هۆكاری‌ نەناردنی‌ مووچەی‌ ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرا كرا

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ عێراق ڕایگەیاند، هۆكاری‌ نەناردنی‌ مووچەی‌ مانگی‌ نیسانی فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەلایەن بەغداوە حكومەتی هەرێمە، چونكە هەرێم هەموو داواكارییەكانی بەغداى جێبەجێ نەكردووە.

یوسف كیلابی‌
یوسف كیلابی‌

یوسف كیلابی‌، ئەندامی لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ عێراق لە بارەی هۆكاری‌ نەناردنی‌ مووچەی‌ مانگی‌ نیسانی فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەلایەن بەغداوە بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

یوسف كیلابی‌ ڕایگەیاندووە، كێشەی پارە لە بەغدا نییە، بەڵكو حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو داواكارییەكانی جێبەجێ نەكردووە، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی تائێستا بەغدا مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە نەکات.

لەبارەی تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە وتی، هەر سێ بانكی فیدراڵی ڕافیدەین، ڕەشید و تی بی ئای ئامادەن لە ماوەی مانگێكدا هەژماری بانكی بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بكەنەوە.

دەشڵێت: بەكردنەوەی هەژمار لەو بانكە فیدراڵییانە لە سوودی مووچەخۆرانی هەرێمە، چونكە دەتوانن هاوشێوەی هاوتاكانیان لە عێراق سوودمەندبن لە وەرگرتنی قەرز و پێشینە، هەروەها بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی لەو سێ بانكە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، پێویست ناكات بانكەكان لق لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە ٢١ـی ئەم مانگەوە، وەزارەتی‌ دارایی‌ عێراق، دەستی كرد بە دابەشكردنی‌ مووچەی‌ مانگی‌ نیسان و وەزارەتی دارایی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیش تا ئێستا مووچەی مانگی نیسانی دابەشنەكردووە، جگە لەوەی چارەنووسى مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێم بە نادیارى ماوەتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.