خۆبەڕێوەبەریی ٥٠ ئەندامی خێزانەکانی داعشی ڕادەستی تاجیکستان کرد

ناوەندی هەواڵەکان

خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ٥٠ کەسی ئەندامی خێزانەکانی داعشیان ڕادەستی کۆماری تاجیکستان کردەوە، کە بە ڕەگەز تاجیکین.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی کۆماری تاجیکستان بە سەرۆکایەتی باڵیۆزی تاجیستان لە کوەیت زوبەیدوڵا زابیدۆڤ، سەردانی فەرمانگەکەیان کردووە لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان.

هاوسەرۆکی فەرمانگەکە فەنەر کێت و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی خالید ئیبراهیم و نوێنەری یەپەژە لانە حسێن، پێشوازییان لە شاندەکە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر زۆر پرسی گرنگ قسەیان کرد و جەختیان لە گرنگی ئاشتیی و سەقامگیریی سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردەوە، هەروەها لەسەر پرسی ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەتەکانی داعش قسەیان کرد.

زوبەیدوڵا سوپاسی خەڵکی ناوچەکە و هێزەکانی پاراستن و خۆبەڕیوەبەریی کرد لە تێکشکاندنی گرووپە چەتەکانی داعش و هیوای سەقامگیریی تەواوەتی خواست بۆ هەرێمەکە.

هەروەها سوپاسی تایبەتی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی کرد لە پای ڕەنج و بەرپرسیاتێتییان بۆ گەڕاندنەوەی ژن و منداڵ و خێزانەکانی داعش بۆ تاجیکستان.

لە کۆتاییشدا بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی ڕادەستکردنەوە لە نێوان هەردوولا، ١٧ ژن و ٣٣ منداڵی ئەندامی خێزانەکانی گرووپە چەتەکانی داعش کە بە ڕەگەز تاجیکین، ڕادەستی شاندی تاجیکستان کرایەوە.

ب.گ

Comments are closed.