قایمقامی چەمچەماڵ: لە هێرشەکەی کۆرمۆردا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە

ناوەندی هەواڵەکان

سەبارەت بە هێرشەکانی ئێوارەی ئەمڕۆی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕەمەک ڕەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاشکرای کرد، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

ڕەمەک ڕەمەزان قایمقامی شارۆچکەی چەمچەماڵ، لەبارەی هێرشەکانی ئێوارەی ئەمڕۆی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە شارەدێی قادرکەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا.

لە سەرەتای کۆنگرەکەدا وتی: لە هێرشەکانی ئێوارەی ئەمڕۆی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، کە تەواوی قوربانییەکان لە کۆمپانیای پترۆئۆیڵ کاریان کردووە، خۆشبەختانە بریندارەکان برینیان سوکە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە هێرشەکان لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی کوژران و بریندار بوونی ئەو ژمارە قوربانییە، تەواوی قوربانییەکان کارمەندی کارامە و پسپۆڕی کۆپانیای ناوبراو بوونە.

سەبارەت بە درووست بوونی کێشەی کارەبا بە هۆی هێرشەکەی ئێوارەی ئەمڕۆوە وتی، هەر وەک لە ڕاگەیەنراوی هاوبەشی وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکاندا باسکرا، بە هۆی هێرشەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ بڕی ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەمی کردووە، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا هەوڵی چارەسەر کردنی بدرێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا قایمقامی چەمچەماڵ وتی: داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین پارێزگاری لە ئاسمانی وڵات بکات تا چیتر کارەساتی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، ئومێدەوارین لایەنە سیاسییەکانی باشوور یەکگرتووبن بۆ ڕێگریکردن لەم ڕووداوانە.

ب.گ

Comments are closed.