قاسم ئەعرەجى: نیوەى دانیشتوانى کامپی هۆل عێراقین

ناوەندی هەواڵەکان

 ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق ئاشکرای دەکات، لە ئێستادا ژمارەى دانیشتوانى کەمپى هۆل لە باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بۆ ٤٣ هەزار کەس کەمی کردوە، لەو ژمارەیەش نیوەیان عێراقین.

قاسم ئەعرەجى ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس نووسینێکی سەبارەت بە کامپی هۆل بڵاوکردوەتەوە.

لە نووسینەکەیدا قاسم ئەعرەجی ئاماژەى بەوە کردوە، ژن و منداڵى چەکدارانى داعش کە خەڵکى ٦٠ وڵاتى جیهانن لە کەمپى هۆلن و دواى هەوڵە بەردەوامەکانى عێراق، ٢٤ وڵاتى دیکەش دەستیانکردووە بە وەرگرتنەوەى هاوڵاتییەکانیان.

ئەعرەجی ڕوونیکردوەتەوە، بەمدواییانە ڕووسیا ٣٢ منداڵى وەرگرتووەتەوە کە ١٢ کچ و ٢٠ کوڕى تەمەن پێنج بۆ١٧ ساڵ بوون.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بەمدوواییانە،  ٦٠ خێزانى سووری دواى وەرگرتنى بەڵێنى عەشایەرى گەڕێندراونەتەوە ناوچەکانى خۆیان لە پارێزگای دێرەزوور.

ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق ئاشکرای کردوە،  ژمارەى نیشتەجێکراوانى کەمپى هۆل بۆ کەمتر لە ٤٣ هەزار کەس کەمیکردوە و نیوەشیان عێراقین.

کەمپى هۆل دەکەوێتە باشوورى پارێزگاى حەسەکە لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى سووریا، ئەگەرچی مێژووی ئەو کامپە کۆنترە و بەردەوام ئاوارەى تێدا بووە، بەڵام بە دیاریکراوە لەساڵى ٢٠١٤ وە کاتێک چەتەکانى داعش ڕوویان لە سوریا و عێراق کرد، خێزانەکانى چەتەکانى داعش لەو کامپەدا کۆکرانەوە، کە لەچەندین نەتەوەى جیاوازی تێدایە.

بە درێژایی ئەو ١٠ ساڵە دەوڵەتى داگیرکەری تورک هەوڵی زۆریدا و هێرشی زۆریکردە سەر کامپەکە بەمەبەستى ئازادکردنى خێزانەکانى چەتەکانى داعش بۆ ئەوەى ئەو ڕێکخراوە زیندوو بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا بەردەوام شکستى هێناوە.

هـ.ح

Comments are closed.