خانەوادەکان داواکارییان بۆ دیداری ڕێبەر ئۆجالان پێشکەش کرد

ناوەندی هەواڵەکان

خانەوادەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی، بە مەبەستى ئەنجامدانی دیدار لە ئیمرالی داواکارییان پێشکەشى بەرپرسانی بورسا کرد.

ئەمڕۆ، محەمەد ئۆجالان برای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مەزلۆم دینچی پارێزەری، عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار، پۆڵات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش، بۆ چاوپێکەوتن داواکارییان پێشکەش کرد.

خانەوادەکان لە ڕێگای داواکاریی کۆماری بورسا، داواکارییان پێشکەش کرد تا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمرالى بکەن.

پەیوەندیی ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بە تەواوی پچڕاوە و وەڵامی داواکاریی پارێزەران و خانەوادەکەی بۆ ئەنجامدانی دیدار ڕەتدەکرێتەوە، دوای چەند مانگێک بە پارێزەران دەڵێن سزای دیسپلینی بەسەردا سەپێندراوە.

لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە بە گشتیی سێ مانگ جارێک سزای دیسپلین بەسەر ڕێبەر ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالییدا سەپێندراوە و مافی بینینی خانەوادەکانیان پێ ڕەوا نابینن.

کۆتا جاریش لە ٣ـی ئایار، جارێکی دیکە بۆ ماوەی شەش مانگ بڕیارێکی نوێ بۆ قەدەغەکردنی ئەنجامدانی دیدار دەرکرا، لە پێش ئەوەش لو ٣١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ سزای شەش مانگ قەدەغەی ئەنجامدانی دیدار بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندرا.

لە ماوەی هەشت ساڵی کۆتاییدا، ١٣ جار سزای قەدەگەی ئەنجامدانی دیدار بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە.

ماوەی نزیکەی ٣٨ مانگە گۆشەگیرییەکی توند لە دژی ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت و ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت سەردانی بکەن و دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدەن، کۆتا جار لە ٢٥ـی ئاداری ساڵی ٢٠٢١، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ڕێبەر ئۆجالان و محەمەد ئۆجالانی برایدا ڕێکخرا بەڵام هەر زوو تەلەفۆنەکە داخرایەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی تەندروستییەوە نازاندرێت.

ب. جـ

Comments are closed.