پاش ٢٤ ساڵ پوتن سەردانی کۆریای باکوور دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

وا بڕیارە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن سبەینێ ڕۆژی سێشەمە بە سەردانێکی دوو ڕۆژە بگاتە کۆریای باکوور، ئەمەش یەکەم سەردانی پوتنە لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور ڕایگەیاند، پوتن ڕۆژانی سێشەمە و چوارشەمە لەسەر بانگهێشتی کیم جۆنگ ئون سەردانی وڵاتەکەیان دەکات، ڕووسیاش لە ڕاگەیەندراوێکدا سەردانەکەی پوتنی پشتڕاستکردەوە.

چاوەڕوان دەکرێت پوتن لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون کۆببێتەوە و لە وتووێژەکاندا تیشک دەخرێتە سەر فراوانکردنی هاریکارییە سەربازییەکان لە کاتێکدا هاوپەیمانێتییەکەیان قووڵتر دەکاتەوە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەکانیان لەگەڵ واشنتندا.

سەردانەکەی پوتن لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لە زیادبووندان سەبارەت بە ‘ڕێککەوتنی چەک’ کە تیایدا کۆریا تەقەمەنی زۆر دەدات بە مۆسکۆ بۆ شەڕ لە دژی ئۆکراین، لە بەرامبەر هاوکاری ئابووریی و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، کە مەترسییەکانی چەکی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی کیم زیاتر دەکات.

هاوکارییە سەربازیی و ئابووریی و هاوکارییەکانی دیکەی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە لەو کاتەوەی کیم لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا سەردانی ڕۆژهەڵاتی دووری ڕووسیای کرد و لەگەڵ پوتن کۆبووەوە، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەیان بوو لە پاش ساڵی ٢٠١٩ـەوە، ئەم سەردانەی پوتنیش لە پاش ٢٤ ساڵ دەبێتە یەکەم سەردانی بۆ کۆریای باکوور.

ب.گ

Comments are closed.