کۆیە… تا گەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان یادی ئەنفال ناکرێتەوە

کۆیە

٣٦ ساڵ بەسەر ئەنفالی هاوڵاتییانی سنووری شارۆچكەی کۆیەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام کەسوکاری ئەنفالکراوان باس لەوە دەکەن، دەسەڵات نە خزمەتی بەوان و نە بە سنورەکەیان کردووە، بۆیە بەشداری یادەکە ناکەن، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دەڵێت: لەگەڵ گەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان مەراسیمێکی شایستە ڕێکدەخرێت.

کەسوکاری ئەنفالکراوانی سنووری شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، نیگەرانن لەوەی دەسەڵات وەک ئەوەی پێویستە خزمەتی نەکردوون و تەنانەت ڕووفاتی ئازیزەکانیشیانی بۆ نەگەڕاندونەتەوە، هەر لەبەر ئەوەیە هاوڵاتییانی سنووری دەشتی کۆیە توڕەن و بایکۆتی مەراسیم و یادەکانی ئەنفالیان کردووە.

هاوکات لای خۆشییەوە تاڤگە حەمەد ساڵح بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە لە ڕێگەی پەیوەندیەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەمساڵ وەك حكومەت هیچ مەراسیمێک بۆ ٣٦ ساڵڕۆژی ئەنفال لە مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوان ئەنجام نادەن.

لەبارەی هۆکاری ئەنجامنەدانی مەراسیمەکە ئاماژەی بەوەکرد، کە دەیانەوێت ڕووفاتی ئەنفالكراوان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەماوە بگەڕێننەوە، كە ناسنامەی بەشێكیان ناسراوەتەوە خەڵكی سنورەكەن و تا گەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان و بەخاکسپاردنیان هیچ مەراسیمێک لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شارەدێى ئاشتی ئەنجام نادەن.

ئەسمەر ئەحمەد
ئەسمەر ئەحمەد

ئەسمەر ئەحمەد ژنێكی بە تەمەنی گوندی كلێسەیە لە سنووری شارەدێی ئاشتی چیرۆكی ئەنفال بۆ ڕۆژنیوز دەگێرێتەوە، هەرچەندە ٣٦ ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر ئەو ڕۆژەدا، من شتێكی ئەوتۆم لەبیر نەماوە، بەڵام كورەكەم تەنها هەفتەیەک بوو هاوسەرگیری كردبوو، ئەنفال كرا، تا ئێستا چاوەرێی گەرانەوەی ئێسک و پروسكەكەیم، بە دڵێكی غەمگینەوە وتی: ئەو ڕۆژە دەزانی چیان لێ كردین، نە منداڵ و نە ماڵمان ما هەموو ڕژێمی بەعس بردی.

ئەو ئێستا بەتەنها لە گوندی كلێسە دەژی وەك خۆی باس دەكات حكومەت ئاگای لە كەسوكاری ئەنفالكراوان نییە.

محەممەد ڕەسوڵ، تاقانەیەكی ئەنفالە و دەڵێت: دەبوایە لەم ڕۆژەدا خزمەت بە كەسوكاری ئەنفالكراوان بكرایە و یادێكی شایستە بكرایەتەوە، بۆ ئەوەی كەس ئەو ڕۆژەی بیر نەچێت، بەڵام ئەوەتا نە یاد دەكرێتەوە نە خزمەت بە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەكرێت.

وتیشی: داواكارین ڕووفاتی ئازیزانمان بۆ بهێنرێتەوە چاویان لە كەسوكاری ئەنفالكراوان بێت.

محەممەد ڕەسوڵ
محەممەد ڕەسوڵ

هاوكات سزای تاوانباران بدرێت، نەک وەك ئێستا خزمەتیان دەكەن و زیاتر ئازاری كەسوكاری ئەنفالكراوان دەدرێت.

محەمەد سابیر، یەكێكی دیکەیە لە كەسوكاری ئەنفالكراوان و بە ڕۆژنیوزی وت: ئەوەی ئەنفال كرا هەموو كەسی مەدەنی و بێ تاوان بوون ژن و منداڵ و كەسانی بە تەمەن بوون، كە هیچ شتێكیان لەسەر نەبوو، حكومەتی بەعس هەمووی پێكەوە گرت و ئەنفالی كردن.

وتیشی: هیچ داواكاریەكانمان لە دەسەڵاتی كوردیی نییە، چونكە هیچ ناكرێت، بۆیە پێویست ناكات داوای هیچیان لێ بكەین، ئەگینا داواكاری كەسوكاری ئەنفالكراوان زۆرە، بەڵام نازانین داوا لە كێ بكەین.

تەنها لە گوندی كلێسەی زیاتر لە ١٠٣ هاوڵاتی ئەنفالكران، لە تەواوی سنووری

محەمەد سابیر
محەمەد سابیر

شارۆچكەی كۆیە لە ئەنفالی چوار، كە پرۆسەكە سێ ڕۆژ زیاتری خایاند، سەروو ٩٠٠ هاوڵاتی ئەنفالكران.

پاش ٣٦ ساڵ لە تاوانەکە و زیاتر لە ٢٠ ساڵی ڕووخانی ڕژێمی بەعس، تا ئێستا ڕووفاتی هیچ ئەنفالکراوێکی سنووری شارۆچکەی کۆیە نەگەڕێندراوەتەوە، هەروەها بەهۆی بێبەڵێنی حکومەتی هەرێم و خزمەتنەکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و  جێبەجێنەكردنی داواکارییەکانیان، كەسوكاری ئەنفالكراوان ئامادەنین بەشداری مەراسیمەکانی یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال بکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.