گفتوگۆی ستراتیجی

ئەمریکی – ئێراقی

شەڕ سێهەمی جیهانی، پێیناوەتە قۆناغێکی هەستیاری دەرکەوتنی جەمسەرە جیاوازەکان. جەمسەرگیریەکانی ئێستە وەک کۆن نیە. کە بەرەکان خۆیان دیاریکردبێت و یەکلایی بوبێتەوە و بوبنە جەمسەری ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات یان هەر شێوە جەمسەرگیریەکیتر و لەبەرامبەر یەکدا وەستابێتنەوە و جوگرافیا و شوێنگەیان دیاربێت. لە ئێستەدا بەپێی جوگرافیاو دەڤەرەکان جەمسەرگیریەکان لە ئاڵوگۆڕی خێرادان. پەیوەندی و ناکۆکی ڕوخسارێکئی نوێی بەخۆیداوە. هەم پێکەوەن، هەم ناکۆکن. هەم لەیەک دەدەن، هەم دەست لەناو دەستن. تێگەیشتن لە هاوکێشەی پەیوەندی و ناکۆکی و جەمسەرگیریەکان و خێرا ئاڵوگۆڕی هاوسەنگیەکان، تایبەتمەندی ئەم قۆناغەی شەڕی سێهەمی جیهانیە. پێگە جوگرافیەکان و لایەنە مێژوویی، سیاسی، سەربازی و ئابوریەکەی هەبونی هێزەکان پەیوەست دەکاتەوە بە چەند ڕەهەندی وەک مێژوو، خوێن و هەبوون لەو شوێنەدا لە کۆندا یان لە ئێستەدا.  بۆیە ناکۆکیەکان نە یەکلابوونەتەوە، نە بە ئاستی یەکلابوونەوە گەیشتوون، نەبە ئاستی پێناسەی کۆتایی. بۆیە پێکەوەبوون و ناکۆکی مۆرکی خۆی لەم قۆناغەداوە.

مۆدێڕنیتەی هەژمونی ئەمریکا ئەورپا، لە قۆناغی جۆرێک لە پێناسە کردنەوەی خۆدان. ئەوروپای کۆن، سەردەمی بەسەرچووە. بۆیە دەسکەوتەکانی کۆن و دابەشکاریەکانی کۆن جێگەی قبوڵکردن نەماوە. دەسکەوتی زۆری ئابوری، سیاسی و گرێدراوی زۆری دەوڵەت نەتەوەکان بە ئەوروپای زلهێزەوە، لەگەڵ ئەو توانا کۆن و مردوەی ئەوروپای ئەم سەردەمەدا نایەتەوە. بۆیە ناکۆکیەکی قوڵ لە نێوان خۆرئاوای زلهێزی ئەمریکی ـ بەریتانی لەگەڵ خۆرئاوای فەرەنسی ـ ئەڵمانیدا هەیە. هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا هۆکارەکەی دروستبوونی ئەو ناکۆکی و کۆن بوون و بێهێزیەی یەکیەتی ئەوروپابوو لە چنینەوەی ئەو هەموو دەسکەوتە زۆر و زەبەندەیە. بۆیە بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکادا، پێناسەی دابەشکاری نەخشەی نوێ بکەنەوە.

بەڵام لەم پێناسە کردنەوەیەدا، ئەمریکا وبەریتانیا بەتەنیا نین. بەڵکو هێزی نوێی جیهانی دەرکەوتون و دەیانەوێت پشکیان لە دابەشکردنی نوێدا هەبێت، ئەوانیش ڕوسیا و چینن. ڕوسیا و چین لە باری گەشەی ئابوری و هێزی سەربازی و بەرهەمهێنانی پیشەسازیەوە گەشەیان کردوە و بوونەتە خاوەنی هێزی ئابوری سەربازی. بۆیە گەمەکردن لە گەڵیاندا پێویستی بە وریایی و لەسەرخۆیی و متمانە هەیە. ئەوە لە کاتێکدا، هەردوو ووڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پێشکەوتنی تەکنەلۆجی سەربازین. بۆیە ئاڵوگۆڕەکان بە دۆخی وەرچەرخانی هاوسەنگیدا دەگوزەرێن.

