لە بەغدا زیاتر لە ٥٠٠ تۆمەتبار دەستگیر كران

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە هەڵمەتێكی چەند ڕۆژەی هێزە ئەمنییەكانی بەغدا لە گەڕەكی بەتاویندا، توانراوە ٥١١ تۆمەتبار دەستگیر بكرێت، كە ٩٥ كەسیان هاوڵاتییانی بیانین.

عەبدول ئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە بارەی ئەنجامدانی هەڵمەتێكی چەند ڕۆژەی هێزە ئەمنییەكانی بەغدا بە مەبەستى دەستگیركردنی چەند تۆمەتبار و داواكراوێك، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

عەبدول ئەمیر شەمەری ڕایگەیاند، لە كۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە هەڵمەتێكیان لە گەڕەكی بەتاوینی بەغدا دەستپێکردووە، بە مەبەستی دەستگیركردنی تۆمەتباران و ئەوانەی بەكاربەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەرن و لەو چوارچێوەشدا توانراوە ٥١١ كەس بەتۆمەتی جۆراو جۆر دەستگیر بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ٨٠ كەس لەوانەی دەستگیركراون پێشێلكاری یاساییان ئەنجامداووە و ٨٨ تۆمەتباریشیان عێراقین و ٩٥ كەسی دیكەیان هاوڵاتیانی بیانین، هەروەها، دەست بەسەر سێ چەكدا گیراوە و شەش بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەریش دەستگیركراون.

گەڕەكی بەتاوین یەكێكە لە گەڕەكە گەورە و دیارەكانی بەغدا و هەر لە مێژەوە وەك ناوچەیەكى بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر و خۆ حەشاردانی تۆمەتباران ناسراوە، وا بڕیارە ئەم ئۆپەراسیۆنەی هێزەكانی عێراق لە گەڕەكی بەتاوین لە چەند ڕۆژی داهاتووش بەردەوام بێت.

هـ.ئ

Comments are closed.