١٩٩ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕفێندراوە و ڕێگە بە بینینی نادرێت

ناوەندى هەواڵەکان

ئەمڕۆ ١٩٩ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسى (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە ڕفێنراوە و دوای ئەو هەموو ماوەیە هێشتا ئاسایشی پەدەکە ڕێگە بە تیمی پارێزەرەکانى نادات لە زیندان چاویان پێ بکەوێت، لەکاتێکدا دەرکەوتووە ئێستا ئەو لە زیندانى ئاسایشى دهۆکە.

١٩٩ڕۆژ پێش ئێستا سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لەلایەن ئاسایشى پەدەکەوە لە سنووری فیشخابوورەوە بەبێ هیچ بیانوویەکی یاسایی و بەبێ بڕیاری دادگا ڕفێندرا، لەکاتێکدا ئەو بە مۆڵەت و ڕێگەپێدانى بەرپرسانى لایەنى پەیوەندیدار لە سنووری فیشخابور بۆ پرسەى باوکی سەردانى ڕۆژئاوای کوردستانی کردبوو.

سبەینێ دەبێتە ٢٠٠ ڕۆژ کە سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندراوە و بەم نزیکانە دەرکەوت کە ئەو لە زیندانى ئاسایشی شاری دهۆکە، بەڵام هەموو ڕێگرییەک دەکرێت بۆ سەردان و بینینی.

دوای نزیکەى ١٥ جار سەردانى تیمی پارێزەرانى بۆ زیندان و فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاشکراکردنى چارەنووسی سلێمان ئەحمەد وبینینی لە زیندان، ئاسایشى پەدەکە بەبێ هیچ بیانوویەکى یاسایی ڕێگە بە بینینی نادات.

لە نوێترین هەوڵیشدا هەفتەى ڕابردوو تیمی پارێزەرانى سلێمان ئەحمەد لەسەر بەڵێن و داواکاری دەستەى مافی مرۆڤ سەردانى زیندانى ئاسایشى دهۆکی کرد، بەڵام بەرپرسانى ئاسایش قسەى دەستەى مافی مرۆڤیان شکاند و ڕێگەیان بە تیمی پارێزەران نەدا وەکالەتى بۆ بکرێتەوە و سەردانى سلێمان بکەن.

دوای ئەو هەنگاوە جارێکی دیکەى دەستەى مافی مرۆڤ دڵنیایی دایە تیمی پارێزەرانى سلێمان ئەحمەد کە ڕێگە پێدانیان بۆ وەردەگرێت تا وەکالەت بۆ پارێزەرەکەی بکرێتەوە و لە زیندان بیبینن، بەڵام هێشتا ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەبووە و ڕێگە بە تیمی پارێزەران نادرێت سلێمان ببینن.

 ماوەى زیاتر لە شەش مانگە هێزە ئەمنییەکانى پەدەکە سلێمان ئەحمەدیان بەبێ هیچ تاوانێک ڕفاندووە، نە ڕێگە بە بینینی دەدەن، نە ڕێگە دەدەن وەکالەتى بۆ بکرێتەوە، نە دادگاییشی دەکەن لەسەر ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى کراون، لەناوخۆ و دەرەوەش ڕێکخراوەکانى بواری ئازادیی رۆژنامەگەریی و مافی مرۆڤ ئیدانەى ڕفاندنى سلێمان ئەحمەدیان کردوە و داوایان لە دەسەڵاتدارانى هەرێم کردوە ئازادیی بکەن یان مافە یاساییەکانى پێبدرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانى پەدەکە ڕەتیدەکەنەوە.

سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، لە ١ـی تشرینی یەکەمى ساڵى ڕابردووە، بۆ سەردانی خێزانەکەی و بەشداریکردن لە پرسەی باوکی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ڕفێندراوە.

هـ.ح

Comments are closed.