ئیمپریالیزمی ئەمریکی کە لە دوای جەنگی سارد و تێکشکانی ڤێرژنی سەرمایەی شێوە سوسیالیستیەوە واتە سوسیالیزمی بنیاتنراو. بوە هێزی گڵۆباڵی تاکجەمسەر لە جیهاندا. بۆیە بەگوێرەی تاکجەمسەری دەیویست دنیا ڕەنگڕێژبکات. بەڵام ئاگاهی ئەوانیتر بەو نەخشەیە و دوای  چەند دەیە شەڕ بۆ سەپاندنی ئەو ڕەنگڕێژیە، لە ئێستادا بە جۆرێکیتر گەیشتوە. بۆیە وەرچەرخانەکان گۆڕانکاری زۆر لەگەڵ خۆی دێنێت. کە هەرێمی کوردستان، ئیراق، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزی کوردیش گرێدراوی ئەم وەرچەرخانە دەکات و هەڵوەستەکردن لەسەری بە هوشیاری و خوێندراویەوە دەمانگەیەنێتە ئاستی بەدەستەوە گرتنی سیاسەتێکی دروست و بەڕێوەبراوە. سیاسەت هونەری بەڕێوەبردن و تێگەیشتن لە ناکۆکیەکانە بۆ دیاریکردنی ئاستی بەڕێوەبردنی دۆزی ئازادی نەتەوەیەک و لەسەر ئاستی سیاسەتی دەوڵەتیش جێگیربوون لە هاوسەنگیە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەکاندا. بۆیە گرنگە مرۆڤ خۆی بە ئاگاییەوە پێناسە بکات و بەڕێوەببات. ئەوەشی دەکەوێتە سەر سیاسەتی نەتەوەیی و دیموکراتیک بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی شیاوە، تا لەم سەردەمی وەرچەرخانەدا بتوانێت بەئاستی بەدەستهێنانی ناسنامەی نەتەوەیی و پێگەی کوردستان بگات و خۆی لە هەڵڵای سیاسەتی دەسەڵاتخوازی ڕزگار بکات و نەکەوێتە ناو داوەکانی ململانێی نەشیاو و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان.

  • سەردانی سودانی بۆ ئەمریکا

لە هەلومەرجێکدا سودانی بانگهێشتی ئەمریکا کراوە، کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕدا دەکوڵێت. ئیراق پێگەیەکی گرنگی کلتوری مێژویی هەیە. ئەمریکا لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی سەدامیەوە، کۆمارێکی فیدراڵی بۆ دامەزراند و دەستورێکیشی بۆ نوسیەوە، گوایە ئیراقیەکان خۆیان ئامادەیان کردوە. بەڵام ئەو دەستور و حکومەتە بەگوێرەی ناکۆکیەکانی ئەوسەردەم واتە ٢٠٠٣ بەدواوە نوسراوە و لە ٢٠٠٥دا بە ڕیفراندۆمێک لەلایەن گەلانی ئێراقەوە ئەرێنی کراوە.

بەڵام ئەم دەستورە هەڵگری دنیایەک ناکۆکیە، بەهۆی دۆخی قەیراناوی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و  سیستەمی دەوڵەت نەتەوە و ئەو هەموو تەدەخولانەی هێزە دەرەکیەکانەوە، کە لە یێراقی هەڵوەشاوەی دوای ڕژێمی بەعسدا دەستیاندابویە. تورکیا و ئێران ڕۆڵی گەورەیان لەو دەستێوەردانانەدا هەبوە و هەیە. بۆیە دۆخی حکومەتەکانیش، هەرچەندە لە ڕێی هەڵبژاردن و دەنگدان و گوایە دیموکراسیەوە دروست دەکران. بەڵام لە ڕاستیدا ڕێککەوتنی هێزە دەرەکیە ناکۆکەکان بوو. بەتایبەت ئەمریکا، تورکیا و ئێران. هاوسەنگیەکانی حکومەتداری لە ئێراقدا بەگوێرەی بەرژەوەندیەکانی ئەمانە دیاری دەکران. لە هەمانکاتدا، ئێران و تورکیاش درێژکراوەی دەرەکیتر و زلهێزانی تری ئەوروپی، ڕوسی و چینی بوون.

بۆیە حکومەتەکان  هەمیشە لەرزۆک و بێ بنەمابوون و بڕیاردەرەکانی هەم هێزە ناوهێنراوەکانن، یان باندە سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی و حەوزەکانی عیلمیە ئایینیە جیاوازەکان بوون. بۆیە بەهیچ شێوەیەک حکومەت و دەوڵەتێکی خاوەن سەر و مێشکی ئیراقی بوونی نەبوە. کاتێک بەرژەوەندی هێزە دەرەکیەکان کەوتوەتە مەترسی و ئاڵوگۆڕەوە، حکومەتەکان هەڵوەشاونەتەوە.  هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەی (عادل عەندولمەهدی، حەیدەر عەبادی و کازمی) ش هۆکارەکەی ئەو خۆ هەڵواسینەبوو بە ڕوسیا، چین، تورکیا و ئێراندا. بۆیە ئەمریکیەکان بە لەمپەردانان لە ڕێگەی حکومەتەکاندا هەڵی دەوەشاندنەوە، یان نەیدەهێشت ئەو پڕۆژە و ڕێککەوتننانەی کە دەیانکرد، جێبەجێبکرێن.

