بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە چاوپێکەوتن لە ڕێبەر ئۆجالان قەدەغە کرا

ناوەندی هەواڵەکان

هاوشێوەی ماوەى ڕابردوو، جارێکی دیکە بە بیانووی “سزای دیسپلین” بۆ ماوەی سێ مانگ دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قەدەغە کرا.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئەکتاش لە زیندانی ئیمرالی، ماوەی ٣٨ مانگە هیچ زانیارییەک لەسەر ژیانیان بڵاو ناکرێتەوە و بۆ ماوەی سێ مانگی دیکەش دیداریان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان لێ قەدەغەکرا.

دادگای تاوانەکانی بورسا وەڵامی داواکاری پارێزەران و بنەماڵەکانی سەبارەت بە چاوپێکەوتن دایەوە، دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاندووە کە لە ٢٨ـی ئاداردا سەرۆکایەتی دەستەی دیسپلین “سزای دیسپلین”ـی بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپاندووە، زانراوە کە بڕیارەکەی ١٢ـی نیسان پەسەند کراوە.

هەروەها پارێزەران ڕایانگەیاندووە، پڕۆسەکە بەبێ ئامادەبوونی ئەوان ئەنجامدراوە و لە ٢٦ـی نیساندا داوایان کردووە بڕیارەکە لەگەڵ دۆسێیە و بەڵگەکاندا بگەیەنرێتە دەستیان، بەڵام داواکارییەکەیان ڕەتکراوەتەوە، هاوکات تانەی پارێزەران دەربارەی بڕیاری “سزای دیسپلین”ـیش ڕەتکرایەوە.

لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢١ـەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر باردوخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نازانرێت

ب. ق

Comments are closed.