عەلی کەریمی: ئەو شەڕەی پارتى بۆ دواخستنى هەڵبژاردن دەیکات ماڵوێرانکەر دەبێت-بەشی دووەم

سلێمانی

عەلی کەریمی سیاسەتمەداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەکاتی قەیرانەکاندا لە هەرێمی کوردستان پارتی هەمیشە قەیرانێکی ترى درووست کردووە، دەشڵێت: ئەم شەڕەی ئێستاش پارتى بۆ دواخستنى هەڵبژاردن بەدەستییەوەیەتى مەترسییەکى گەورە ماڵوێرانکەر دەبێت بۆ کورد، بۆیە دەبێت پێشی پێبگرین.

لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز عەلی کەریمی سیاسەتمەداری کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئاماژە بەو هاوکاریی و یارمەتییانەی پەدەکە دەکات کە بۆ تورکیا پێشکەشی دەکات و پێیوایە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کورد.

ڕۆژنیوز: ئێستا پەدەکە و تورکیا بەیەکەوە پیلانێک جێبەجێ دەکەن و نەخۆشەى داگیرکاری و شەڕی دژی گەریلا بەیەکەوە دەکێشن، ئەمە مەترسییەکى گەورە نییە لەسەر هەرێم و کورد بە گشتیى؟

عەلی کەریمی: من وەک فاکتێک ئەمە دەڵێم، لە هیچ شوێنێکی دونیا داگیرکەر ئەگەر یارمەتى ناوخۆیی نەبێت، ناتوانێت بگات بە ئامانجی خۆی، تورکیا هەرچەندە بە مەغۆلبوونى خۆی بنازێت، بە هۆلاکۆی خۆی بنازێت، تۆپ و تەیارەى هەبێت، ئەگەر کورد لەناوخۆیدا یارمەتى نەدات ئەو هیچی پێناکرێت، هەر بێتە ژوورەوە کوردستانی لێدەبێتە دۆزەخ، ئەگەر کوردانى باشوور وەک کوردانى باکووری کوردستان تورکیا قبوڵ نەکەن، ئەگەر ئەو شەڕەی کوردی باکوور و گەریلا لەگەڵ تورکیای دەکەن، کوردانى باشووریش لەگەڵی بکەن، تورکیا ناتوانێت یەک مەتر بێتە پێشەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى بەشێکی کورد کە ماڵی بارزانین کە بەشێکی هەرێمی پێیە، هەرچی تورکیا بیەوێت بۆی دەکات، پێشی دەکەوێت، کێوماڵی بۆ دەکات، جاسووسی بۆ دەکات، ئەمە ڕاستییەکە هەموو دەوڵەتان دەیزانن، ئەوەى لە باشووری کوردستان ڕوو دەدات، کوردە بەسەر کوردی دێنێت، ئەگەر ئەوان یارمەتى داگیرکەر نەبن، ئەوا تورکیا ناتوانێت بێتە ژوورەوە، ئەو هەموو سەربازگەى دەوڵەتى تورک لە سنووری شیلادزێ و مەتینا و بادینان دایناون، چۆن دانراون ئەگەر هاوکاری نەکرابێت؟، بۆچی ناتوانێت لێرە دایبنێت، چونکە پارتى هاوکاری ئەردۆغان و یەکێکە لە بازووە سەرەکییەکانى تورکیا،واتە لە باری ئابووری و سەربازی بارزانى هاوکار و هاودەست و هاوسەنگەری تورکیا نەبێت هیچیان بۆ ناکرێت.