 ئیراق پێگە گرنگە جیۆپۆلەتیک ئابوریەکەی و بوونی سەرچاوەی وزە و دەیان سەرچاوەی تر و بوونی دەشتایی فراوان وای کردوە لە ژێر چاوتێبڕینی بەردەوامی هێزە ئیمپریالیستی و داگیرکاریەکاندا بێت. ئیراق بەهۆی ئەوەی ماوریەکی درێژ خاوەنی کەسێتی نیشتیمانی خۆی نەبوە، ئارامی و ئاسایشی بەخۆیەوە نەدیوە. لەسەردەمی دەوڵەت نەتەوەشدا، بە هۆی ئینکاری بونی کورد و لێدان لە ئایینزای شیعەوە بوەتە گکڕەپانی شەڕ و خوێنڕێژی و سیاسەتی جینۆساید. بۆیە هەرکەس ویستویەتی داگیری نکات و بەگوێرەی سیستەمە داگیرکەریەکەی ڕژێمێک و دەسەڵاتێکی بۆ دامەزرێنێت. لێرەوە دەگەینە ئەوەی بانهێشتەکەی سودانی چ واتایەکی هەیە.

  • واتای سەفەرەکەی سودانی

لە بەردەوامی چەند دەیەی شەڕەکانی سێهەمی جیهانیدا، کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ و هاوسەنگی نەوێ هاتونەتە پێشەوە. کە فشار و قورسایی لە ئاڵوگۆڕەکان دەکەن و دەبێت بە ئەنجامێک بگەن و یەکلایی یان چەندلایی ببنەوە و نەرماییەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و جەمسەرگیری لەخۆی نیشان بدات. هێزەکان بە فشار لەیەککردن و هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی ناتوانن هەلومەرج ڕابگرن. بەدوو هۆکار: ئەوانیش خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی ئابوری و سەرچاوەی ووزەیە و ئەویتریشی؛ دۆزێک هەیە بەناوی گەلی کوردەوە و گەیشتوەتە ئاستێکی مەزن لە هێز و تێکۆشان. کە دەوڵەت نەتەوەکان ناتوانن بەرەنگاری ببنەوە و لە تەقینەوەیدا ئاڵوگۆڕی زۆر دروست دەکات وەک چۆن خاوەنی زۆر دەسکەوتە، لە چەشنی پارادیگمای تێکۆشانی ئازادی، حکومەت و خۆبەڕێوەبەریە خۆجێیەکانی هەرێمی کوردستان، شەنگاڵ، خۆرئاوای کوردستان و هێزی پارادستنی خۆجێی و ڕەوا.

هەردوو فاکتەر کاریگەری دەکەنە سەر هێزە گڵۆباڵ و ناوچەییەکان و بەئاستی گۆڕانکاری گەیشتوون. بەتایبەت تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد کاریگەری لەسەر گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە دەکات و دەوڵەت نەتەوە داگیرکەرەکانی بەرەو لێکهەڵوەشان و پارچەبوون بردوە. دەوڵەتی تورک کە نوێنەرایەتی هێڵی هەرە فاشست و قڕکەردەکات، لە سێ بەش و پارچەی کوردستان بەهێرشی سەربازی داگیرکاری لەدژی خاک و گەلی کورد لە شەڕدایە. بەڵام تواناکانی بە بنبەست گەیشتوە. لە ڕێگەی داگیرکاری خاکی ئیراق و بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستانەوە، دەیەوێت دۆخی داگیرکاری و هێرشەکانی بۆسەر تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بەردەوامی پێبدات و ئەرێنی بکات. بونی پێگەی دەستوری و یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستوری ئێراقدا، تورکیای سەرشێت و هار کردوە. بۆیە دەیەوێت لە هێرشە داگیرکاریە قڕکەرەکانیدا، هاوبەش بۆخۆی دروست بکات. لە ژێر ناوی شەڕ لەگەڵ تیرۆردا، شەڕی دژی گەلی کورد و داگیرکاری بەشێکی گرنگی خاکی نەوتی و ئابوری ئیراق داگیربکات.

