ژنان: بە خوێندنەوەی پەرتووک دەتوانین مافەکانی خۆمان بەدەست بهێنین

سلێمانی

ژنانی شاری سلێمانی، پێیان وایە بە خوێندنەوەی پەرتووک دەتوانن مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، هەروەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: ئەگەر ژنێک هۆشیار و ڕۆشنبیر بێت ئەوا کۆمەڵگەیەک هۆشیار ڕۆشنبیر دەبێت.

لە شاری سلێمانی ژنان بە گرنگییەوە باس لە خوێندنەوەی پەرتووک دەکەن، بە هۆکارێکی گرنگی دەزانن بۆ هەوڵدان بۆ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، داوا دەکەن ژنان خوێندنەوەی پەرتووک بکەن بە هۆکاری سەرکەوتن و گەشەکردنیان.

ئەژین لوقمان
ئەژین لوقمان

ئەژین لوقمان، خوێندکاری زانکۆی سلێمانییە، لە بارەی گرنگی خوێندنەوەی پەرتووک لە لایەن ژنانەوە بە وتەیەکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دەستی بە قسەکردن کرد کە وتی” ئەگەر ژنان هۆشیار و ڕۆشنبیربن ئەوا کۆمەڵگەیەک هۆشیار ڕۆشنبیر دەبێت”، داواکارم لە سەرجەم ژنانی کۆمەڵگەکەم، کە گرنگی بە خوێندنەوەی پەرتووک بدەن، لەبەر ئەوەی هەر ژنێکی خوێنەر بەهێزترە بۆ ئەوەی بتوانێت داکۆکی بکات لە مافەکانی خۆی و بەڕێوەبردن و پەروەردەی ژیانی خۆی باشتر بکات.

هەروەها دەڵێت: بێگومان خوێندنەوەی پەرتووک، کاریگەریەکی بەرچاوی دەبێت درووست دەکات، وەک دەزانین ژنان لە سەردەمی ئێستادا ڕۆڵیان هەیە لە سەرجەم دام و دەزگاکاندا لە هەمانکاتیشدا خانمی ماڵەوەن، هەروەها بەتایبەتی ژنێک، کە خانمی ماڵ بێت بێگومان دەبێت ڕۆشنبیربی و هۆشیاری پێویستی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت پەروەردەیەکی باشتر بدات بە منداڵەکانی و بتوانێت نەوەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگە پەروەردە بکات.

سۆنیا ئەحمەد
سۆنیا ئەحمەد

هەر لەسەر گرنگی خوێندنەوە، سۆنیا ئەحمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان باسی لەوە کرد، بە پێی هەڵسەنگاندنەکان لە ئێستادا، بە کاڵاکردنی ژنان ڕووی لە زیاد بوون کردووە، ڕاستە تا ڕادەیەک ژنان هۆشیارن بەڵام شێوەی بەکارهێنانی ژنان و جۆری بەکارهێنانیان وای کردووە ژنان بەرەو دواوە بڕۆن و ئاستی هۆشیاریان بەرەو دواوە بڕوات، لە ئێستادا زۆر بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵاییەکان وای کردووە، ژنان لە خوێندنەوە دوابکەون لە ئاستی خۆ ڕۆشنبیرکردن بەڵام لە کۆی گشتی بوارەکەدا ئێمە دڵخۆشین لەبەر ئەوەی ئێستا ئەگەر ئێمەی ژن هۆشیار نەبین ناتوانین مافەکان و داواکانی خۆمان بەدەستبێنین.

هەر سەبارەت بە شێوازەکانی خۆ ڕۆشنبیرکردن و هۆشیار بوون لەلایەن ژنانەوە ئەو چالاکونە جەختی لەوە کردووە، هەمیشە گرنگی بەوە دراوە، کە ژنانی باشووری کوردستان، خۆیان ڕۆشنبیر بکەن ئەویش لە ڕێگەی خول و ۆرکشۆپی تایبەت بە ژنان بۆ  هۆشیاری و گەشەکردنی زیاتری ژنان، هەروەها لە ڕێگەی هەولەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان و بواری کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوامە، ئەمەش وادەکات ئاستی ڕۆشنبیری ژنان زیاد بکات.

سۆنیا ئەحمەد باس لەوەش دەکات، پێویستە ژنان بتوانن لە ڕێگەی ئەدەب و خوێندنەوەی پەرتووکەوە، گرنگی زیاتر بە ئاستی خۆ ڕۆشنبیر کردن و هۆشیاری زیاتر  بدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر بوونی هۆشیاری ژنان و گرنگیدانی ژنان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانی خۆیان.

لە کۆتایی وتەکانیدا، سۆنا ئەحمەد، پەیامێک ئاڕاستەی ژنان دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە هەمیشە جەخت لە داوا ڕەواکانی خۆیان بکەنەوە و نەبنە کۆیلەی ئەو سیستەمە حکومڕانیە سەرمایەدارییەی، کە بە ناوی جۆراوجۆرەوە دەسەڵاتیان گەشتۆتە شوێنێک، کە داوای جۆرەها پەیوەندی ترەوە وایکردووە، کە ژنان ببنە قوربانی، داوا دەکەم ژنان بیرکەنەوە و خۆیان دوورخەنەوە لەوەی خۆیان بە کاڵا نەکەن و نەبنە کۆیلەی دەسەڵات و سیستەمی حکومڕانی سەرمایەداری.

لە بنەڕەتدا خوێندنەوەی پەرتووک بە یەکێک لە هۆکارەکانی گەشەکردن و فراوانبوونی بیرکردنەوەی مرۆڤ دادەنرێت، بە تایبەتی بۆ ژنان گرنگیەکی زۆری هەیە تاکو لە ڕێیەوە ژنان بتوانن هۆشیار ببنەوە، و داوای مافەکانی خۆیان بکەن.

 ش. ئـ

Comments are closed.