لە ڕووسیا هێرشی سەر چاپەمەنی ئازاد شەرمەزار کرا

ناوەندی هەواڵەکان

چالاکوانان و وڵاتپارێزان لە ڕووسیا و دەوڵەتانی پێشووی ناو یەکێتی سۆڤییەت، لە ڕاگەیاندراوێکدا هەڵکوتانە سەر کەناڵەکانی “ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر”ـیان شەرمەزار کرد، ڕایانگەیاند، ئەو هێرشە و سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق ڕێکەوت نییە.

نوێنەرانی ڕێکخراوە کوردییەکان لە ڕووسیا و دەوڵەتانی یەکێتی سۆڤییەت، لە مۆسکۆیی پایتەختی ڕوسیا کۆبوونەوە و بە بەیاننامەیەک هێرشەکانی سەر چاپەمەنی ئازادییان شەرمەزارکرد.

ڕەفیق کامل هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی مۆسکۆ و ڤیان تەرا قادر بەرپرسی ڕێکخستنی ژنانی کورد لە مۆسکۆ، لەسەر ناوى ڕێکخراوەکان بەیاننامەکەیان خوێندەوە.

لە بەیاننامەکەدا باس لە هێرشەکانی سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر کرا و ئاماژەیان بەوەکرد، هاوکاتبوونی ئەم هێرشانە و سەردانیکردنی ئەردۆغان بۆ عێراق شتیکی ڕێکەوت نییە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەوڵەتانی ئەوروپا کە خۆیان وەک پارێزەری دیموکراسیی پیشان دەدەن، سیاسەتی دوو ڕووی بەڕێوەدەبەن و هاوکاری دەوڵەتی تورکی فاشیست دەکەن.

لە درێژەی بەیاننامەکەشدا ڕایانگەیاند، تێکۆشانەکانی گەلی کورد تا دێت بەهێزتر دەبێت، ئەمەش هێزە تاریک پەرستەکان دەترسێنێت، بۆیە هێرشەکانیان زیاترکردووە.

لە کۆتاییشدا بانگەوازییان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، دەستبەرداری سیاسەتی چەپەڵی دووڕوویی ببن و تێکۆشانی مافداری گەلی کورد قبوڵ بکەن.

ب. ق

Comments are closed.