یەنەکە: هیچ کۆبوونەوەیەک بۆ دواخستنى هەڵبژاردنی هەرێم ناکەین

ناوەندی هەواڵەکان

ئەندامێکی سەرکردایەتى یەنەکە و بەرپرسی مەڵبەندی ئەو حزبە لە سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەى بە تەواویی ئامادەیە بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان و دەشڵێت: بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین، کە تێیدا باسی دواخستنى هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت.

ئەمڕۆ زیاد جەبار ئەندامی سەرکردایەتى یەنەکە لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا دواین هەڵوێستی حزبەکەى لەسەر پرسی هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم ئاشکرا کرد.

زیاد جەبار ڕاگەیاند: یەکێتى چەندین جار ئەمەى دووپات کردووەتەوە، کە پابەندە بەو وادەیەى، کە لەلایەن کۆمسیۆن و سەرۆکایەتى هەرێمەوە دانراوە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، لەدوا کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى دیسان یەکێتى دوپاتی کردەوە، کە خۆی ئامادە کردووە بۆ هەڵبژاردن.

وتیشی: ئەوەى، کە هەڵبژاردن چی لێدێت ئەوە شتێکی ترە، بەڵام یەکێتی بە ڕوونی ئەوەى وتووە، کە ئامادەین لە کاتى خۆی بۆ هەڵبژاردن و پابەندین بەو کاتەى بۆی دیاری کراوە.

سەبارەت بە ئەگەری دواخستنى هەڵبژاردن زیاد جەبار ئاماژەى بەوەش کرد، لایەنێکی سیاسی نایەوێت هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ئایا چۆن سەرۆکایەتى هەرێم و کۆمسیۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمە دەکەن ئەوە خۆیان دەیزانن.

لەبارەى کۆبوونەوەی سەرۆکایەتى هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ دواخستنى هەڵبژاردن، ئەندامەکەى سەرکردایەتى یەنەکە جەختیکردەوە، نە داوای کۆبوونەوە لە یەکێتی کراوە و نە بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکیش دەکات بۆ دواخستنى هەڵبژاردن.

سەبارەت بە پۆستى پارێزگاری کەرکووک و سازشکردنى لەبەرامبەر دواخستنى هەڵبژاردن، زیاد جەبار ڕەتیکردەوە، هیچ گفتوگۆیەک لەسەر ئەو پرسە کرابێت و وتى: یەکێتی بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر پۆستى پارێزگاری کەرکووک ناکات، یەکێتى ڕۆڵی کاریگەری خۆی هەیە لە کەرکووک، خەڵکی شارەکەش بۆیە دەنگیان داوە بە یەکێتى، چونکە یەکێتى سازشی لەسەر کەرکووک نەکردووە.

هـ.ح

Comments are closed.