پێگەی ئیراق، پێگەیەکی لەرزۆک و بێ خاوەن بوە. دەوڵەتی ئێران و تورکیا کاریگەرییان لەسەری هەبوە و ڕەتاندوییانە چ لە بواری سیاسی و هێز وەرگرتن بۆ بەردەومی شەڕ لەدژی کوردان، چ وەک سەرچاوەی ئابوری بۆ دابینکردنی بەردەوامی شەڕی داگیرکاری. بۆیە ئەو دۆخە بۆ ئیراق دۆخێکی نەرێنی و خراپە و لەسەر ئاستی سیاسەتی گڵۆباڵیش بۆ باڵادەستی هەژمونیەتی ئەمریکی سەرئێشە و پڕ لە مەترسیە. هێزەکانی هەژمونگەرای وەک چین و ڕوس ویستویانە دەستبخەنە کاروباری ئێراق و بیکەنە شوێنێک کە پێگەی خۆیانی تێدا بەهێز بکەن. بۆیە لە ڕێگەی حکومەت و سەرۆک وەزیرانە جیاوازەکانەوە گرێبەستی ئابوری، سیاسی، بازرگانی و … جیاوازیان کردوە. بەڵام کاتێک ئەمریکیەکان و لە ژێریشەوە ئینگلیزەکان کاتێک بەو هەوڵانەیان زانیوە، نەزۆکیان کردوە و حکومەتەکانی ئیراقیان ڕوخاندوە و سەرلەنوێ دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێ کراوەتەوە بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێ.

چون یان بانگێشتی سودانیش لەم جارەدا، هۆکارەکەی ئاراستەپێدانی ئەمریکایە بە حکومەتەکەی سودانی لە بەرامبەر تورکیا، ڕوسیا، چین و بەڕێککەوتنێکیش بەرامبەر بە ئێرانە. بەڵام ئێران لەم ڕێککەوتنەدا دەوری ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ ئەمریکاو و لێدانە لە پێگەی تورکەکان. بۆیە ناکرێت لەدەرەوەی پەیوەندی و ناکۆکیدا سەیری دیاردەکان و ئاڵوگۆڕی هاوسەنگیەکان نەکەین.

هاتنی تورکیا لە ڕێگەی سوپایەکی داگیرکەرەوە بۆ هەرێمی کوتدستان و ئێراق، سەردانی سەرۆک کۆمارەکەی لە ٢٢ ی مانگدا یەکەم بۆ پەیداکردنی هاوبەشە بۆ شەڕی دژی کوردان. دووەمیشیان بۆ ئەرێنیکردنی داگیرکردنی بەشێک لە خاکی هەرێم و ئێراقە. ئەمە مەترسیەکی گەورەیە کە ئێراق بەشێوە کۆنەکەی هەڵدەوەشێنێت و بەشێکی گرنگی پڕ دەوڵەمەندی ئێراق بۆخۆی دەبات و مەترسیەکی گەورەش دەخاتە سەر پێگەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. بۆیە ئێراق جێگەی کۆبونەوەی ناکۆکیەکان و پێکدادانیانە. هەموو لایەنە ناکۆکەکان لە ئێراقدا بونیان هەیە و هەریەکی ئامانجێکیشی هەیە. ئەوەی گرنگە لەم نێوەدا، ئێراق و تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردە. گەلی کورد بەهۆی تێکۆشانە ئازادیەکەیەوە خاوەن باکگراوندی هوشیاری و پێزانینە. بۆیە پێویستە ئێراقیش ببێتە خاوەنی ئەقڵ و هوشیاری بە پێگەکەی خۆی و نەبێتە بەشێک لە شەڕی دژی کورد. بەڵکو ببێتە خاوەن ئاوەزێکی دیموکراتی فیدراڵی کە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکانی هەم ناوخۆیی، هەم ناوچەیی بدات.

لێرەوەیە ئەمریکا بەوە گەیشت کە ئێراق بەشێوەیەکی ئەرێنی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیدا ئاراستە بکات. ئەو چونەی سودانیش، بەبۆچونی من هاوکاری دەبێت، بۆ هەبونی قسەی لە بەرامبەر تورکیادا. ئەو بێدەنگیە ڕاگەیاندنیەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو سەفەرەی سودانی بۆ ئەمریکا، شیمانەی نەرێنی لەسەر حیزبە سیاسیەکانی هەرێمی تێدا شاراوەیە.

