پلانێکی پەدەکە لەبارەى دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ئاشکرا کرا

 وسام زەهرونی

لە ئێستادا پلانێک لەلایەن پەدەکەوە ئامادە دەکرێت بە مەبەستى دواخستنی هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم و داوای هاوکاری کردن لە هێزەکانی دەوڵەتی تورک تا بێنە ناو خاکى هەرێم و عێراق، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم هاوکاربووە له پرسی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک، تا زیاتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە.

لە ئێستادا پلانێک لەلایەن پەدەکەوە ئامادە دەکرێت بە مەبەستى دواخستنی هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم و داوای هاوکاریکردن لە هێزەکانی دەوڵەتی تورک تا بێنە ناو خاکى هەرێم و عێراق.

ئەو پلانەی پەدەکە برتییە لە، ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردن و بایکۆتکردنی و هەوڵدان بۆ دواخستنی بە هەموو ڕێگەیەک چ ناوخۆیی یان دەرەکی بێت، لە کاتێکدا پێداگریی هەموو هێزە سیاسییە کوردییەکان هەیە بەتایبەتی یەنەکە، کە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

لەوبارەوە عەلى نیعمە ئەندامى لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان، عەلی نیعمە لە لێدوانێکیدا بۆ  رۆژ نیوز وتى، حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم هاوکاربووە له پرسی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک، تا زیاتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە، چونکە بەرژەوەندییەکانی خۆی لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ئاسایش و سەروەری خاکەکەی بنیات ناوە و بەم هۆیەشەوە مەترسی ئەوە هەیە جارێکی دیکە هەرێم داوای هاوکاری نوێ بکات لە دەوڵەتی تورک.

وتیشى، دەسەڵاتدارانی هەرێم تووشی کێشەی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری ناوخۆیی بوونەتەوە، هەر بۆیەش ئامادەن هەر کارێک بکەن لەپێناو نەهێشتنی فشارەکان لەسەر خۆیان و هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، لەبەرئەمە ​​دەبێت بە ووریایی و وردییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسییەی هاتنە ناوەوەی هێزەکانی دەوڵەتی تورک بکرێت.

جەختیش دەکاتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق دەسەڵاتى خۆی بەسەر تەواوی ناوچە سنوورییەکاندا بسەپێنێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر هاتنە ناوەوەیەکى زیاتری سوپاى دەوڵەتی تورک بکات بۆ ناو خاکی عێراق بە هەر بیانووێک بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بەغدا دۆسییەی سنووری و داکۆکیکردن لە سەروەری عێراق و ئاسایشی وڵاتەکە بخاتە دەستی هێزە فیدراڵییەکان، نەک ئەم  دۆسییەیە بۆ موزایەدەی سیاسی بخاتە ژێر دەستى حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم.

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، ڕۆژی ١٨ـی ئادار، پەدەکە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، هەروەها هەڕەشەی وازهێنانی لە پرۆسەی سیاسی عێراق کرد ئەگەر هاوپەیمانی “ئیدارەی دەوڵەت” پابەند نەبێت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان.

ڕۆژی ٢١ـی شووبات، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد، کە تیایدا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی کورسیى کۆتاکانی لە پەرلەمان دەرکرد.

ڕ.ش

Comments are closed.