بەهای دۆلار بەردەوامە لە دابەزین بەرامبەر دیناری عێراقیی

ناوەندی هەواڵەکان

بەهای دۆلاری ئەمریکیی بەرامبەر بە دیناری عێراقیی بەردەوامە لە دابەزین و لە ئێستادا بەهای ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٤هەزار و ٨٧٥ دینارە، لە کاتێکدا بەیانى ئەمڕۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٤٥ هەزار و ٨٠٠ دینار بوو.

لە پاش سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، کە لە شەوی ١٥ـی ئەم مانگە بە یاوەری شاندێكی باڵا لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە واشنتۆن كۆبووەوە، بەهای دۆلاری ئەمریکی وردە وردە ڕووی لە دابەزین کرد بەرامبەر دیناری عێراقیی.

لە ئێستادا بەهای ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٤هەزار و ٨٧٥ دینارە، ئەوەش لە کاتێکدایە، بەیانى ئەمڕۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک بەرامبەر ١٤٥ هەزار و ٨٠٠ دینار مامەڵەى پێوە کرا.

جێگەی ئاماژەیە، لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن سوودان و بایدن باسیان لە هەوڵەكانی عێراق كرد، بۆ چاكسازیی لە كەرتی دارایی و بانكییدا، كە یارمەتیدەرن بۆ بەستنەوەی عێراق بە ئابووریی نێودەوڵەتی و زیاد كردنی بازرگانیی، هاوكات پاراستنی گەلی عێراق لە كاریگەرییە زیانبەخشەكانی گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە، چونكە زۆرینەی كارەكانی دارایی بازرگانیی ئێستا لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنییەوە ئەنجام دەدرێت، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی و ڕێوشوێنەكان بۆ باشتركردنی وەبەرهێنان لە عێراق و بۆ ڕاكێشانی سەرمایەی بیانی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابووریی عێراق كردەوە.

ئەمەش وایکرد، کە تا ئاستێک متمانە بگەڕێتەوە بۆ بازاڕ و دۆخی ناجێگیری بەهای دیناری عێراقیی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکیی بەرەو سەقامگیریی بڕوات و بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز ببێتەوە.

ب.گ

Comments are closed.