هەرچەندە ئەم حیزبە سیاسیانەی هەرێم، مەترسیەکانی سەرخۆیان هاوتا دەکەن بە مەیرسی لەسەر هەرێمی کوردستان. بەڵام ڕاستیەکەی جۆرێکیترە. بۆیە گرنگە تاک و کۆمەڵگەی کوردی هوشیاربێت، بەرامبەر مەترسیە  حەقیقی و ڕاستیەکان و هەرێم و تکۆشانی گەلی کورد هاوتا نەکات بە حیزبەکان و دەسەڵاتەکانی ناوی. بێگومان ستاتۆی هەرێم و حکومەتەکەی بەگوێرەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا دروستکراوە و ڕەنگڕێژکراوە. بەڵام ئەم حیزبانە ئەم حکومەتەیان کردە پێگەیەک بۆ دەسکەوتی دارایی بۆ خۆیان و دژایەتی کردنی نەخشەکانی ئەمریکا و کەوتنە خزمەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە. بۆیە هەتا دوولایەنی ناو هاوکێشەکانی ناوچەکە بجۆرێک لە هاوسەنگی دەگەن حکومەتی هەرێم هەم بۆ کورت مەودا، هەم لەدرێژمەودادا دەمێنێتەوە. ئەویش بوونی ئەمریکا و ئەرێ کردنی، ئەویتریشیان هەتا تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بە ئاستی سەرکەوتن یان گەیشتنە دۆخی چارەسەری نەگات ئەم حکومەتە دەمێنێ.

لە داهاتوشدا، پێگە و مانەوە و نەمانەوەی ئەم حکومەتە پەیوەستی تێکۆشانی گەلی کورد و کۆمەڵگەی کوردیە لە باشوری کوردستان نەک حیزبەکانی ناوی. گەلی کورد لە باشوری کوردستان چەندە ئامانجداربن، ڕێکخراوبن، هاوبەشی لە سیاسەت و خوڵقاندنی ئیرادەی کۆمەڵایەتی ببن و کاریگەری لەسەر دیموکراتیزەکردنی ستاتۆیەکە بکەن و لە ژێردەستی حیزبە دەسەڵاتدار بەرژەوەندپەرستەکانی دەربێنن و بۆ چارەسەری دۆزی کورد چ لە ئێراق و چ لە ناوخۆی کوردیدا ئامادە بن. ئەوەندە لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەدا جێدەگرن و دەبنە ستاتۆیەکی دیموکراتیک دەستوری کە کۆتایی نە فاشیزم، داگیرکاری و سیاسەتی پاکتاو دێنێت. بۆیە پێگەی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە تێکۆشانی گەلی کوردەوە بۆ بە دیموکراسی کردن و دەستوری کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرێکه دیموکراسیانەی ئازاد و خۆسەر لە ئێراق و ناوچەکەدا و بەوە ئەردۆغان و تورکیاش دەست بەتاڵ لە ئێراق دەچنە دەرەوە و داگیرکاریش کۆتایی دێت.

چاوتێبڕینی تورکیا بۆ ئێراق دوو ڕەهەندی هەیە:

یەکیان نیشتیمانیە.

ئەویتریشیان نەتەوەییە.

تورکیا دەیەوێت بەگەڕانەوە بۆ میساقی میللی تورکان بەشێک لە خاکی ئێراق کە بە ویلایەتی موسڵ ناوبراوە و ئێستە وەک باشوری کوردستان لە چوارچێوەی ئێراقدایە. بۆخۆی بگێڕێتەوە. بەوەش بەشێکی گرنگی خاکی نیشتیمانی ئێراق داگیر دەکات و دایدەبڕێت، لە ئێراق کە دڵ و سەرچاوەی هەبونیەتی دادەبڕێت. ئەویتریشیان لێدانێکی کوشندەیە لە تێکۆشانی گەلی کورد و دەسکەوتەکانی. تورکیا بەدرێژای دۆخی تێکچوی ئێراقەوە و بەتایبەت دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس هەوڵی داوە ئێراق بخاتە دۆخی شەڕو نائارامی و نەبونی ئاسایشەوە تا بتوانێت ئەو خەونە عوسمانیەی بەدیبێنێت. شەڕەکانی ناوخۆیی کوردی، بەدوای ئەو هێرشی داعش، ڕیفراندۆم و ئەو شەڕەی لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەوە دروستبوو، بەردەوامی شەڕ و ناکۆکی و پیلانگێڕی بۆ پێکدادانی ناوچەیی بەیانەی بوونی پیکاکا و شەنگاڵ، بۆ ئەوەیە دۆخی نەخوازراوی شەڕ لە ناوچەکەدا پەرەپێبدات.

