سلێمانی
ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەرتووکەوە، سێیەمین کەرنەڤاڵی پەرتووک، بە ناونیشانی “پەرتووکێک بهێنە و پەرتووکێک ببە”، پیرۆز کرا و تێیدا دوو هەزار سەرچاوەی جیاواز نمایش کران و لەلایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کرا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ناوەندی کەلتووری سەرای شاری سلێمانی، سێیەمین کەرنەڤاڵی پەرتووک لە ژێر ناونیشانی “پەرتووکێک بهێنە و پەرتووکێک ببە”، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە خوێنەران و ڕۆشنبیرانی شارەکە بەڕێوەچوو.
ڕێکەوت ئیسماعیل، یەکێک لە ڕێکخەرانی کەرنەڤاڵەکە، بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە ساڵانە لە مانگی چواردا، هاوکات لە یادی ڕۆژی جیهانیی پەرتووکدا ئەم یادە بەرز ڕادەگرین لە کەرنەڤاڵێکی لەم شێوەیەدا، بە سوود وەرگرتن لەو پەرتووکانەی خوێنەران پێشکەشی ئێمەی دەکەن و ئێـمەش دەیبەخشینە خوێنەران.
وتیشی: بۆ ئەمساڵ نزیکەی دوو هەزار پەرتووکمان هێناوە و خوێنەرانیش دەتوانن بە بەخشینی پەرتووکێک ببنە خاوەنی پەرتووکێکی نوێ و سوودی لێوەربگرن.
هەروەها ڕێکەوت ئیسماعیل، لەبارەی ئامانجی ئەنجامدانی ئەم کەرنەڤاڵەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجمان لەم جۆرە چالاکییانە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی و بە کەلتوورکردنی خوێندنەوەی پەرتووکە، هەروەها هەوڵیشمانداوە ناونیشانی پەرتووکەکان هەمەجۆربن، وەک پەرتووکی مێژوویی و فەلسەفیی و ئەدەبیی و سیاسیی و جوگرافیی، پەرتووکی منداڵانیشمان خستووەتەڕوو بۆ تەواوی خوێنەران بێ بەرامبەر.
ب.گ
Comments are closed.