بەرزبوونەوەى ئاوی بەنداوی دەربەندیخان سەدان دۆنم زەوی گەنمی ژێرئاو خستووە

هەڵەبجە

ئەمساڵ بەهۆی زۆری ڕێژەی بارانبارین ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەشێوەی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمساڵیش ئاوی بەنداوەكە بەجۆرێك بەرزبووەتەوە و ناوچەیەکی فراوانى لە دەشتى شارەزوور داپۆشییەوە کە سەدان دۆنم زەوی کە جووتیاران چاندوویانە بە گەنم ئاو دایپۆشیووە، ئەوەش زیانی زۆری لە جووتیاران داوە و ئەوانیش داوا لە حکومەت دەکەن قەرەبوویان بکاتەوە.

بەنداوی دەربەندیخان یەكێكە لە دووەم گەورەترین بەنداوەکانی هەرێمی كوردستان کە توانای گلدانەوەی سێ‌ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە ئێستاشدا كەمتر لە مەترێكی ماوە بۆ ئەوەی ئاوی بەنداوەكە پڕبێت و سەر ڕێژ بكات، بەو هۆیەوە سەدان دۆنم زەوی کە ئەمساڵ جووتیاران چاندوویانە ژێر ئاو کەوتووە و زیانی زۆری مادییان بەرکەوتووە.

محەمەد عەلی
محەمەد عەلی

محەمەد عەلی هاوڵاتییەكی گوندی كشەدەرییە لە سنووری شارۆچكەی خورماڵ بۆ ڕۆژنیوز وتی: بەنداوی دەربەندیخان زیانی زۆری لە گوندەكەمانداوە، لە دروستبوونیەوە تا ئەمڕۆ هەر زیان بووە بۆ جوتیاران، تائێستا ٩٢ گوندی چۆڵ كردووە  کە دەكاتە دوو شارەدێ.

محەمەد كە پیشە و كاری جوتیارییە لەگوندەكەیدا وتیشی: نزیكەی ٣٠ تۆن بنەتۆی گەنمی چێنراوی ئەمساڵ تەنها لە گوندەكەی ئێمە بووە بە ژێری ئاوی بەنداوەكەوە كە دەكاتە ٧٠٠ دۆنم زەوی، بەجۆرێك جوتیار هەبوو بە تەنها مەزەندەی ٢٠٠ تۆن گەنمی هەمووی بووە بەژێر ئاوەوە و فەوتاوە.

حسێن حاجی تەلیعە جوتیارێكی دیكەیە لە سنووری شارەدێی سیروانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە ساڵی ٢٠١٩وە جارێكی دیكە بەم جۆرە ئێستا ئاوی بەنداوەكە زیادی كردوە و هات، ئەمساڵیش بە شێوەیەكی بەرچاو گەنم و زەوی جوتیاران جارێكی دیكە بووە بە ژێر ئاوەوە تا ئاوی بەنداوی دەربەندیخان سەر ڕێژ دەبێت، لێرەوە بەردەوام زەوی و گەنمی جوتیاران داگیردەكات.

حسێن حاجی تەلیعە
حسێن حاجی تەلیعە

وتیشی: زیانەكەی هێندە زۆرە مەزەندە ناكرێت، هەرچەندە جوتیاران خۆشیان ئاگادارن، ئەو زەوییانەی دەیكەن بەگەنم ئاوی بەنداوەكە دەیگرێت و دایدەپۆشێت، هەر ساڵێك باران زۆر ببارێت بەمجۆرەی ئێستا زیانی زۆر دەدات، لەساڵی كەمبارانی بەمجۆرەی ئێستا زیان نادات.

هاوکات جوتیاران داوا لە هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێم دەکەن کە قەرەبووی زیانەکانیان بۆ بکاتەوە، ئەگەرچی بارانبارین و زیادبوونى ئاوی بەنداوەکە لە دەسەڵاتى حکومەتدا نییە، بەڵام زیانەکە تەنیا بە جووتیاران نەکەوتووە، بەڵکو بە سامانی گشتیی حکومەتیش کەوتووە، بۆیە داوا لە هەردوو حکومەت دەکەن قەرەبووی ئەو زیانانەیان بۆ بکرێتەوە.

پەیامنێری ڕۆژنیوز بۆ وەرگرتنى بۆچوونی لایەنى پەیوەندیدار، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە، بۆ وەرگرتنی داتاو زانیاری لەسەر زیانی ئاوی بەنداوەكە لە بەروبوومی جوتیاران، بەڵام بەڕێوەبەری كشتوكاڵ ئامادە نەبوو قسە لەسەر بابەتەكە بكات.

هـ.ح

Comments are closed.