لە مەڕاسیمێکدا خەڵاتی زێڕین بەخشرایە هونەرمەندی کۆچکردوو شوکر خەیات

گەرمیان

لە شارۆچکەی کەلار لە مەڕاسیمێکدا خەڵاتی زێڕین بەخشرایە هونەرمەندی ڕەوانشاد شوکر خەیات، بۆ ڕێزلێنان لەو خزمەتەی بە هونەری کوردیی و مەقاماتی گەرمیانی کردووە و تێیدا باس لەوە کرا، شوکر خەیات لە ڕێگەی هونەرەوە زمان و کەلتووری کوردیی پاراستووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی هونەر لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و خانەوادەی هونەرمەندی کۆچکردوو شوکر خەیات، مەڕاسیمێک ڕێکخرا، بۆ بەخشینی خەڵاتی زێڕین بەو هونەرمەندە لەپای ئەو خزمەتەی بە هونەری کوردیی و مەقاماتی گەرمیانی کردووە.

سەلام عەلی سەرپەرشتیاری مەڕاسیمەکە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمڕۆ ئەم مەڕاسیمەمان ڕێکخست و مەدالیای زێڕینمان بە هونەرمەندی کۆچکردوو شوکر خەیات بەخشی، بەو مەبەستەی خزمەتی ئەم کەڵە هونەرمەندە لە بواری هونەردا نیشان بدەین و بەرز بینرخێنین بۆ گەلەکەمان، چونکە شوکر خەیات یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە زمان و کەلتووری گەلی کوردی پاراستووە و بە زیندوویی ڕایگرتووە، سەرەڕای ئەو هەموو جینۆسایدەی بەسەرماندا هاتووە.

وتیشی: مام شوکر سەرمەشقی مەقاماتی کوردیی و عێراقییە، مامۆستا شوکر خەیات بە ڕیتمێکی نوێ هاتە ناو مەقاماتی گەرمیانەوە لە دوای مامۆستا عەلی مەردان و خوداداد عەلی، بۆیە  خزمەتێکی گەورەی بە مەقاماتی گەرمیان و هونەری کوردیی بەگشتی کردووە.

پاشان هونەرمەند حەمەڕەئوف کەرکووکیی، لەبارەی ڕۆڵ و هونەری شوکر خەیاتەوە بە ڕۆژنیوزی وت: دەنگی شوکر خەیات دەنگێکی زوڵاڵ و گەورە بوو، بایەخی زۆری بە مەقامەکانی مامۆستا عەلی مەردان داوە، جگە لەوەی مەقامی یار غەزالی سەید عەلی کوردستانی وتووەتەوە کە هیچ کەسێكیتر نەیتوانیوە بیڵێتەوە، چونکە زۆر قورس بووە، هەروەها مامۆستا زۆر گرنگی بە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان دەدا و لەوەدا زۆر سەرکەوتوو بوو.

ب.گ

Comments are closed.