مامۆستایانی ئاینی: دەبێت حكومەت بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورك ڕابگرێت

پێنجوێن

مامۆستایانی ئاینی نیگەرانن لە بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر ناوچە كوێستانیی و دارستانە سروشتییەكان و دەڵێن” پێویستە حكومەتی هەرێم ئەو وڵاتانە ئاگاداربكاتەوە و داگیركارییەكانیان كۆتایی پێبهێنرێت، كە بەهۆیەوە بە هەزاران دۆنم زەوی و دارستان سووتاون، گوندەكانیشی بەرەو چۆڵبوون بردووە.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان درێژەی هەیە و بە هۆی بۆردوومانەکانەوە زیان بەر ژینگەی گەشتووە، بەپێی ئامارێکی “ڕێكخراوی ملەكەوە” تەنها لە ساڵی ڕابردوودا لە سنووری پێنجوێن بە هۆی بۆردوومان و ئاگرەوە زیاتر لە ٥٨ هەزار دۆنم دارستان سووتاوە.

مامۆستایانی ئاینی پێنجوێن نیگەرانن لە داگیركاریی و بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر دارستانە سروشتی و ناوچە كوێستانییەكانی سنوورەكەیان لەو چوارچێوەیەشدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

فازیل عەلی
فازیل عەلی

لەو باریەوە فازیل عەلی، مامۆستای ئاینی وتی: دەوڵەتی تورک بۆردوومانی ناوچە شاخاوییەکانی سنوورەکەمان دەکات، بەهۆیەوە زۆرجار خەڵكی مەدەنی شەهید دەبن، جێگەی داخیشە گەلی كورد بەردەوام لە لایەن وڵاتە داگیركەرەكانەوە دەچەوسێندرێتەوە.

وتیشی: بەو وڵاتە داگیركارانە دەڵێین، لێمان مەدەن مەمان چەوسێننەوە، بەهۆی ئەو بۆردوومانەوە وڵاتەكەمان دەسوتێنرێت و ژینگەمان وێران دەبێت دێهاتەكانیشمان چۆڵدەكرێن، پێویستە حكومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو وڵاتانە بكاتەوە ئەو بۆردوومانانە ڕابگرێت، ئەوەتا لە هەموو لایەكەوە پەلامارمان دەدەن.

لای خۆشیەوە، غەریب پێنجوێنی، مامۆستایی ئاینی دیکە وتی: ژینگە وەك دایك وایە، ئێمە لە بەرهەمی ئەم خاكە دەخۆین، پێویستە هەموومان وەك چاومان ژینگەی ناوچەكەمان بپارێزین، جێگەی داخیشە لەلایەن هەندێك كەسەوە زۆر بێ‌ ڕەحمانە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، تێكی دەدەن لە بری ئەوەی چاكی بكەن.

غەریب پێنجوێنی
غەریب پێنجوێنی

غەریب پێنجوێنی وتیشی: بە هۆی بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورك و ئەو ئاگرانەشی لە سنوورەكانەوە دەكرێتەوە، كە دەستی دەرەكی تێدایە، دارستانەكانمان دەسوتێنرێت، ئەمە كارەساتێكی مەترسیدارە لەسەر ژینگە و دارستانەكانمان، ئەگەر خەمی ژینگە نەبێتە خەمی هەمووان، ژینگە لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە.

ئەو مامۆستا ئاینیە باسی لەوەشكرد، کە دەوڵەتی تورک بۆردوومان دەکات ئاگری گەورەی لێدەكەوێتەوە، بە جارێك ئەو ناوچەیە وێراندەكات، بە هۆیەوە دارستانێكی زۆری سوتاندووە، بەشێك لەو دارانەی زۆرجار دەسوتێت تەمەنی نزیكەی ٣٠٠ ساڵ دەبێت، ئەمە جگە لەوەی هەزران داری دیكە بەهۆی ئەو بۆردوومانەوە دەسوتێت و بە هیچ شتێك قەرەبوو ناكرێتەوە، ساڵەهای ساڵی دەوێت تا سەوزبێتەوە.

ب. جـ

Comments are closed.