ساڵیادی بۆردوومانكردن هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا

هەڵەبجە

ساڵیادی بۆردوومانکردنی هەڵەبجە بە دانانی تاجەگوڵینە بەرزڕاگیرا، هاوکات داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەكان کرا، یەك وتاری سیاسیی هاوبەشیان هەبێت بۆ پرسە نەتەوەییەكان، ناكۆكییە سیاسییەكان بەلاوە بنێن، چونكە لە ئەمڕۆدا كوردستان بە بارودۆخێكی زۆر هەستیار و مەترسیدار تێپەڕ دەبێت.

ئەمڕۆ، لە شاری هەڵەبجە، بە ئامدەبوونی کەسوکاری شەهیدان و هاوڵاتییان بە دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا، یادی ٥٠ ساڵەی بۆردوومانی سنوورەکە کرایەوە.

كامەرانی مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: بە درێژای مێژووی ڕژێمە یەك لە دوایەكەكانی عێراق، تاوان لەسەر تاوان دەرهەق بە شارەكە كراوە، وەرزی بەهارەی شارەكە لەكاتی گەشتوگوزاردا بەردەوام پڕبووە لە قوربانیدان، ٥٠ ساڵ پێش ئێستاش تاوانی بۆردوومانكردن جارێكی دیكە بەرامبەر بە شارەكە كراوە، تەنها بە تاوانی كوردبوون و بەرخۆدان.

كامەران مستەفا وتیشی: خەڵكی شارەكە هەمیشە دژ بە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق وەستاوەتەوە بۆیە هەمیشە قوربانیداوە، ئەمڕۆش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی تەواوی هەڵەبجە و كوردستان ئەو یادەمان بەرز ڕاگرتووە، وەك هەمیشەش پەیامی كەسوكاری شەهیدان بۆ تەواوی حیزبە سیاسییەكان، یەك وتاری و یەكدەستەییە نەمانی ناتەبایی و یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكانە.

لە درێژەی قسەكانیشییدا باسی لەوەشكرد، بە ناوی كەسوكاری شەهیدانەوە ڕووی دەممان لە دەسەڵاتدارانی كوردستان و  لایەنە سیاسییەکان دەكەین، خەڵكی كوردستان قوربانییداوە، داوای یەكڕیزیی و یەکدەستییان لێدەكەین، کۆتایی بە ناتەبایی بهێنن لەم دۆخە هەستیارەی ئەمڕۆی كوردستاندا.

لە ساڵی ١٩٧٤، ڕژێمی بەعس هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بۆردوومانی سنووری هەڵەبجەی کرد، بە هۆیەوە ٥٣ هاوڵاتی مەدەنیی شەهید و زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانێکی زۆریش بەر بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کەوت.

ب. جـ

Comments are closed.