بەڵام بەهۆکاری بوونی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و تێگەیشتن لە دۆخی خراپی تێکچونی ئێراق، نەیانهێشتوە ئەو قەیرانانە بۆ شەڕو پێکدادانی بەردەوام بچێت تا تورکیا لەو ئاوە لیخنە ڕاوی خۆی نەکات، یان بەواتایەکی تر لە ئەنجامی لەبەریەکهەڵوەشانی ئێراقەوە تورکیا خەونەکەی بەدی نەهێنێت. ئەگەر هەموو ئەو هۆکار و فاکتەر و ناکۆکیانە بهێنینە پاڵ یەک، سەرەڕای تێگەیشتنی وەک یەکیان بۆ دژایەتی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، بەڵام بە بۆچونی من ئەردۆغان و دەوڵەتی شەڕی تورکان دەسکەوتێکی وەها ناچنێەوە کە بەشداری و هاوبەشی دەوڵەتی تورک بێت، بۆشەڕ لەدژی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد. سەرەڕای پێگە و هەبوونی هێزی پاراستنی گەل لە بەرگری لە دەسکەوتەکانی هەدێم و پاراستنی خاکی نیشتیمان و هوشیاری گەیاندن و هاوبەشی کردنی لەگەڵ هێزەکانی ناوچەکە و دەستنیشانکردنی مەترسیەکان و بوونی خواستی ئازادی گەلێک. ئەمە بەو مانایە نیە کە دەوڵەتی شەڕی تورکیا هیچ بەدەست ناهێنێت، یان کەم بەدەست دێنێت. کۆتایی بە چاوتێبڕین و داگیرکاریەکانی بێنێت. لەبەر ئەوەی تەمەنی ئەو دەوڵەتە گرێدراوە بەشەڕەوە. بۆیە دەوڵەتی تورک نەک واز لە هێرشەکانی ناهێنێت، بەڵکو بەردەوام و چڕتری کردوەتەوە بۆ بەدەستخستنی دەسکەوت. بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێراقیەکان لەسەر خاکی ئێراق چنگی پڕ بێت. بەرژەوەندیە جیاوازەکان لە گۆڕەپانی ئێراقی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەریەککەوتون و لە پێکداداندان. سێ هێڵی بازرگانی و وزە لەشەڕدان. کە بەتازەگی دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی پڕۆژەبەندی هێڵی گەشەوە ئێراق ئەوەندەی تر بخاتە ژێردەستی خۆیەوە.

  • ڕێگەی گەشە وپێکدادانی

 لەگەڵ هێڵە ئابوریەکانیتر

سەرمایەداری بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی پێویستی بە بازاڕ و کردنەوەی ڕێڕەوی بازرگانی هەیە. ئەم ڕێڕەوانەش پێویستیان بە ئاسایش، شوێنی حەوانەوە و درێژبونەوەی ڕێڕەوەکان هەیە بۆ پێکەوەبەستنی بازرگانی و دەورانی سەرمایە و بەردەوامی کڕین و فرۆش. بۆیە ڕێگەکانی ئاوریشم، یەکێک لە ڕێگە دێرین و دورودرێژەکانە و لەسەر ووشکانی ئاویش ڕۆڵی هەبوە. بە هاتنەپێشەوەی چین و ڕوس بۆ ناو هاوکێشەکانی هێزی هەژمونی جیهانی، ئەم ڕێگەیە گرنگه هەم زیاتری پەیداکرد، هەم گرنگی زیاتری پێدراو و بوە هێڵ و ڕێگەیەکی بازرگانی ووزە کە بە ئامانجەوە سەرمایەیەکی گەورەی بۆ دابینکراو گفتوگۆیەکی گەورەشی لەگەڵ خۆی هێنا. کە سیستەمی هەژمونی ئەمریکی خۆرئاوایی خستە مەترسیەوە. شەڕەکانی ئۆکراین، ئازەربایجان ئەرمەن، تەنگەکانی  بازرگانی قەفقاسیا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی خستە ناو گرنگی پێدانی گەورەوە. بۆیە بۆ ئاستەنگی ئەو هێڵە ڕێڕەوە جیاوازەکان و پڕۆژە ئاڵوگۆڕیە جیاوازەکان پێشنیارکران و کاری بۆ کرا. هەموو لایەنە ناکۆکەکان بە هۆی دەسکەوتن یان دەسنەکەوتنی پشکەوە دەکەوتنە پیلانگێڕی و هەڵگیرسانی شەڕ لە دەڤەرە جیاوازەکانی جیهاندا، تابتوانن لە پشکەکاندا جێگە دەست و بەرژەوەندیاان هەبێت.

