ناوەندی هەواڵەکان
قائیمقامییەتی سلێمانی بڵاوى کردەوە، ڕێکارەکان بۆ ڕێگریی کردن لە ڕووداوی نەخوازراو توندتر دەکەینەوە و ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتایی هات، کە دیاریی کرابوو بۆ دووکاندارەکان بۆ ئەوەی لە شەواندا کاڵاوشمەکەکانیان ببەنە ژورەوە و بە پەردە ڕووپۆشی نەکەن.
بابان محەمەد، نوێنەری بەرگری شارستانی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، “بەپێی ئەو خشتەیەی، کە لەلایەن لیژنەی سەلامەتی باڵەخانەکانەوە دانرابوو بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتییەکانی کارەبا، کامێرای چاودێری، لایەنی ئەمنی و مەرجەکانی بەرگری شارستانی لە دووکان و بازاڕەکاندا، بە خۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆری دووکاندارەکان پابەندبوون و چارەسەری کەموکورتییەکانیان کردووە”.
وتیشی: لە قۆناغێکی دیکەی کارکردنی لیژنەکەدا، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی سەرجەم دووکاندار و بازاڕەکان بوو، کە پێویستە لە شەواندا کاڵاوشمەکەکانیان ببەنە ژورەوە و دەڕابەی دوکانەکانیان دابخەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت مەترسی ڕوودانی شۆرتی کارەبا و ئاگرکەوتنەوە ڕووداوی نەخوازراو کەمبکرێتەوە.
ئاماژەی بە وەشکرد، جارێکی دیکە بەشێک لە خاوەن شوێن و دووکاندارەکانی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە ئەمرۆ دوا وادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییە و لە فهرمانی قائیمقامی سلێمانی له سبەینێوە ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە سەرپێچی دەکەن، بۆ ئهو مهبهستهش لیژنه هاوبهشهكان و پۆلیسی ڕێكاری و هێزه ئهمنییهكانی ڕاسپاردووه بڕیارهكه جێبهجێ بكهن.
ئەوەشی خستەڕوو، جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانەی بەرگری شارستانی، لەپێناوی بەرژەوەندی دووکاندار و کاسبکاراندایە، کە ئامانجی سەرەکی کاری لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییە، هەر بۆیە بەدڵنیاییەوە لە کاتی پابەندنەبوندا سەرپێچیکاران ڕووبەڕوی یاسا دەکرێنەوە، هیوادارن سەرجەم شوێنەکان پابەندبن.
ش. ئـ
Comments are closed.