عەمار حەکیم: پێویستە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە ڕێککەوتن یەکلابکرێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکی ڕەوتى حیکمە جەختیکردەوە، پێویستە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانى عێراق بە ڕێککەوتن یەکلابکرێتەوە و نەک بە ململانێیەکانى ناوخۆی پەرلەمان.

ئەمڕۆ عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لە وتاری نوێژی قورباندا قسەى لەسەر چەند پرسێکی سیاسی کرد کە یەکێک لەوانە پۆستى سەرۆکی پەرلەمان بوو.

عەمار حەکیم ڕایگەیاند، ئێمە هێشتا داوای هەڵوێستی یەکلاکەرەوە دەکەین سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئاماژەى بەوە کرد، دواکەوتنی یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە خزمەت بە پڕۆسەی دیموکراسی و سەقامگیری سیاسی ناکات.

حەکیم داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانیش کرد، ئەو پۆستە نیشتمانییە بەگوێرەی ڕێککەون و هاوبەشی یەکلابکەنەوە و بەبێ تەگەرەخستنە بەردەمی، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی ململانێ و ناکۆکی لەنێوان ڕۆڵەکانی پێکهاتەکان.

سەرۆکی ڕەوتى حیکمە جەختیشیکردەوە، بەبێ سازشکردن یەکگرتوو نابین، لە ڕابردووشدا لە پڕۆسەی سیاسیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووینەوە، توانیمان ئەو بەربەستانە بە پشتیوانی خوا و تێگەیشتوویی عێراقییەکان تێبپەڕێنین.

هـ.ح

Comments are closed.