قەڵادزێ
هاوڵاتییانی شارۆچکەی قەڵادزێ لە ٥٠ـەمین ساڵیادی شارۆچکەکەیاندا ڕەخنەیان لە حکومەت هەیە و دەڵێن: لە پای ئەو هەموو قوربانی و شەهیدە تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە دەبێت دەسەڵات واز لە پارە و بەرژەوەندیی خۆیان بهێنن خزمەتی گەلەکەیان بکەن، هەروەها بەرەیەکی نەتەوەیی پێکبهێنن و یەکگرتووبن بەرامبەر دوژمنەکانمان.
وێڕای بۆردوومانی شارۆچکەی قەڵادزێ لە ئیدارەی ڕاپەڕین و دەیان کارەسات و نەهامەتیی دیکە، بەڵام هاوڵاتییانی شارۆچکەکە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاریی و خزمەت نەکردنەوە دەناڵێنن، هەروەها لە ئێستاشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە بەردەوام بۆردوومانی سنوورەکە دەکات.
کەسوکاری قوربانییانی بۆردوومانەکەی شارۆچکەی قەڵادزێ ڕەخنەیان لە حکومەتی هەرێم هەیە، لە پای خزمەتنەکردنی شارەکە و بێ هەڵوێستی لە بەرامبەر ئەو هێرشە داگیرکارییانەی دەکرێتە سەر شارۆچکەکە، لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
حەسەن عەلی، سەبارەت بە کەمتەرخەمی حکومەت بەرامبەر بە قەڵادزێ وتی: ئەوان چیان بۆ قەڵادزێ کردووە، بەنداوی دەڵگە، پردی خاس بۆ ئاسۆس، بەنداوی بەلکی، ڕێگای کێلێ و ڕێگاکانی ناو شار هەموو بە قسە لە بەرنامەی حکومەتدایە.
ئەو هاوڵاتییە وتیشی: ئەمەی لە ئێستادا هەیە دڵسۆزییە بۆ قەڵادزێ و بۆ کورد؟ من هیچ ئەمە بە دڵسۆزی نازانم پێویستە ئەوان دڵسۆزبن بۆ خاک، ئاو و گەل، بەڵام لە بەرژەوەندی وڵاتانی دیکەدا کار دەکەن، پێویستە ئەوان واز لە پارە و بەرژەوەندی خۆیان بێنن و ئێمە نەفرۆشن، یەکگرتووبن، یەکگرتوویی سەرکەوتنە، وادەکەن برا لە یەکتر جیا ببێتەوە و لەتمان دەکەن ئاگامان لەوە نامێنێت یەکگرتووبین بەرامبەر دوژمنەکەمان.
هەروەها حسێن عەلی، یەکێکی ترە لە کەسوکاری قوربانییان و سەبارەت بە هەمان بابەت وتی: ئەوەی لە “٧٤” کرا دەمانوت حکومەتی بەعسە و دوژمنمانە، بەڵام ئێستا چی؟ حکومەتی هەرێم بەڵێنی قەرەبووکردنەوەیان پێداین لە دوای ڕاگواستن، بەڵام ئەویشیان نەکرد، ئيستاش دەمانەوێت شارەکەمان بۆ ئاوەدان بکەنەوە، بەڵام لە ڕاستییدا حکومەت نییە و کۆمەڵێک جەردەن و هیچ کەس ئاگای لە خزمەتکردنی گەل نەماوە.
بەکر هۆمەر، کە یەکێکیترە لە کەسوکاری شەهیدان وتی: ئێمە خاوەنی چەندین شەهید و ڕاپەڕینین، بەڵام لە پای ئەو هەموو قوربانییە هیچمان بۆ نەکراوە، لە چاو هەموو لە سێدارەدان وێرانکاری و ڕووخاندنی شاردا هیچ خزمەتێک بە قەڵادزێ نەکراوە، چەندین پرۆژە بە تەواو نەکراوی هێڵدراونەتەوە و گەنجەکانمان هەموو لەبەر بێکاریی وڵاتییان بەجێهێشت.
داواشیکرد، خزمەتی گەل بکرێت، من وەک خۆم ٣٣ ساڵە هاوار دەکەم حسابی جاشێکیان بۆ نەکردووم، بەڵام هیوادارم زوڵم لە گەلەکەی خۆیان نەکەن و خزمەتی بکەن، گەل نەچەوسێننەوە و بە خۆیاندا بچنەوە و بەرەیەکی نەتەوەی پێکبهێنن و یەکگرتووبن.
ب. جـ
Comments are closed.