ئەگەر وادابنێین شەڕەکانی ئۆکرانیا ڕوس ڕێگری بوو لە ڕێگەی ئاوریشم و ستریمەکانی گەیاندنی غاز بە ئەوروپا، ئەوا دەتوانین بڵێین شەڕی غەززەش هۆکارەکەی ڕێگریە لە پڕۆژەی ڕێگەی بەهارات. ڕێگەی بەهارات تورکیای لە بەشداری ووزەدا کردۆتە دەرەوە. تورکیا خاوەنی ووزە و سەرچاوی سروشتی نیە. تەنیا پێگە جوگرافی و نۆکەری و بەکرێگیراویەکەی بۆ جێبەجێکردنی نەخشەی هەژمونگەرا جیهانیەکان وەک کۆیلەیەک وای کردوە هەم ئیمتیازی پێبدەن، هەم نازی بکێشن. تورکیا لەوە زیاتری نیە بیدات و بیکات. بۆیە لەهەرکوێ تورکانی تێکەوتن ئەوشوێنە ئارامی و ئاسایشی تێدا نامێنێت. تورکیاش بۆ قەرەبوی پێگەی لەدەستچوی هاتوە و ڕێگەی گەشەی پێشنیارکردوە، دیارە بەهاوکاری هەندێ وڵاتی زلهێز و هاوکاری ئەوان، دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە ئێراق بەخۆیەوە ببەستێتەوە و بیکاتە پاشکۆی خۆی.

هێڵی ڕێگەی گەشە، لە بەندەری فاوەوە دەست پێدەکات و بە هێڵێکی بازرگانی وشکانی بۆری نەوت غازدا بەرەو بەغداد و موسڵ ، شەنگاڵ و خابوردا بۆ ناوتورکیا و لەوێوە بۆ ئەوروپا درێژ دەبێتەوە. ئەم هێڵە تورکیا بۆ ئەوەی دروستکردوە، کە پێگەکەی خۆی لە جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەدا ڕابگرێت. بەڵام توشی بەریەککەوتن دەبێت، لەگەڵ ڕێگەی ئاوریشم و ڕێگەی بەهارات، کە G٢٠بڕیاری لێداوە. بۆیە ناکۆکیەکانی ئێرانیشی بخەینەسەر. تورکیا ناتوانێت لە ڕێگەی ئێراقێکی لاواز و ژێردەستەی ئەمریکا ئێرانەوە سەرکەوتوبێت.

لە کاتێکدا ڕێگەی گەشەی تورکیا، درێژە پێدەر و بەردەوامی شەڕی قڕکردنی گەلی کورد و کوشتاری گەلێکە کە بۆ مافەکانی خۆی لە ئاستێکی مەزنی خۆئامادەکردن و بەرخۆداندایە. هەروەها پێناچێت ئەو خواستەی تورکیا کە دەیەوێت  بەهۆی ئەو دەم چەورکردنانەوە ئێراق و هێزە کوردیەکانی هەرێم بخاتە بەرامبەری شەڕڤانانی کوردەوە بەراوردە و سەرکەوتوبێت. ئەوەی لەسەر کوردەکان پێویستە تێبگەن تورکیا لەم پڕۆژەیەیدا، دواگورزی خۆی لە بەڕێوەبەرانی دەستڕۆیشتوی هەرێمی کوردستان دەدات. ڕێڕەوەکانی ڕێگەکە لێدانە لە دەروازە ئابوریەکان و دادگاکانی ناوبژیوانی فەرەنسا و دادگای فیدراڵی ئێراقیش نیشانەی هەم لێدان لە زیادەڕەویەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمە، هەم لێدانە لە سەرەڕۆییەکانی تورکیا لە ناوخاکی هەرێم ـ ئێراقدا. بۆیە گرنگە کوردان لە باشوری کوردستان، بۆئەوەی بتوانن لە بەرامبەر هێرشی داگیرکاری تورک و زیادەڕەوی نەکردن لەبەرامبەر دەوڵەتی ئێراق و نەهێشتنی دەستدرێژی ئێراق بۆسەر مافە دەستوری و حقوقیەکانی کورد بە ئاستی دەستورێکی فیدراڵی دیموکراتیک بگەن، کە مافە حقوقی و مەدەنی و یاسایی و نەتەوەیی و ڕەگەزی و ژینگەیی و دیموکراسیەکانی کوردانی تێدا بەیان بکەن و بەوە تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتی، مەدەنی و سیاسی بەڕێوەببەن، هەروەها دەستورێک بێت کە ڕێز لە تێکۆشانی نەتەوەیی دیموکراتیکی کوردان وە گشتێتیەکی یەکیەتی نەتەوەیی بەیان بکات و هاوکاری سەرخستنی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و دۆزەکەی بێت لە ناوچەکە و لەگەڵ دەوڵەتەکانی تورکیا، ئێران، ئێراق و سوریا و لەناو سیستەمی نێودەوڵەتی جیهانیشدا. چونکە ئەم ستاتۆیە دەتوانێت ببێتە هێزی چارەسەری زۆر کێشە ئەگەر لە ئاستی دەستوری یاساییدا خۆی بەڕێکخستن بکات.

