دەم پارتی: گەل ڕێگە بە قەیوم و هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرۆکایەتیی نادەن

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند، دەسەڵات ساڵانێکە هەوڵی ڕەشکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دەدات، بەڵام گەل ڕێگە بە قەیوم و داخستنی پارتەکە نادات و وتی: “ئێمە لە هەموو جێگەیەک پارادایمی ئازادیخوازیی ژن کە بەڕێز ئۆجالان ئەندازیارێتی، دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە”.

ئەمڕۆ هاوسەرۆکانی ژنی، شارەوانییەکانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و هێڵی تێکۆشانی سیاسیی داژاتوو، لە ناوەندی گشتیی پارتەکە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند، دەسەڵات ساڵانێکە هەوڵی ڕەشکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی دەدات، بەڵام ژنان لەم هەڵبژاردنەدا وەڵامی گونجاویان دایەوە، سیستەمی هاوسەرۆکایەتییان سەرخست و سیاسەتی ساختەکاری و نادادیی و قەیوم مایەپووچ بوو.

خالیدە جەختی کردەوە، دەسەڵات ئەم سەرکەوتنەی پێ هەرس نەکرا، ئۆپەراسیۆنی دژی ژنان زیادکردووە، کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان و دەربازبوونی تاوانباران لە سزا تەشەنەی کردووە و وتی: “دەم پارتی، پارتی ژنان و گەنجان و کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارانە، ئەوانەی بە هەڕەشەی داخستنی پارت و دانانی قەیوم، شارەوانییەکانمان دەکەنە ئامانج، پێویستە باش بزانن ژن و گەلان ڕێگە بەم کارە نادەن”.

خالیدە تیشکی خستە سەر ئەشکەنجەدانی ئەو زیندانییانەی دژی گۆشەگیری ئیمراڵی مانیان لە خواردن گرتووە و وتی: “دیسانەوە هۆشداری دەدەینە وەزارەتی داد، دەڵێین: هەڵوێست دژی گۆشەگیری تاوان نییە، بەڵکو درێژەدان بە سیستەمی گۆشەگیری تاوانە، پێویستە سزای سەر زیندانییان کۆتایی بێت”.

خالیدە تورکئۆغلو تیشکی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر چاپەمەنی ئازاد و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانانی کورد و وتی: “هێرشی سەر خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد بە توندی شەرمەزار دەکەین”.

خالیدە جەختی کردەوە، پێویستە ژنان دژی سیاسەتی گۆشەگیری و شەڕ تێبکۆشن وتی: “پێویستە پارادایمی بەڕێز ئۆجالان لە هەموو جێگەیەک بڵاو بکرێتەوە و پیادە بکرێت، ئەم تێکۆشانە، تێکۆشانی نان و ئازادیی و یەکسانیی و ژیانی شکۆدارە، تێکۆشانی دادپەروەرییە، هەروەها ڕایگەیاند گۆشەگیری بناغەی هەموو قەیرانەکانی وڵاتە، پێداگری لەسەر گۆشەگیری و توندوتیژیی، واتای تەشەنەکردنی هەژاری و برسێتییە.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، هێڵی تێکۆشانی ژنان، هێڵی سێیەمە دژی سیاسەتی حیساب بۆ نەکردن و جیاکاریی پیاوسالاریی، واتای بونیادنانی ژیانێکە دوور لە توندوتیژیی و ڕەنجخۆریی.

ب.گ

Comments are closed.