گەنجێکى کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانى ئێرانەوە کوژرا

ناوەندی هەواڵەکان

بە گوێرەی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هێزە چەکدارەکانى ئێران لە نزیک مەریوان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەستڕێژی گولـلەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و بەهۆیەوە گەنجێک گیانی لەدەستداوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوى کردەوە، دوێنێ هێزە چەکدارەکانى ئێران بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەک بە ناوی ئاژوان کیانی خەڵکى گوندی باڵەک لە سنوورى مەریوانى رۆژهەڵاتى کوردستان کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا دەستبەجێ ئەو گەنجە کوردە گیانی لەدەستداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، تەنها لەم مانگەدا لانیکەم ٨ کۆڵبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٠ کەسیش برینداربوو.

هەروەها لەسەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانى ئێران کوژراون و زیاتر لە ٢١٠ کۆڵبەر و کاسبکاریش برینداربوون.

ب. ق

Comments are closed.