ڕۆژنیوز: لەم ڕۆژانە سیناریۆیەکی پارتى ئاشکرا بوو کە ئامانجی ئەوەیە هەڵبژاردن دوابخرێت شەڕێک لەگەڵ گەریلا هەڵگیرسێنێت و ئەوە بکاتە بیانوو، پێتوانییە پارتى بۆ ئەو ئامانجەى بیەوێت ئاژاوەیەک لەهەرێمەکە درووست بکات؟

عەلی کەریمی: ئێستا لایەکی بەهێزی دەسەڵاتی هەرێم کە یەکێتییە دەڵێت هەڵببژاردن دەکەم و لایەکیش کە پارتییە دەڵێت نایکەم، چونکە پارتی دەزانێت کە هەڵبژاردن بکرێت ئەو دەنگانە ناهێنێت و ئیتر کورسییەکانى کۆتایی نییە، ئەو ١١ کورسییەى کۆتا دایمە لە گیرفانى دابوو، پێش ئەوەى یارییەکە دەست پێ بکات، ئەمە تاکەى قبوڵ بکرێت، من دەستخۆشی لەوانە دەکەم کە ئەمەیان قبوڵ نەکرد، ئێمە دەمێک ساڵ بوو لەسەر ئەوە دەماننووسی و قسەمان دەکرد، ئەوانە هەر کادیری پارتین و بەکرێگیراوی ماڵی بارزانین، لە بنەڕەتدا نوێنەری نەتەوەکانى خۆیان ئەو کورسیانەیان بۆ دانراون، بەڵام کەسانێک بەناوی ئەوانەوە بوونە بەکرێگیراوی ماڵی بارزانی، بۆیە لە قەیرانێکی لەو جۆرەدا پارتى ئەزموونى هەیە و هەمیشە قەیرانى درووست کردووە، هیچ شتێک لە هەڵگیرسانى شەڕ بۆ پارتى ئاسانتر نییە، وەک ساڵی ١٩٩٣ کە کردی، ئەم شەڕەی پارتى بەدەستییەوەیەتى مەترسییەکى گەورە دەبێت بۆ کورد، ماڵوێرانى بۆ ئەم میللەتە دەهێنێت، بۆیە دەبێت پێشی پێبگرین.

ڕۆژنیوز: ئەو ناوچانەى کە دەوڵەتى تورک داگیری کردوون، ئەو ناوچانەن لەژێر کۆنترۆڵی پارتین، ئەمە پێتوانییە یەکەم شت بۆ خۆی مەترسییە ئینجا بۆ کورد؟

عەلی کەریمی: جا کێشەکە لێرەدایە پارتى وەک من و تۆ بیر ناکاتەوە، پارتى نیشتیمانی نییە تا بیر لەوە بکاتەوە، هێزێک بیر لەوە دەکاتەوە کە نیشتیمانى بێت، ئێ پارتى کوێی نیشتیمانییە، نەک هەر ئەوەش، بەڵکو پارتى ئەوەى پێخۆشە، بە ئاواتى ئەوەن کە والییەکی تورکیا بن، جا تۆ لەگەڵ ئەمە چی دەکەی؟، بنەماڵەى بارزانى نە کوردپەروەرن نە نیشتیمان پەروەرن.

ئەی چارەسەر چییە و چۆن پارتى ڕابگیرێت؟

عەلی کەریمی: بەڕاستى دەبێت فشاریان لەسەر درووست بکەین، دەسەڵاتیان کەم بکەینەوە، بەداخەوە ئەو هێزەى کە دەسەڵاتی سلێمانی بەدەستە زۆر سازشی کردووە بۆ بنەماڵەى بارزانی،ئەو ئۆپۆزسیۆنەى کە لەم ناوچەیە درووست بوو ئەویش سازشی بۆ پارتى کرد و خەڵکی سارد کردەوە لەوەى کە شەڕی ئەو بنەماڵەیەمان پێناکرێت، دەکرا لە ساڵی ١٩٩١ وە ئەو هەموو سازەشەیان بۆ نەکرێت.