بەو دەستورە دیموکراتیکە کۆمەڵایەتیە دەتوانێت ڕێگری لە هێرشی لایەن و ڕەوتەکانی ناو دەسەڵاتی ئێراقیش بکات. ئەگەر دەستور و یاسات نەبێت، بەچی بەرەنگارئ هێرشەکان دەبیتەوە. ئەگەر جوانتر پێشکەش نەکەیت، چۆن لە جوان دەبەیتەوە. بۆیە لەناو نەرێنی، ناکۆکی و پێکدادانەکاندا، دەتوانین بە دەستورێکئ دیموکراتیک لە ئاستی مافە حقوقیەکانی نەتەوەیەکدا بەسەرکەوتن بگەین. بێگومان کاتێک حیزبەکانی هەرێمی کوردستان باسی مەترسی دەکەن بۆسەر هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی مەترسیەکی لەو شێوەیە هەیە. بەڵام بە جوانی دەستنیشانکردنی مەترسیەکە دەبێتە هۆکاری ڕاگرتنی مەترسیەکە. بە ساختە دەستنیشانکردن و مەترسی سەر حیزبەکان و چون یەککردنی بە مەترسی سەر گەل و کۆمەڵگە دەستنیشانکردنێکی مەترسیدارە و لە ڕاستیدا ڕێگری لەو مەترسییانە بە دیموکراتیزەکردنی کایەکانی سیاسەت و ژیان دەبێت. بە ملدان بە خواستی کۆمەڵگە و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و تاکی ئازاد دەبێت.

لەدەرەوەی دەستنیشانکردنێکی ڕاستی مەترسیەکان لافاوەکە زۆر دەبات. ئەو ترسەی دەسەڵاتداران و چونیەککردنی لەگەڵ کۆمەڵگە سەرەڕای ئەوەی درۆیەکی شاخدارە. بەڵام ڕوداوێکی حەتمی و حەقیقیشە کە وەرچەرخانەکانی ناوچە بۆ شۆڕشێکی زهنی لە باشوری کوردستان و دامەزراندنی  کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و لانی کەم بۆ ئاواکردنی دۆخێکی کۆمەڵایەتی دیموکراتیک هەنگا هەڵدێنێت. بۆیە وەرچەرخانەکان دەبێت بە ئاراستەی شەڕەکانی سەرکەوتنی تێکۆشانی دیموکراتیک بێت و کۆمەڵگە بەخۆیدا بێتەوە و سنورێک بۆ فاشیزمی داگیرکەر، کۆنەپەرستی بنەماڵەیی و دەسەڵاتی ملهوڕ دابنێت.  بۆیە وەرچەرخانەکانی ئەم ناوچەیە پێویستە بە ئاراستەی دیموکراتیزەبوون، سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و شکاندنی سیستەمی داگیرکاری نکوڵیکەری قڕکەردا بگوزەرێت.

گەلی کورد ئەرک و بەرپرسیارەتیەکی مێژوویی لەسەرشانە کە دەبێت، گەلی باشوریش بەهوشیاریەوە، لەو ئەرک و بەرپرسیارەتیە تێبگات و چەمکە گرنگەکەی بەدەستەوە بگرێت. ئیتر پێویست نیە ئەوەندە خۆی بداتە دەست پڕوپاگەندە و ڕاگەیاندنی ساختە و دوکانە جۆراوجۆرەکانی بازرگانی سیاسی و خەتی سیاسی کۆمەڵایەتی ڕێکخستنی خۆی ڕوونکاتەوە و لە ڕێگەی ئاغا و کوێخاکانە نەسیاسەتی پێ بکرێت، نە سیاسەتی لەسەر بکرێت. بەڵکو ببێتە هێزی خۆبەڕێوەبەری چارەسەری پرسەکانی، چ لە ئاستی تاکەکەس، یان کۆمەڵایەتی یان نەتەوەیی و مرۆیی بێت. بەوە تاک و کۆمەڵگەیەکی ئازاد دروست دەبێت کە نەک پێکەوەژیان بەڵکو ژینگەیەک بۆ هەموان دەبێت.

هـ.ح

Comments are closed.