هیچ سوودێکی بۆ عێراق و باشووری کوردستان نییە، بەڵکو پێکەوە لەگەڵ پەدەکە خەریکی پیلانگێڕیەکی نوێن، بۆ ئەمەش دەیانەوێت دەست بە هێرش و پەلامارەکانیان بکەن و لەم رێگەوە پەدەکە لە تێکشکان رزگار بکەن. بۆ ئەمەش پەدەکە هەموو هەوڵێک دەدات، تاکو هەڵبژاردن لە کاتی دیاری کراوی خۆیدا نەکرێ، بەڵکو دوابخرێت بۆ پاییزی داهاتوو. واتا دوای ئەوەی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێکران کە بەنیازە لە نێوان مانگەکانی مایس و حوزیران دەستپێبکەن، بەمشێوەیە خۆی لە مردن رزگار بکات.

پەدەکە بۆچی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکات؟

بۆ جاری سێیەمین، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەدەکە، واتا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیروان بارزانی کاتی هەڵبژاردنەکانی دیاری کرد. ئێستا هەر ئەو سەرۆکی هەرێمە دەیەوێت بەرپرسیاری پارت و لایەنە سیاسیەکان کۆبکاتەوە تاکو بەهەموویان واژۆ بکات کە داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکەن. گوایە پەدەکە داواکاری هەیە بۆ گۆڕینی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، تاکو پەشیمان بێتەوە لە ١١ کورسی کۆتاکان و سێ کورسی بۆ هەڵەبجە و چوار بازنەیی و سەرپەرشتی کردنی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی عێراق، هەمانکات وەرگرتنی تانەی لایەنەکان لەکاتی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای بەغداوە. ئەو داواکاریانەی پەدەکە هیچ پەیوەندیان بەڕاستییەوە نییە و نە لەخەمی ئاشوری و تورکمان و ئەرمەنەکان و هەڵەبجەشدایە، هەروەها پەدەکە باش دەزانێت کە لە ئێستادا هیچ هێزێک نییە کە بتوانێ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق بگۆڕێت!

پەدەکە لە ٢٠٠٥وە تاکو هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بەو فرتوفێڵ و خۆسەپاندنەی بەسەر کورسی کۆتاکان، توانیبووی لە هەڵبژاردنەکان خۆی بکاتە هێزی یەکەم، لە ئێستا هەموو فێڵەکانی ئاشکرا بوونە، هەمانکات لەلایەنی یاسایش فێڵ و تەڵەکەکانی هەڵوەشایەوە. بۆیە پەدەکە هیچ چارەیەکی نییە، لەدەرەوەی هەڵگیرساندنی شەڕێک بە هاوبەشی لەگەڵ ئەردۆغان، تاکو خۆی لە مەرگ رزگار بکات. لە ئێستا ئەوەی دەیەوێت شەڕە لە دژی گەلی کوردستان و تەڤگەرە شۆڕشگێڕەکەی پەکەکە و هێزە ئازادیخواز و دیموکراتخوزەکانی کوردستان. بۆیە بارزانییەکان هانایان بۆ ئەردۆغان بردووە، تاکو بێتە هەولێر و پێکەوە پیلان و بەرنامەیەک ساز بکەن، یەکەم بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئەنجام نەدرێن، دووەم خولێکی تری شەڕ بە هاوبەشی دەستپێبکەن، چونکە پەدەکە هەموو دەرفەتێکی لەدەستداوە بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردن بێ، هەمانکات ئەو کاتەش چوو کە کاتی هەڵبژاردن دوابخرێت، ناشتوانێ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بگۆڕێت. ئەوکات پەدەکە بەدەستی خۆی هەموو کارتەکانی لە دەستی خۆی سووتاندوە، تەنها شتێکی ماوە، ئەویش هەڵگیرساندن و گەوڕەکردنی شەڕ و ئاڵۆزیە.

هێز و لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێ لەم دەرفەتەدا چیبکەن؟

پەدەکە بە درێژایی تەمەنی و بەتایبەت لە دوای راپەڕین و بوونە دەسەڵاتی، لە دەرەوەی خۆسەپاندن و چەوسانەوەی لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان و نۆکەرایەتی بۆ دوژمنان هیچیتری نەکردووە، ئەو دزی و تاڵانی و گەندەڵی و هەرزان فرۆشکردنی سامانە سرووشتیەکانیشی لێ دەرچێت. هەروەها پەدەکە بەدەستی ئەنقەست خۆی خستووەتە ئەو دۆخەی کە بەشداری هەڵبژاردنەکان نەبێت. بۆیە لە ئێستا پێویستە هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی نەکەونە داوی سیاسەتەکانی پەدەکە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان. هەروەها پێویستە جەماوەری باشوور هەموو پێکەوە داوا بکات کە هەڵبژاردن لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا بکرێت، بەگوێرەی ئەو یاسا و رێکارانەی ئێستای. چونکە کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی خەڵکی باشوور بە هەموو چین و توێژەکانی لە دەستی ئەو زوڵم و زۆرداری و خۆفرۆشی و شەڕانگێزیەیی پەدەکە رزگاری بێت. هەمانکات پێویستە سەرجەم خەڵکی باشوور ناڕەزایەتی دەرببڕن لە بەرانبەر هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر، چونکە ئەردۆغان و بارزانی پیلانی شەڕێکی نوێیان بەدەستەوەیە، ناکرێ بێدەنگ بن لە بەرانبەر دوژمن و داگیرکەرێکی وەک ئەردۆغان کە بێ لەسەر خاکی ئێمە و لە گەڵ نۆکەر و بەکرێگیراوانی ناوخۆیی پێکەوە شەڕ و کوشتارێکی تر لە دژی برا و خوشکەکانمان دەستپێبکەن کە ئەمڕۆ تاکە هێزن، ئاو و خاک و وڵاتی ئێمە دەپارێزن. بۆیە پێویستە هەموو کەس و لایەک پێکەوە هاوار بکەن و بڵێن، نەخێر بۆ دوژمنایەتی و داگیرکەری و هەڵگیرساندنی شەڕ لەلایەن ئەردۆغان و بارزانییەکان. بەڵێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆی.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.