ڕۆژنیوز: ئێمە دەبینین لە هەندێ ئاستی ئابووری و کۆتاکان و هەڵبژاردن پارتى ڕاگیراوە، بەڵام لە پرسی هاوکاریکردنى تورکیا ڕانەگیراوە بۆ ئەمە چی بکرێت؟

عەلی کەریمی: ئەوە ڕاستە خەڵکی زۆر پێشوازی لەو هەنگاوانە کرد بۆ ڕاگرتنى پارتى جگە لە کۆیلەکان، هەرچەندە هێشتا ئەوانەش یەکلایی نەبوونەتەوە، بەڵام ئەمانە هەنگاوی باشن، لەوەش باشتر ئەوەیە لایەنەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان یەکبگرن بەرەو بەگژداچوونەوەى ئەو سیاسەتە نانیشتیمانیانەى بارزانى کار بکەن، چونکە ئەوانە دوژمنی کوردن، دەبێت بەردەوام قسەمان هەبێت و ماندوو نەبین، دەبێت هاوکاری براکانمان لە باکووری کوردستان بکەین، چونکە ئەوان لە پاشەڕۆژدا دەتوانن هاوکاری گەورەى کورد بکەن لە باشوور و لە داگیرکەران ڕزگارمان بکەن.

ڕۆژنیوز: پەیامت بۆ گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکانى دەرەوەى پەدەکە چییە چی بکرێت بۆ ڕاگرتنى پارتى و دەوڵەتى تورک لە هێرشە داگیرکارییەکان؟

عەلی کەریمی: بەڕاستى ئێستا ڕۆژی ئەوەیە من و تۆیەکان هەموومان وەخۆ کەوین و بجوڵێیین، دەبێت لە فکری ئەم نیشتیمانەدا بین کە چیتر قابیلی قبوڵ نییە، ئەوان کوردستانیان فرۆشتووە، دەبێت دیالۆگ و قسە لەگەڵ لایەنەکانی تر بکەین کە بنەماڵەى بارزانى شێرپەنجەی ناو کوردن، ڕاگرتنى تورکیا زۆر ئاسانە، ئەگەر هاوکاری ناوخۆیی نەبێت، ئەگەر ملیشیاکانى عێراقیش بزانن ئێمە لەناوخۆماندا ڕووبەڕووی تورکیا وەستاوین و تەوژمێکمان هەیە بۆ ڕاگرتنى دوژمنى کورد، ئەوانیش دێنە سەر خەت و هەڵوێستیان دەبێت، دەبێت لە دەرەوە لۆبی وەکار بخەین، ئێمە کە دەچینە هەر وڵاتێک پێمان دەڵێن کاکە خۆتان یارمەتى تورکیا دەکەن و ڕێگەیان پێدەدەن، ئیتر ئەوکاتە من و تۆ چۆن وەڵامیان بدەینەوە.

ڕۆژنیوز: دوا پرسیار لەسەر حزبەکانى ڕۆژهەڵات کە ئیستا لە کەمپەکاندا نەماون ڕۆڵیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە و بۆ بێدەنگن؟

عەلی کەریمی: ئەم حزبانەى ڕۆژهەڵاتیش وایان لێهاتووە ٤٠ ساڵە دانیشتوون هیچ ناکەن، لە بێکاریدا بۆخۆیان ئینشیقاق دەکەن، من هیچ هیوایەکم پێیان نەماوە، پێویستە لێگەڕێن ئەو نەوە تازەیەی شۆڕشی ژینا و نیکا و شاکەرمی کاری خۆیان بکەن، ئەوان دەتوانن ئاڵوگۆڕێک لە ئێران دروست بکەن، ئێمە چیمان دەوێت؟ ئێمە ئاڵوگۆڕ و ڕیفۆرم و نەمانی ئاخووندەکانمان دەوێت، دەی ئەوە بە حزبەکانى ڕۆژهەڵات ناکرێت، ئەوانە لە ساڵی ١٩٧٩ وە خەریکن ئەگەر پێیان بکرایە دەیانکرد، ئەوانە ئەوەندە پیر بوون تاقەتى ئەوەیان نەماوە، نەک هەر ستراتیژیان نییە کە بڕوا پێهێنەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت، بەڵکو هەر لەسەر قەوانە کۆنەکە دەڕۆن.

هـ.ح

Comments are closed.